ئایندەی رۆژئاڤا

لەلایەن ستاندار Posted on 420 جار بینراوە

ئاراس مەسیفی

ئاماژه‌كانی پشت لێدوانه‌كانی به‌رپرسانی توركیا و ئه‌مریكا ئه‌گه‌ری لێكتێگه‌یشتنێكی زارەکی سه‌باره‌ت به‌ هێرشێكی سنوردار و مه‌رجدار له‌لایه‌ن هیزه‌كانی توركیا بۆ ناو خاكی سوریا‌ له‌ نێوان ئه‌ردۆغان و تره‌مپ به‌هێزتر ده‌كه‌ن. دەربارەی سنور و مه‌رجه‌كانی ئه‌م هێرشە دژبه‌یەكیه‌كی زۆر هه‌یه‌ له‌ نێوان لێدوانه‌كانی تره‌مپ و ئه‌ردۆغان. بەشێکی ‌چاودێران وای بۆ دەچن کە سنوری ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا تەنها لەسەر ناوچەیەکی دیاریکراوی نێوان گرێ سپی و سەرێ کانی بە درێژایی ١٢٠ و قوڵیی ٣٠ کیلۆمەتر کورت دەبێتەوە. بەشێکی تری چاودێران بۆچونیان وایە کە تورکیا دەیەوێت بە درێژایی سنوری خۆی لەگەل سوریا بە قوڵی ٣٠ کیلومەتر پێشڕەوەی بکات، بەو مەرجەی هیچ کارێکی نامرۆڤانە دەرهەق بە کوردەکای نیشتەجێی ئەم شوێنانە نەکات. جگە لەمەش ئەمریکا بەرپرسیاریەتی تەواوی گیراوانی ئەندامانی داعشی لای هێزەکانی سوریای دیموکرات خستۆتە ئەستۆی ئەردۆغان، بەوەی کە نابێت رابکەن و دەربازبن. گومانی تیدا نیە کە سەرکەوتنی ئەم پلانەی ئەردۆغان بە دەرەجە یەک لە مەیدانی جەنگ یەکلایی دەبێتەوە، چونکە هەرچەندە کاردانەوەکان تا دێت لە سەر هەردو ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی ئەمریکا زیاتر و توندتر دەبن، بەڵام تا ئێستا چوارچێوەی نیگەرانیی و ئیدانەی نەرم و توندی زارەکی تێنەپەڕاندوە و نەبونەتە پرۆژە و بڕیاری کرداریی دژی تورکیا.
سەرەرای بونی ئەم هیز و جبەخانە زەبەلاح و زۆرەیان هێزەکانی تورکیا تا ئێستا نەیانتوانیوە هیچ پێشڕەویەکی وا بکن و ئێردۆغانیش کەوتۆتە ژێر فشارێکی زۆری کاردانەوە نێودەوڵەتیەکان. هێرشەکەی تورکیا تا درێژە بکێشێت لە شکست نزیکتر دەبێتەوە. هەرچەندە کات لەبەرژەوەندی هێزەکانی سوریای دیموکراتە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا ئەو هیزانە بە هۆی نابەرامبەرەی هیز و چەک تا کەی دەتوانن لە بەرگریکردندا بەردەوام بن؟
ئەگەر هاتو هێزەکانی تورکیا توانیان پێشڕەوەی بکەن و دوای داگیرکردنی ناوچەی دیاریکراوەی نێوان گرێ سپی و سەرێ کانی، هێرشەکانیان بوەستێنن، ئەگەری ئەوە بەهێز دەکەن کە کاردانەوەکان کەم ببنەوە و دۆخەکە وەکو عەفرین و ئەعزاز ببێتە واقعێکی داسەپێنراوی تر. هێزەکانی سوریای دیموکرات لەم دۆخەد ناچارن لە ژێر فشاری ئەمریکا بەم دۆخە تازەیە رازی ببن، چونکە لە ئێستادا پێویستی زۆریان بە پشتگیری ئەمریکا هەیە.
ئەگەر هاتو ئەردۆغان لە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی تری رۆژئاڤا بەردەوام بو، ئەوا چانسی شکست و تێکشکانی پلانەکەشی زۆرتر دەبێت، لەبەر ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات کارتی زیاتریان دەکەویتە دەست، بەتایبەتی کارتی گیراوەکانی داعش و کۆچی بە کۆمەڵی هاوڵاتیانی کورد بۆ ناوچەکانی تر کە هەردوکیان هێلی سوری ترەمپن بۆ ئەردۆغان. ئەگەر هێزەکانی سوریای دیموکرات بتوانن سەرکەوتوبن لەوەی هەردو کارتەکە بەشێوەیەکی باش بەکاربهێنن، ئەوە هەم رای گشتی نێودەوڵەتی و هەم ترەمب ناچاری هەڵوێست وەرگرتن و هەنگاونانی کرداری دژی ئەردۆغان دەکەن، بە تایبەتی کە ئێستا بەرەی پشتیوانی کورد لە سەر ئاستی بەرزی سیاسی و رای گشتی ئەمریکا لە هەڵکشاندایە و سەرۆکی ئەمریکاش کەوتۆتە ژێر فشارێکی زۆر .
