گەمارۆی قەتەر، دەرسێک بۆ کوردەکان

لەلایەن ستاندار Posted on 634 جار بینراوە 0 سەرنج
150

محەمەد سالار (پاشا)

قەتەر دەوڵەتێکی بچوکە، دەکەوێتە نیمچە دوورگەی عەرەبی، رووبەرەکەی بریتیە لە (11.500 کم دووجا)، واتە نیوەی رووبەری پارێزگای سلێمانی!، ژمارەی دانیشتوانی بریتیە لە (320.000 هاوڵاتی)، لەرووی جوگرافی سێ لای ئەو دەوڵەتە بریتیە لە ئاوی کەنداوی عەرەبی، خاوەنی تەنها یەک دەروازەی وشکانیە لەگەڵ شانشینی سعودییە.
لە (حوزەیرانی 2017) لەکۆتا رۆژەکانی مانگی رەمەزان هەر یەک لەدەوڵەتانی (سعودیە و ئیمارات و بەحرەین و میسر) بریاریاندا بە گەمارۆ خستنەسەری دەوڵەتی قەتەر لەهەرسێ دەروازەی وشکانی و ئاسمانی و دەریایی و پچراندنی سەرجەم پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان. هەروەها دەرکردنی هاوڵاتییە قەتەرییەکان لەوڵاتەکانیان و گێرانەوەی هاوڵاتییەکانیان کەنیشتەجێی قەتەر بوون بۆ وڵاتانی خۆیان.
ئەم بریارە لەدەرەنجامی کۆمەڵێک کێشەی کەڵەکەبوو هات، کە گرنگترینیان (کەناڵی جزیرە و لەخۆگرتنی کەسانی داواکارو، و پشتگیری ئیخوان موسلیمین و بونی پەیوەندی لەگەڵ ئێران … هتد).
ئەوەی لەم تێکستە بۆ من گرنگە، دیوە سیاسییەکەی نییە، بەڵکو چۆن قەتەر توانی لەماوەیەکی قیاسی زۆر کەمدا روبەروی ئەو گەمارۆ ئابورییە ببێتەوە؟
بەر لەسەپاندنی گەمارۆ، رێژەی بازرگانی ساڵانە لەنێوان قەتەر و دەوڵەتانی کەنداو مەزەندە دەکرا بە (10.0000.0000.000 $ دە ملیار دۆلاری ئەمەریکی)، پاش سەپاندنی گەمارۆکە قەتەر کەوتە دۆخێکی ئابوری زۆر سەختەوە، چونکە لەرابردوو تەنها پشتی بە بازرگانی لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو بەستبوو بەحوکمی بونی تاکە دەروازەی وشکانی لەگەڵ سعودییە، وە زیاتر لە (٩٠٪) پێداویستییەکانی لەدەرەوە و لەرێگەی ئەو دەروازەیە هاوردە دەکرد، بەڵام دواتر و بەپێی چەند بریارێک توانی ئابوری خۆی لەدۆخێکی خراپەوە بگوازێتەوە بۆ دۆخی پشتبەستن بەخۆ، وەک ئەمیری ئەو وڵاتە ووتی “ئەم گەمارۆیە ئابوری وڵاتمانی بەهێزتر کرد” بەم جۆرە:-
1. دەرکردنی یاسای پاراستنی بەروبومە ناوخۆییەکان.
2. فراوانکردنی فرۆکەخانەی حەمەدی نێودەوڵەتی چونکە تاکە دەروازەی قەتەر بوو بۆ جیهانی دەرەکی.
3. کردنەوەی “بەندەری حەمەد” وەک بەدیلێک بۆ فراوانکردنی هاتوچۆی بازرگانی دەریایی بەجۆرێک هەموو مانگێک دەتوانێت پێشوازی لە (124.000) حاوییە بکات.
4. دروستکردنی میترۆ و رێگای خێرا.
5. دروستکردنی کارگەی (بلدنا) بۆ بەرهەمهێنانی شیر و گۆشت و مریشک، کەتوانی بەرێژەی (82٪) بەرهەمی ناوخۆیی پر بکاتەوە بوو بەخاوەنی (1.6 ملێون) سەر ئاژەڵ.
6. تەرخان کردنی (١.000.000 یەک ملیۆن) مەتر دووجا زەوی بۆ چاندنی کشتوکاڵ.
7. زیادکردنی ریژەی کارگەکان بەرێژەی (19٪) لەماوەی ساڵێک بەجۆرێک رێژەی وەبەرهێنان لەم کەرتە گەشتوەتە (256 ملیار دۆلار).
8. پێدانی قەرز بەوەبەرهێنە ناوخۆییەکان بەمەبەستی بەرهەم هێنانی پێداویستیەکان.
9. تەواوی بەرنامەکە بەو جۆرەیە کە تاساڵی (2030) قەتەر ئیکتیفای زاتی بکات لەسەرجەم کەلوپەلەکان.
بەکورتی چیرۆکی قەتەر بریتیە لەوەی لەبری ئەوەی ئەو گەمارۆیە ئەو دەوڵەتە ناچار بکات مل دابنێت بۆ داواکارییەکانی دەوڵەتانی کەنداو، وایکردن لەماوەیەکی قیاسی کەمدا ئابوری خۆی بەهێز بکات.
لێرەدا، چیرۆکی قەتەر کۆتایی دێت. ئەوەی دەرسە لەم چیرۆکە بریتیە لەوەی چۆن دۆخێکی نەخوازراو دەگۆرین بۆ دۆخێکی خوازراو؟ چۆن ئەتوانین بایکۆت کەهەڵچونێکی دەستەجەمعیە بکەین بەزیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی؟
دوو هەفتە لەمەوبەر کۆماری تورکیا دەستی کرد بەداگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان. کاردانەوەی ئەم داگیرکارییە باوەرێکی دروست کرد لای هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کەبایکۆتی کەلوپەلی تورکی بکەن.

