رێكه‌وتنی ئه‌مریكی – توركی له‌ نێوان گۆڕانی جیۆپه‌له‌تیك و رای گشتی جیهانیدا

لەلایەن ستاندار Posted on 321 جار بینراوە

د.كامه‌ران مه‌نتك

گۆڕانی هاوسه‌نگی هێز، گۆڕانی جیۆپۆله‌تیكی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه‌ته‌ ئاراو ئه‌و گۆڕانه‌ جیۆپۆله‌تیكیه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی مه‌سه‌له‌ی كورد له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستاندا نیه‌ و خه‌ریكه‌ وه‌كو قۆناغی شه‌ڕی سارد هه‌مدیس كوردستان ده‌كاته‌وه‌ ناوچه‌یه‌كی تامپۆنی داخراو!. بۆیه‌ ده‌بینین ئه‌وه‌ی له‌ رۆژئاوای كوردستان ده‌گوزه‌رێت و ئه‌و رێكه‌وتنانه‌ی له‌ نێوان توركیا ئه‌مریكا ده‌رباره‌ی رۆژئاوای كوردستان و كۆمه‌ڵێك بابه‌تی تر په‌یوه‌ست به‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌نجامدراوه‌ و ئه‌نجام ده‌درێت، ده‌رئه‌نجامی ئه‌و پارادۆكسه‌یه‌، كه‌ له‌نێوان گۆڕانی جیۆپۆله‌تیك و گه‌شه‌سه‌ندنی رای گشتی جیهانی، وه‌ك ده‌رهاویشته‌ی شۆڕشی گه‌یاندن هاتۆته‌ دی. له‌ راستیدا رووی راسته‌قینه‌ی سیاسه‌تی جیهانی له‌سه‌ر بنه‌مای جیۆپۆله‌تیكه‌، ئه‌مریكا، روسیا، هه‌موو زلهێزه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كان ده‌به‌ستن و هاوسه‌نگی هێزه‌كان ده‌گۆڕن، هه‌رچه‌نده‌ هه‌میشه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌و راسته‌قینه‌ بشارنه‌وه‌و دیزه‌ به‌ ده‌رخۆنه‌ی بكه‌ن!. رێكه‌وتنی ئه‌مریكاو توركیاش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌و ده‌هاویشته‌ی به‌ تامپۆنی بوونی پێگه‌ی كوردستانه‌، به‌ هۆی بووژانه‌وه‌ی روسیاو چین و هاوپه‌یمانه‌ هه‌رێمایه‌یه‌تیه‌كانیان. سه‌رۆكی ئه‌مریكاش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ویستی له‌سه‌ر حیسابی مه‌سه‌له‌ی كورد توركیا بۆخۆی رابكێشێت و له‌ روسیای دووربخاته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی سێكوچكه‌ی رووسی – ئێرانی – توركی، دڵی ئۆراسیای داگیركردووه‌و‌ خه‌ریكه‌ ئه‌مریكا تووڕهه‌ڵده‌داته‌وه‌ ئه‌وبه‌ری ئۆقیانووسی ئه‌تڵه‌سی!. ئه‌وه‌ی كێشه‌ی بۆ سیاسه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكا دروست كرد و دروست ده‌كات، كه‌ گومانی تیانیه‌ كورسیه‌كه‌ی له‌ ژێر ترامپ ده‌رده‌هێنێت و رێگا نادات بۆ جارێكی تر هه‌ڵبژێردرێته‌وه‌، رای گشتی ئه‌مریكی به‌ پله‌ی یه‌كه‌م و رای گشتی جیهانیه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی، كه‌ بینیمان دوای بڕیاری كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ سوریا، چۆن جوڵاو له‌سه‌ر هه‌موو ئاستێكدا كاریگه‌ری خۆی كردو به‌ ناچاری توركیا ئه‌ندانی ناتۆو هاوپه‌یمانی ئه‌مریكای خسته‌ به‌ر چه‌قۆی سزاكانی ئه‌مریكا، كه‌ بۆیه‌كه‌م جاره‌ له‌ قۆناغی شۆڕشی گه‌یاندن رای گشتی ئه‌مریكی و جیهانی به‌رامبه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ك وا یه‌كگرتوو بێت و به‌رگری له‌ پڕه‌نسیپه‌ ئه‌خلاقیه‌كان بكات، كه‌ ئه‌و پڕه‌نسیپانه‌ هه‌رگیز له‌هه‌گبه‌ی ریالیسته‌ نوێیه‌كانی ئه‌مریكا دا نیه‌. بۆیه‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ فریودانی رای گشتی ئه‌مریكا، له‌ 17\10\ 2019، واته‌ دوێنێ ئێواره‌ رێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ توركیا ئیمزا كرد، كه‌هه‌رچه‌نده‌ بانگه‌شه‌ی وه‌ستاندنی هێرشی توركیای بۆ كرا، به‌ڵام نه‌شه‌ڕ وه‌ستاوه‌و نه‌ ئاگربه‌ستیش تا ئێستا سه‌ری گرتووه‌، دوای تێپه‌ڕبوونی نزیكه‌ی رۆژێك به‌سه‌ر ئه‌و رێكه‌وتنه‌ بۆ وه‌ستاندنی شه‌ڕ، تازه‌ كۆشكی سپی ده‌ڵێت شه‌ڕ به‌ ئاسانی ناوه‌ستێنرێت!.