رۆژ نیە ترەمب دوبارەی نەکاتەوە کە لە ئەگەری بەزاندنی ئەو سنورانەی بۆ ئەردۆغانی دیاریکردوە، ئەوا توندرین سزای تورکیا دەدات. ئاسان نیە گرەو لەسەر قسە و بەڵێنەکانی ترەمپ بکرێت، چونکە ئەو هەر رۆژەی قسەیەک دەکات و بەڵێنێک دەدات و کەم جار خاوەن قسە و بەڵێنەکانی خۆی بوە. بەڵام ئەم جارە دۆخەکە تەواو جیاوازە، چونکە بابەتەکە تەنها کورد نیە، بەڵکو بەستراوەتە بە بابەتەکانی ئەمنی قەومی و بەرژەوەندی باڵا و شکۆ و ناو و ناوبانگی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان. بەرەی دژە ترەمپ راستە بابەتی جێهێشتن و پشتکردنە کوردیان کردۆتە بەهانەیەکی گەورە، بەڵام هۆکار و پاڵەنەری تری خۆیان هەیە. هەندێکیان دژی ئەوەن ئەمریکا دەست لەسوریا بەر بدات و مەیدانەکە بۆ روسیا و ئیران و ئەسەد چۆڵ بکات. بەشێکی تریان ترسی زۆریان هەیە کە داعش دوبارە بگەرێتەوە و هێزە ئەسلامیە توندڕەوەکان گەشە بکەنەوە. متمانە و شکۆ و ناو و ناوبانگی ئەمریکاش یەکێکە لە هۆکارەکان. زۆربەی ئەمریکایەکان وای دەبینن کە پشتکردنیان لە هاوپەیمانە کوردەکانیان بەم شێوەیە زیان بە متمانە و شکۆ ی ئەمریکا لە جیهان دەگەیێنێت و دەڵێن لە داهاتودا هاوپەیمانەکانمان چیتر متمانەمان پێناکەن. بێزراویی و ناپەسەندیی ئەردۆغانیش رۆلێ خۆی هەیە. زۆر ئاستەمە ئەم جارە ترەمپ بتوانێ بە تویتێک نەجاتی بێت. چەند ئەندامێکی کاریگەری کۆنگرێسی ئەمریکا لە هەردو پارتی کۆماری و دیموکراتەکان لە ئێستاوە رەشنوسی پرۆژەیەکیان سەبارەت بە سەپاندنی سزا بەسەر تورکیا ئامادە کردوە. میدیا و رای گشتی ئەمریکا چاودێریەکی چڕی پێشهاتەکان دەکەن و چاوەڕێین ئەردۆغان هەڵەیەک بکات. ئەوروپیەکان و ووڵاتە عەرەبیەکانیش زۆر نیگەرانن، بەڵام ئەوان بەبێ ئەمریکا چاوەڕێی هیچی وایان لێناکرێت.
هەمو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئەردۆغان پلانی داگیرکردنی ناوچە سنوریەکانی بە قوڵایی ٣٠ کیلومەتر هەیە کە زۆربەی شارە کوردیە گەورەکان دەگرێتە خۆی. لە پال گۆڕانکاریە مەیدانیەکان، رای گشتی ئەمریکی رۆلی یەکلایکەرەوەی لە ئاڕاستەکردنی روداوەکان هەیە. ئەگەر هاتو هێزەکانی سوریای دیموکرات توانیان خۆیان بۆ ماوەیەکی درێژ رابگرن، تورکیا ناچار دەبێت لەژێر فشاری ئەمریکی و نێودەوڵەتی هێرشەکانی رابگرێت. لە ئەگەری ئەوەی هێزەکانی تورکیا توانیان پێشڕەوەی بکەن، ئەوە لەوانەیە هێزەکانی سوریای دیموکرات هەردو کارتەکانی جێهێشتنی زیندانەکانی داعش و کۆچی بە کۆمەڵی شارە کوردیەکان وکەمینەکان بەکار بهێنن، لەلایەک بۆ پاراستنی هاولاتیانی رۆژئاڤا لە جیهادیی و تاڵانچیەکانی ئەردۆغان، لەلایەکی ترەوە بۆ هاندانی رای گشتی ئەمریکی و نێوەدەوڵەتی لە دژی تورکیا، چونکە رای گشتی ئەمریکی و بەرەی دژە ترەمپ بە تەوسەوە چاوەڕێی شکستهێنانی ئەردۆغانن لە بەجێگەیاندنی ئەو بەڵێنانەی بە ترەمپی داوە. لەو دۆخەدا ئەگەر لەبەردەم هەمو کاردانەوەیەک لە دژی ئەردۆغان و لە بەرژەوەندی رۆژئاڤا کراوەیە، لە وەدەرنانی تورکیا بە زەبری هێز لە سوریا، سەپاندنی گەمارۆ و سزا تا دەگاتە دروست کردنی ناوچەیەکی ئارامی هاوشێوەی هەریمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ بۆ هاوڵاتیان رۆئاڤا. لە ئەگەری تێکشکانی هێلەکانی بەرگری هێزەکانی سوریای دیموکرات و پاشەکشەکردنی خێرایان لە شارەکان هاوشێوەی عەفرین، لەوانەیە بابەتەکە بە ئیدانەکردن و سەرکونەکردی تورکیا کۆتایی پێبێت وهەمو شارە کوردیەکانی سەر سنور بەدەردی عەفرین بچن. ئەگەری رێکەوتنی رۆژئاڤا لەگەڵ روسیا و نزیکبونەوەیان لە ئەسەد لاوازە، چونکە هێزەکانی سوریای دیموکرات تا ماوەیەکی دور پێویستیان بە پشتگیری ئەمریکا هەیە و بەرژەوەندیان لەوەدا نیە، ئەمریکا لە خۆیان بتۆرێنن. ئەمریکاش بەرنامەی نیە لە مەودایەکی کورتدا بە تەواوی لە رۆژئاڤا بکشێتەوە. روداوی لە ناکاوەی وەکو تێوەگلان یان تێوەگلاندنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەورپیەکانی لە شەڕەکە، ئەگەری چاوەڕواننەکراو بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.