دەوڵەتی تورکیا:
1. خاوەنی دەروازەیەکی سنورییە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەناوی برایم خەلیل.
2. رێژەی بازرگانی ساڵانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بریتیە لە (10.000.000.000$ دە ملیار دۆلار).
3. پەیوەندی ئابوری تورکیا و هەرێمی کوردستان بریتیە لە: “گواستنەوەی ئاسمانی، دراما، کۆمپانیاکان، بازرگانی، هاوردە و هەناردە، بەڵێندەرایەتی، خواردەمەنی، کەلتوری … هتد”.
لەماوەیەکی قیاسی کەمدا، چەند گروپێک لەسۆشیال میدیا کرانەوە بۆ بایکۆت کردنی کەلوپەلی تورکی، هاوڵاتیانیش بەشێوەیەکی زۆر باش بەدەم ئەم بانگەواز و داواکارییەوە رۆشتن، و تا ئێستاش بەردەوامە.

گرنگی ئەم بایکۆتە لەوەدایە:
1. یەکەمجارە کەئینسانی ئێمە هانا بۆ بەدیلێکی دیکە دەبات بۆ رووبەرووبونەی داگیرکەر، جگە لەچەک.
2. هەڵمەتەکە تەواوی هەرێمی کوردستانی گرتەوە بەبێ قەتیس بونی لەناوچەیەکی جوگرافی دیاریکراو.
3. جارێکی دیکە هەستی نیشتیمان دۆستی لەناو تاکی ئێمەدا زیندوو کردەوە.

بۆ ئەوەی بایکۆتەکە سەرکەوتوو بێت، پێویستە:
1. لەهەڵچونێکی عاتیفی دەبچێت و پێ بنێتە باوەر و کردار، چونکە تا ئێستا دیار نییە حاڵەتێکی عاتفییە یان کرداری.
2. بایکۆتە ببێتە زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی نەک گۆرینی بەرهەمی تورکی بۆ بەرهەمی وڵاتێکی دیکە.
3. پلەبەند کردنی بایکۆتە بۆ کاریگەری دروست نەکردن لەسەر بازاڕ. چونکە کاتێک بایکۆتی بەرهەمێکی تورکی دەکەیت بازاری تورکیا هاوتا لەگەڵ بەشێک لەبازاری هەرێمیش زیانی پێ دەگات، چونکە سەدان کۆمپانیا هەیە کەسەدان دەستی کاری هەیە، بەم بایکۆتە زیانیان پێ دەگات.
4. دەست بردن بۆ ئەو بابەتانەی کەکەمترین زیانی هەیە و پەیوەستە بەکەلتورەوە وەک بایکۆتی دراما تورکییەکان، گەشت نەکردن بۆ تورکیا، دۆزینەوەی بەدیل بۆ کەرەستە تورکییەکان.
5. لەهەمووی گرنگتر، پشتیوانی دەزگاکانی میرییە بۆ ئەم هەڵمەتە، چونکە بەبێ پشتیوانی ئەوان مەحاڵە سەربگرێت.
جیاوازی دۆخی ئێمە لەگەڵ قەتەر بریتیە لەوەی ئەو دەوڵەتە لەناکاو توشی ئەو دۆخە بووەوە و لەشەو و رۆژێکدا تەواوی دەرگاکانی بەسەردا داخرا، بەڵام لەگەڵ ئەوەش توانی بەسەر ئەو دۆخەدا سەربکەوێت و ئابورییەکی بەهێزتر دروست بکات.
وەلێ بۆ ئێمە زۆر ئاسانترە، چونکە هیچ دەوڵەتێک دەرگای لەسەر دانەخستوین بەڵکو ئەوە خۆمانین بەنیازین ئەو دەرگایانە لەسەر خۆمان دابخەین، دەرەنجامیش: یان ئەوەتا بەداخستنی ئەو دەرگایە دەتوانین دەرگای بەرهەمی ناوخۆیی بکەینەوە یان ئەوەتا ئەو دەرگایەش لەسەر خۆمان دادەخەین بەبێ کردنەوەی هیچ دەرگایەکی دیکە، ئەمەش ئەو عاتیفەیە کەلەسەرەوە باسم کردوە!.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *