ئەردۆگان و ترەمپ و دەرکەوتنی ئێمە لە جیھاندا

لەلایەن ستاندار Posted on 335 جار بینراوە

مه‌ریوان وریا قانع

لە دونیای ئەمڕۆدا یەکێک لە ستراتیژیەتە گرنگەکانی خەباتی سیاسیی میلەتانی چەوساوەی وەک ئێمە، بریتییە لە گەیشتن بە جیھان، لە گەیشتن بە ئەوانیتر، بەو بەشەی جیھان کە تا ئێستاش ناوی مرۆڤایەتییە. لەم گەیشتن بە جیھانەدا دوو ڕەھەند زۆر گرنگە. یەکەمیان ئەوەیە کە ببینرێت، لەبەردەمی جیھاندا دەربکەویت، ڕێگر و بەربەستەکان ببەزێنیت و بگەیتە بەرچاوی جیھان.. ئێدوارد سەعید کە باس لە مێژووی خەباتی فەلەستینیەکان دەکات لەوە ئەدوێت ئەم مێژووە بەردەوام یەک ئارەزووی ھەبووە، ئارەزوی ئەوەی جیھان فەلستینیەکان ببینێت.
جگە لە بینین ڕەھەندێکی دیکەش پێویستە، ڕەھەندی ئەوەی کە ببیسترێیت. چونکە بینین بەتەنھا بەس نییە، تەنھا بڵاوبووونەوەی وێنە و دیمەنەکان بە جیھاندا بەس نین، بەڵکو پێویستە بشبیسترێیت. جیھان تەنھا وێنەی تاوانەکان نەبینێت، بەڵکو ئەو حیکایەتانەش ببیسێت کە لەپاڵ ئەو تاوانانەدا دەگێڕدرێنەوە. تێکەڵکردنی ئەم دوو ستراتیژە کاری ورد و ڕۆژانە و بەردەوامی دەوێت.
ھەموو ھەوڵی وڵاتە داگیرکەر و چەوسێنەرەکانیش بۆ ئەوەیە ڕێ لەم دوو مەسەلەیە بگیرێت، بۆئەوەی دەنگی ئەو میلەتانە لەناو سنووری دەوڵەتەکانی خۆیاندا بخنکێنن. چەمکی ”سەروەریی دەوڵەت“ خۆشی ئەو ئامرازە سەرەکییەیە کە بۆ ئەم مەبەستە دەخرێتەکار. ھەڵچنینی دیواری گەورە بەدەوری ئەو میلەتانەدا، تەلبەندکردنی سنوورەکانیان، میلیتاریزەکردنی ژیانی ڕۆژانەیان و ڕێگرتن لە ڕۆژنامەنووسان و پەیامنێران و چاودێریکەران بۆ ئەوەی وێنەکان و دەنگەکان بگوڕێزنەوە، لەپاڵ چەمکی ”سەروەریی دەوڵەت“دا، ستراتیژیەتی سەرەکیی شاردنەوەی ئەو میلەتانەن لە جیھان.
شتێک کە لە بینین و بیستندا پێیوستە ئاگاداریبین ئەوەیە وێنەی ئێمە بۆ دەرەوە تەنھا وێنەی قوربانییەکی ئەبەدیی نەبێت، تەنھا وێنەی وێرانکاریی و خوێنڕشتن و پەلاماردانەکان نەبێت، بەڵکو ھاوکات وێنەی ئیرادەیەکی گەورەی تەسلمنەبوون و بەرەنگاربوونەوە بێت، تێکەڵ بە ئیرادەی چێژوەرگرتن و خۆشویستنێکی ھەمەلایەنەی ژیان. ئەوەی دەچێتە دەرەوە تێکەڵێک بێت لە برین و کۆڵەندان، لە کارەسات و ئارەزووی ژیان، لە بەرەنگاریی و سەما. گرنگە وێنەی میلەتی ئێمە وەک میلەتێکی چەوساوە، تێکەڵبێت بە وێنەی میلەتێکی سەماکەر، مۆسیقاژەن، سەیرانکەر. لەوکاتەدا کە وێنەی منداڵێکی کوژراومان بە جیھاندا بڵاودەبێتەوە ھەوڵبدەین وێنەی مناڵێکیشمان کە سەمادەکات و لە ئاسمان ڕادەمێنێت، وێنەی کچێک کە خەریکە مۆسیقا دەژەنێت، وێنەی ئاگرێک لە شاخەکاندا کە بەدەوریدا خەڵکانێک کۆبوونەتەوە و گۆرانی دەڵێن، بەیەکەوە بچنە دەرەوە، یان بەیەکەوە لەسەر شەقام و گۆڕەپانی شارە گەورەکانی جیھان ئامادەبن. بە مانایەکی تر پێویستە ئاگادارین ”چوارچێوەیەکی پاسیڤ“، passive frame، بۆ دەرکەوتنمان لە جیھاندا دروستنەبێت.
لە دوای ھێرشەکەی ئەردۆگانەوە بۆسەر ڕۆژئاڤا چوارچێوەیەکی جیھانی نوێ لە دروستبووندایە کە بڕێکی گەورە لە ئامادەگیی بۆ بینینی کورد و خەڵکی کوردستانی تێدایە. لێکنزیکبوونەوە و سۆز بۆ کورد و مەسەلەکەی، ھاوشانە بە ڕق و بێزاریی و توڕەبوونێکی گەورە لە تورکیای ئەردۆگان و سیاسەتی داگیرکردن و پەلاماردانی ئەوانیتر. بە درێژایی سەدەی بیستەم کەم سیاسیی تورکیی ھەبووە، ھێندەی ئەردۆگان بێزراو بێت لە دونیادا. ئەردۆگان و ترەمپ لەیەک تەرازوودان و ھەردووکیان ڕووەبڕووی شەپۆلێکی گەورە لە ڕق و ڕەخنە و ناڕازیبوونی جیھانیندا. ھەم ئەردۆگان و ھەم ترامپ جەنگی بردنەوەی ڕای گشتیی ئەوروپیی و جیھانیان دۆڕاندوە. وێنەی ئێمە لەبەردەم ئەو ڕای گشتییەدا وێنەی میلەتێکی بەجێھێڵدراو و خیانەتلێکراوە. ئەم دۆخە دەشێت ھەندێک دەلاقەی بچووکمان بەڕوودا بکاتەوە. ئەوەی پێویستە ھەوڵدانێکی ڕێکخراو و سیستماتیکی خۆمانە بۆ درێژەدان بەم دەرکەوتن و بیستنە لە جیھاندا. ئەمەش کارێکی مەحاڵ نییە، بەڵام ئاسانیش نییە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.