مەرجەعەیەتی باڵای شیعە:داوادەکات سەرۆکی نوێی حکومەت لەماوەی دەستوریدادورلەدەست تێوەردانی حیزبی هەڵبژێردرێت

لەلایەن ستاندار Posted on 182 جار بینراوە

ستاندەر

نوێنەری “علی سیستانی” مەرجەعی باڵای شیعە، لەوتاری هەینی ئەمڕۆدا داوای کرد سەرۆکی حکومەت لەماوەی دەستوری دیاریکراودا دور لەدەست تێوەردانی حیزبی هەڵبژێردرێت، عەبدولمەهدی کەربەلایی نوێنەری مەرجەعی باڵای شیعەکان سەرکۆنەی کوشتنی خۆپیشاندەرانی کردو گوتی: وەک مەرجەعیەت دوبارە خوێنڕشتنى خۆپیشاندەران و زیانگەیاندنیش بە موڵک و ماڵى گشتى و تایبەت سەرکۆنە دەکەین، بۆیە داوا دەکەین دادگاکانیش بەپێى یاسا و رێسا سزاى پێشێلکردنەکان بدەن لە هەر لایەک بن چ زیانگەیاندن چ کۆشتنى خۆپیشاندەران.

کەربەلایی لەدرێژەی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کەوا بەرپرسیاریەتی پاراستنی خۆپیشاندەران لەئەستۆی هێزەئەمنییەکانە و دەبێت هێزەئەمنییەکان رێگە بەخۆپیشاندەران بدەن ئازادانە تەعبیر لەبیروبۆچونەکانیان بکەن و پێ ویستیشە لەسەر خۆپیشاندەرانیش نەهێڵن خەڵکی گێرەشێوێن تێکەڵیان بێت.

وتەکانی کەربەلایی نوێنەری “علی سیستانی” لەکاتێکدایە هەفتەی رابردوو عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەژێر فشاری خۆپیشاندەران و داوای مەرجەعیەت دەستی لەکارکێشایەوە، بەڵام دەست لەکارکێشانەوەکەی سەرۆکی حکومەت نەبوویە هۆی کۆتایی هێنان بەخۆپیشاندان و ئەمرۆش سەرلەنوێ خۆپیشاندان لەبەغدای پایتەخت و بەشێکی زۆری شارە شیعەنشینەکان دەستی پێ کردەوە و خۆپیشاندەران داوای دادگایی کردنی گەنەدەڵکاران و رەخساندنی هەلی کار دەکەن.