کۆنگرەیەکی تەوافوقی یان ساڕێژ کردنی برینەکان

لەلایەن ستاندار Posted on 412 جار بینراوە

مەھدی کاوانی

نازانم کامەیان دەبێتە مانشێتی یەکەمی کۆنگرەی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان .
ھەندەک دەگەڕێمەوە بۆ ناو مێژوو
یەکیەتی نیشتمانی کوردستان لە یەکی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٥ دامەزرا. ئەگەر ھەلە نەبم یەکەم کۆبوونەوەی دامەزراندنی لە دیمەشق بوو و بە حزوری مام جەلال .
ھەر دوا بە دوای دامەزراندنی ، بانگێشەی دووبارە ھەلگیرساندنەوەی شۆڕش درا .
زۆری پێ نەچوو یەکیەتی وەک نیمچە بەرەیەک لە نێوان بزوتنەوەی سوسیالیستی کوردستان و کۆمەلەی ڕەنجدەرانی کوردستان ، ھەبوونی خۆی نیشان دا . مام جەلال سکرتێرو باڵی بزوتنەوەش زیاتر لە لایەن عەلی عەسکەری و دکتۆر خالیدو حوسێن بابە شێخ ، ئاراستە دەکران . باڵی کۆمەلەی رەنجدەرانی کوردستانیش لە سەرەتادا لە لایەن ھاوڕێ ئارام (شاسوار جەلال) تا شەھید بوونی ئاراستە دەکران .
دوای شەھید بوونی ئارامیش ، نەوشێروان موستەفا لە ھەندەران گەڕایەوەو سەرکردایەتی کۆمەڵەی رەنجدەرانی گرتە دەست .
کارەساتی ھەکاری گورجێکی کوشندە بوو بەر یەکیەتی و بزاڤی نیشتمانی کوردستانی باشوورو سەرجەم بزاڤی نیشتمانی کوردی لە ھەر چوار پارچەی کوردستان کەوت کە تیایا ١٠٠٠کەس لە کاکلە ھەرە لێھاتووەکەی شۆرشی نوێ ھەر لە شەھید بوون و بریندار بوون و خۆڕادەست کردنەوە بۆ ڕژێم و پەرت بوون و دەناویشیاندا سێ لە ھەرە سەرکردە سیاسی و عەسکەریەکانی بە ناوی عەلی عەسکەری و دکتۆر خالیدو حوسێن بابە شێخ ، شەھید کران .
دوا بەدوای ئەو کارەساتە پاشماوەکانی بزوتنەوەی سوسیالیستی کوردستان لە ناو بەرەی یەکیەتی ھاتنە دەرێ و دواتر چونە ناو جوودکە ئەمەکەی دوایی زیاتر لە لایەن پارتی و حیزبی شوعی ئاراستە دەکران . ئەو جودابوونەوەیە ئەگەر ھەلە نەبم لە کۆنگرەیەکی ئەو حیزبەوە بوو و ناوەکەشیان لە بزوتنەوەی سوسیالیستی کوردستان بۆ پارتی سوسیالیست کوردستان گۆڕی . ھاوزەمان مام جەلالیش پاشماوەکانی بزوتم
نەوەی سوسیالیستی کوردستانی کۆ کردەوەو بە ھەمان ناوی بزوتنەوەی سوسیالیستی مانەوەو یەکیەتیشیان وەک نیمچە بەرە بە خەلک دەناساندو دواتر خەتی گشتیشی لێ پەیدا بوو .
بەندە بە حوکمی ئەوەی دەناو ھەرسێ کۆنفراسی کۆمەلەو لە جودابوونەوەی ئالای شۆرش لە گەڵدابووم بۆیە وەک کەسێکی تا رادەیەک شارەزا ، رووداوەکان دێنمە پێش چاوی خۆم و بۆ ئێوەی دەنووسمەوەو داوای لێبوردنیش دەکەم ئەگەر ورد بینی باش یان کەوتبمە ناو ھەر ھەلەیەکەوە، نەکردبێ .
دەبێ ئەوەش بڵێم شەڕی ھەشت سالەی عیراق و ئێران ، پەرەسەندنێکی ھەرە فراوانی بەر جولانەوەی سیاسی و پێشمەرگەیی بەر کوردسانی باشوور کەوت و پشکە فراوانەکەش بە پلەی یەکەم بەر کۆمەلەی ڕەنجدەرانی کوردستان کەوت و پلەی دووەمیش بەر لایەنە بەرامبەرەکە کە دەکاتە پارتی سوسیالیستی کوردستان .حیزبی شوعی عیراقیش ئەو فراوان بوونەی بەر کەوت .
