نەک سەد رۆژ،ئیوە لە دەهەزار رۆژدا چیتان کرد؟

لەلایەن ستاندار Posted on 347 جار بینراوە

یعقوب کاکل

سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە هەرێمی کوردستان دێت ماوەی سەد ڕۆژی ئەم دواییەی کاری کابینەکەی دەکاتە سەرکەوتنی خۆی و باسیان دەکات!، کە دوو لە گرنگترینیان زیاد کردنی باجە لەسەر خەڵک بۆ بەرزکردنەوەی داهاتی ناوخۆ !، وە یەکێکی تریشیان تەسلیمیکردنەوەی نەوتی هەرێمە بە بەغداد( ئەوە لەکاتێکدا کە ساڵانی پێشتر پێیان وابوو ئەم جۆرە رێکەوتنە پاشەکشەیەو لاوازییە).
بۆیە ئەتوانین پێیان بڵێین نەک سەد رۆژ بەڵکو لە ٢٩ساڵی رابوردووی حکومڕانیتاندا کە دەکاتە نزیکەی دە هەزار رۆژ بەم پێوەرەی خۆتان ، ئەمانەتان نەکردووە :-
١… هیچ پرۆژەیەکی ستراتیژیی و پێویستتان جێبەجێ نەکردووە.
٢… کارگەخۆماڵیتان دانەمەزراند، بەڵکو ئەوەیشی هەبوو زۆرینەی داخران .
٣… رێگاکانی نێوان شارەکانتان پێ دروست نەکرا .
٤… کوا ئەو بەنداوانەی دروستتان کرد !؟، هەموو هەرێم خاوەنی دوو بەنداوی وەک دوکان و دەربەندیخانە ئەویش هی سەردەمی مەلیکە، ڕژێمی بەعس ئەساسی بەنداوی بێخمەی دانا بەڵام ئێوە لەبری تەواو کردنی هاتن کەرەسەکانیشتان دزی .
٥… هێزی پێشمەرگەتان پێ یەک نەخرایەوە ، بەڵکو ئەوەی هەیە حزب و ئەشخاس بەڕێوەی دەبات .
٦… کێشەی کرێنشینانتان چارەسەر نەکرد ، بۆیە ساڵانە هەزاران کرینشین زیاد دەکات و لە ئێستادا زیاتر لە ٣سەد هەزار کرێنشین لە هەرێمێکی ٦ملیۆنیدا بونی هەیە!.
٧… ڕێژەی بێکاری گەنجان روو لە زیادبوونە و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان ساڵانە بە بێ ئومێدیی خوێندن تەواو دەکەن ، بە بێ ئەوەی ئەم هەموو کابینە یەک لە دوای یەکانە پلان و پرۆژەیەکی خستنەسەرکاری پێ بێت بۆیان .
٨… زەوی و زاری ئەم وڵاتە بەپیت و بەرەکەتە تەواو پشتگوێ خراو و پەنا برایە بەر بەرهەمی دەرەکی لە سەوزەو میوەوە هەتا گەنم و برنج و ساوەریش ، ئەمە لەکاتێکدا جوتیاران لە ساڵانی نەوەدەکاندا باشتر دەستیان بەسەر زەوییەکانیاندا دەشکا هەتا ئێستا ، لەبری ئەوەیش پەنا براوەتە بەر بەرهەمی ساختە و بێ کواڵیتی و بەسەرچوی دەرەکی ، یان پەرە بە کشتوکاڵی ژێر نایلۆن و هەلتۆقیو بە دەرمان دراوە ، کە خۆی ئەم کشتوکاڵی ژیر نایلۆنە (بەیتی پلاستیکی ) لەو وڵاتانەدا گرنگی پێ دەدرێت کە کەش و هەواو و خاکی هیچ لەباربوونێکی بۆ کشتوکاڵ نەبێت ، کە خاک و کەش و هەوای هەرێم پێچەوانەی ئەوەیە .
٩… نەتانتوانی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان بگێڕنەوە .
١٠… شەفافیەت لەداهات و خەرجیدا یەکێکە لەو پرنسیبانەی کە حوکمڕانی رەشید و بێ باک لە گەندەڵی و بەهەدەردان ئامادەیە و ناترسێت بەرپای بکات و بڵاوی بکاتەوە ، بەڵام ئێوە سەرتاپای حومرانیتان پڕاوپڕە لە ناشەفافیەت و ناڕونی .
١١…ئەوە هەر باسی کارەبا و ئاو ناکەم .
١٢… نەتانتوانی ساڵانە بەرمیلێک نەوتی سپی بۆ گەرمکردنەوە( بە فرۆشتیش بێت ) بۆ خەڵک دابین بکەن !، لەکاتێکدا هەموو رۆژێک نیو ملیۆن بەرمیل نەوت دەفرۆشن!.
١٣… دادگاو سیستەمی دادوەری لە قوڕی حزب و گەندەڵیدا چەقیوەو فەرتەناش دەکات .
١٤.. لە کۆتاییدا ، ئێوە ناتوانن موچە دابین بکەن و یاسای بودجەتان نیە!، ئیتر عەیبە بە خۆتان بڵێن حکومەتین .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.