ئه‌مه‌ وا ده‌كات ئه‌و گریمانه‌یه‌ زۆر به‌هێزتر بێت، كه‌ فاكته‌ری سه‌ره‌كی له‌و رێكه‌وتنه‌ی ترامپ – ئه‌ردۆگان رزگاركردنی توركیا بێت له‌ تووڕه‌یی رای گشتی ئه‌مریكی و هه‌نگاوه‌ بوێره‌كانی كۆنگرێس، واته‌ توركیای له‌ چوونه‌ ناو قۆناغێكی نوێوه‌ رزگاركرد. كه‌ فڕێ ده‌درایه‌ ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی، به‌ تایبه‌تیش كۆمه‌ڵگای رۆژئاوایی و له‌ رووی ئابووریشه‌وه‌ زیانێكی زۆر پێده‌گه‌یاند!. له‌ هه‌مان كاتدا ده‌رفه‌تێكیشی بۆ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات خۆشكرد، بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی خۆیان كۆبكه‌نه‌وه‌و برینداره‌كانیان بنێرنه‌ ده‌ره‌وه‌ی به‌ره‌ی شه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری وه‌ربگرن!. ئه‌گه‌ر ئه‌گه‌ری وه‌ستاندنی ئه‌و شه‌ڕه‌ له‌ ئارادا بێت. هاوكات ئه‌و رێكه‌وتنامه‌ ، بێگومان ئه‌وه‌ی بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ ره‌نگ بێت ئه‌مه‌ به‌شێكی بچووكی بێت، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی داوه‌ته‌وه‌ ئه‌درۆگان، كه‌ له‌رێگای شه‌ڕه‌وه‌ تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ به‌ ئاسانی به‌ده‌ستیبێنێت!.
به‌كورتی كورد ده‌بێت بزانێت، كه‌ گۆڕانكاریه‌ جیۆپۆله‌تیكیه‌كان له‌ قۆناغی ئێستادا له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌ودا نیه‌!، وه‌لێ ده‌توانێت سوود له‌ ئامڕازه‌كانی شۆڕشی گه‌یاندن، وه‌كو ئه‌نته‌رنێت و سه‌ته‌لایت و تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و ئه‌نجامدانی خۆپیشاندنی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌ له‌ كوردستان و هه‌موو جیهان وه‌ربگرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێگای به‌هێزكردنی رای شگتی جیهانی له‌ بایه‌خی ئه‌و گۆڕانه‌ جیۆپه‌له‌تیكیانه‌ كه‌م بكاته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ ره‌نگ بێت كاریكی ئاسان نه‌بێت و له‌مێژوودا نمونه‌ی نه‌بووه‌، وه‌لێ هه‌رچۆنێك ده‌بێت له‌و قۆناغه‌دا كورد یه‌كگرتووبێت بۆ دروستكردنی ئه‌و رایه‌و هاوكات خۆی ئاماده‌ بكات بۆ جه‌وله‌یه‌كی تری شه‌ڕ، دوای پێنج رۆژی تر، كه‌ ره‌نگ بێت هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تدا تا ئه‌و كاته‌ شه‌ڕه‌كه‌ نه‌وه‌ستێت و توركیا ته‌نیا وه‌كو ته‌كتیكێك رازی بووبێت بۆ رازیكردنی ئه‌مریكاو خۆدزینه‌وه‌ له‌ پابه‌ندیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی!. نابێت ئه‌و راستیه‌ فه‌رامۆش بكه‌ین، كه‌ تا ئێستا ئه‌و كارتانه‌ی له‌به‌رده‌ست توركیایه‌ زۆر به‌هێزتره‌ له‌و كارتانه‌ی له‌به‌رده‌ست كورد دایه‌، توركیا له‌ قۆناغی ئێستادا روسیا به‌ قووڵایی ستراتیژی خۆی تێده‌گات و ئه‌مریكا بۆ ئه‌و، ئه‌و بایه‌خه‌ی جارانی نه‌ماوه‌، به‌تایبه‌تیش له‌سه‌رده‌می ترامپدا، كه‌ متمانه‌ی ئه‌مریكای له‌سه‌ر ئاستی نیوده‌وڵه‌تی و جیهانی تێكشكاند، رووسه‌كانیش وایده‌بینن، كه‌ توركه‌كان ئه‌و هاوپه‌یمانه‌ن، كه‌ ده‌توانن له‌ دروستكردنی ئۆراسیایه‌كی نوێدا هاوپه‌یمانیان بن و رۆڵی گه‌وره‌ بگێڕن!.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.