دەتوانم بڵێم ئەگەر شەڕە براکوژی و جیا بوونەوەو لەت لەت بوون نەبوایە ، ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی ١٩٩١ بە تەواوەتی کاری خۆی دەکردو لە ڕۆژگارێکی وەک ئەمڕۆمان ئەگەر بە دەولەت بوونیش نەبوونایە ، حوکمرانیەکی کوردی ژیکەلانەو پەرەسەندوومان پێک دەھێنا .
گورجی دووەم کە بەر یەکیەتی کەوت جیابوونەوەی ئالای شۆرش بوو .
گورجی سێیەمیش دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕان و گورجی چوارەمیش ئەو باڵباڵێنەیەی ناو یەکیەتیە .
سەدەیەک و زۆریش بە زیاترەوەیە بزاڤی سیاسی و چەکداری بە دەیان جارو لە ئاستی ھەموو پارچەکان ، تووشی دەیان شکست و ھەستانەوە، بووە . بزاڤی سیاسی کورد ، چونکێ بزاڤێکی خۆرسکەو تەعبیر لە نەتەوەیەکی پەنجا ملیۆنی و بێ دەولەت بوون و چەوسانەوەو زولم لێکردوو بووە ، ئەو بزاڤە کە دەشکەوێ یان نوشوست دێنێ ، دووبارە و بە فۆڕمی نوێوە دەکەوێتەوە سەر خۆی .
پارسەنگی ئەو دەولەتانەی کە کوردستانیشیان پێوە لکێندراوە ، ڕۆلی خۆی دەبینێ لە سەر ئەو قەوارە بەھێزیەی بزاڤی سیاسی کورد . بۆ نمونە لە جەنگی جیھانی یەکەم و بە دوایەوە کە ئیمبراتۆریەتی عوسمانی کەوت ، دەرفەتێک بۆ گەشە کردنی بزاڤی سیاسی کورد رەخسا لە سەر ئاستی ولاتە براوەکانی جەنگی جیھانی یەکەم کە ھاوپەیمانان بوون و بەریتانیاو فەرەنساش لە ناوچەی ڕۆژھەلاتی ناوەراست بە کوردستانیشەوە ، ڕۆلی یەکەمیان دەبینی و دەناویشیان دا دامەزراندنی دوو دەولەتی کوردی و ئەرمەن ھاتنە ناو ناوانەوە و لە ناو ڕێکەوتن نامەی سیڤەر کە لە فەرەنسا بەسترا ، دروست بوونی دەولەتی کوردی ھاتە ناو باس و خواسەکان .
دوا بە دوای دروست بوونی تورکیای نوێ و کەمالیزم ؛ ڕێکەوتن نامەی لۆزان سیڤەرو خەونی کوردی مراند .
ڕێکەوتن نامەی جەزایری ساڵی ١٩٧٤ یش خەونی شۆڕشی ئەیلولی مراند .
ئێستاکە چ بە نسبەت ئێران چ بە نسبەت تورکیا کەم کەس ھەیە غیرەییان پێ ببات و حکومەتی ناوەندی عیراقیش دەناو پەرتەوازەی شیعەو سونەو حشدی شیعی و دوو ناوەندی دەسەلاتی ئێرانی و ئەمەریکی دایە و لە بەرامبەریشدا جگە لە حوکمرانی باشوور ، حوکمرانیەکی ژیکەلانەش لە ڕۆژئاوا ھەیەو ئەو ڕێرەوە سیاسی و حوکمرانیەی ھادەپ و قەندیل و ئیمیرالی خەریکە بە تەواوەتی دەچیتە ناو پرۆسەی سیاسی تورکیا .
کە ئەو ھێنانەوانەو بەیەکبەستنەوەکان دێنمەوە لە ناو باس و خواسێکی کۆنگرەی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان زیاتر مەبەستم لەوەوەیە کە ئەو حیزبە پاش ئەو ھەموو کەرتبوون و لەت بوون و باڵبڵێنەو ھیوا بۆ ھەستانەوە ، دەبێ حیسابی بۆ بکرێ .
ئەگەر دەباشان نەمرێندرابایە ، بە دوایەوە تەوازونی سیاسی لە نێوان پارتی لە لایەک و یەکیەتی و بزوتنەوەی گۆران بە پێکەوەیی دروست دەبوو و لەوانە بوو زەمینەی یەکگرتنەوەشیان بۆ بڕەخسابایە .
کە مرێندراو بە دوایەوە بە تایبەتی لە کابینەی ئێستای نۆیەم ، پارتی بە تەفەوقەوە سەرکردایەتی ئەو کابینەیەو ئاراستەکانی یەکیەتی و گۆڕان دەکات .
ئەو قسانە بە مانای بەھێزبوونی پارتی ناگەیەنێ بە قەدەر ئەوەی کە لایەنەکانی بەرامبەر دەناو کلێشەی دوو کەرت بوون و باڵباڵێنەو نەبوونی ڕوئیای سیاسی بوونەتەوە .

جولەی سیاسی لە ھەشت کابینەی پێشتری دەناو گەندەلی و ناشەفافیەت و پەرتەوازەیی و بێبروایی خەلک دابوون .
دوا ھەلبژاردن کە تەنیا٣٠— ٣٥ ٪‏ ی خەلک دەنگی دا و لە ٢٠—٢٥ ی دەنگەکانیش پڕ کرانەوە مانای وایە جەماوەری ھەموو حیزبەکان لە کورتی داوەو دەنگەھاتووەکانی پەڕلەمانیش دەنگی حەقیقی حیزبەکان نیشان نادا .
کەواتە ھەم کۆنگرەی داھاتووی یەکیەتی و ھەم جولەی سیاسی گۆڕان و پارتەکانی ترو ھەروەھاپارتیش دەبێ بۆ گەڕانەوەی متمانەی ئەو ٦٥٪‏ ی کە دەنگی بە ھیچ حیزبێ نەداوە ، بە خۆیاندا بچنەوە . کابینەی نۆ دەتوانێ لەم و شەمل بکات و عەھدێکی نوێ بۆ پارتە سیاسیەکان بێنێتە کایەوە ، ھێشتا زۆر زووە قسە لەو بارەیەوە بکرێ .
بە بڕوای خۆم ئەگەر بێت و کۆنگرەی یەکیەتی لەم و شەمل بکات و برینەکان دیاری بکات و کار بۆ سارێژ کردنیان بکات ، دەبێ کاری یەکەمی تەتبیعکردنی پەیوەندیەکانی لە زۆنی سولێمانی ، بێ . بە پلەی یەکەم لە گەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بێت و کاریش بۆ کارا کردنەوەی دەباشان بدات و کاری دووەمیش ئەو حکومەتە خۆجێیەی کە لە گەڵ بزوتنەوەی گۆڕان پێکەوە بەڕێوە دەبەن بەھێزی کەن و ھەتا بۆیان بکرێ بە پێکەوەیی پاکی کەنەوە لە گەندەلی و ناشەفافیەت .
کۆنگرەی چوارەمی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان ئەگەر شێلگیرانە کار بۆ ئەوە نەکەن کە برینەکان سارێژ کەن ، کەواتە وەک ئەوە وایە کە ھیچیان بە ھیچ نەکردبێ . ئەگەر کۆنگرەیەکی تەوافوقیش بکەن ، پێیەوە ، برینەکانیان قولتر دەبێتەوە .
بە بڕوای خۆم ئەگەر بێت و بەشدار بوانی کۆنگرە بە ھۆشیاری دەنگ بدەن و نەیەلن ئەوانەی کە یەکیەتی بە مەرجەعی یەکەم و کۆتا دانانێن با دەنگیان پێ نەدەن .
ھەقیشەبەشدار بووانی کۆنگرە دەنگ بە جیلی نوێو ئەوانەی کە پەرۆشی چاکسازی و چاککردنی باری یەکیەتینە ، دەنگیان پێ بدەن .
یەکیەتیە دێرینەکان لە ھەموو موناسەباتەکانیان شانازی بە حیزبەکەیان لە سەردەمەکانی شاخو دواترو ئەو سەردەمانە دەکەن کە مام جەلال و کاک نەوشێروان کەسی یەکەمی ئەو حیزبە بووینە . دەی دەبا کۆنگرەی ئەو جارەی ئەو حیزبە لە پێناو زیندوو کردنەوەی ئەو ھەلە زێڕینەی ئەو کاتیان بێت .
کۆنگرەی چوارەمی یەکیەتی ئەگەر مەھامەکانی بە جوانی بپێکێ ، مانای وایە حیزبی شەھیدان سەر لە نوێ دەکەویتەوە سەر پێی خۆی و تەوازونی سیاسیش لە کوردستانەوە ، پێیەوە دروست دەبێ .
ھەموانمان چاوەروانی لێکەوتە باشەکانی گۆنگرەی چوارەمی یەکیەتی نیشتمانی کوردستانین .

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.