سه‌رتیپ وه‌یسی
سه‌رجه‌م ئه‌و زانیاریانه‌ى له‌باره‌ى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى گشتیى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتیى بڵاوده‌كرێنه‌وه‌و ناوى چه‌ند كه‌سێك دێت ورد‌و ته‌وا ونین، به تایبه‌ت له‌رووى ریزبه‌ندیه‌وه، چونكه كۆنگره‌ى ئه‌مجاره‌ى یه‌كێتیى له‌ڕووى ته‌كنیكى ( پڕۆسه‌ى ده‌نگدان و جیاكردنه‌وه و هه‌ژماركردنى ده‌نگه‌كان ) زۆرجیاوازه له ته‌واوى كۆنگره‌كانى دیكه‌ى ئه‌و حزبه‌و حزبه‌كانى دیكه‌ى هه‌رێم.
بۆچى ئه‌نجامه‌كان گۆڕانكاریان به‌سه‌ر دادێت؟
به‌پێى به دواداچوونه‌كان گزیكردن و ته‌زویر له پڕۆسه‌ى ده‌نگدانى كۆنگره‌ى چواره‌مى یه‌كێتیى ئه‌سته‌م بوو، چونكه هه‌موو ئه‌ندامێك له كاتى هاتنه ژووره و چوونه ده‌ره‌وه‌ى بۆ ناو هۆڵى كۆنگره، یان له‌كاتى ده‌نگدان خاوه‌نى باركۆدى تایبه‌تى خۆى بوو، له‌كاتى لێدانى باركۆده‌كه له ئامێره‌كه‌دا وێنه‌و ناوى نیشانده‌دا، جگه له‌وه‌ش له رێگه‌ى كامێراوه چاودێرى ده‌كرا بۆى نه‌بوو ده‌نگ به‌رزبكاته‌وه له‌كاتى ده‌نگدان، یاخود ده‌نگ له‌گه‌ڵ كابینه‌ى ته‌نیشتى بگۆڕێته‌وه و داواى لێبكات ده‌نگ به كه‌سێك بدات، چونكه له رێگه‌ى كامێراوه ئاگادار ده‌كرایه‌وه.
هه‌ر ئه‌ندامێك شانزده فۆرمى له پێش بووه هه‌ر فۆڕمێك هى بازنه‌یه‌كى هه‌ڵبژاردن بووه، ده‌نگده‌ر ده‌بووایه ده‌نگ به هه‌موو بازنه‌كان بدات، بۆ نموونه ده‌نگده‌رێكى هه‌ولێر جگه له فۆڕمى كاندیدانى هه‌ولێر، كه بۆى هه‌بوو ده‌نگبدات به چه‌ند كاندیدێك كه له (8) كه‌س كه‌متر نه‌بێت و (15) كه‌س زیاتر نه‌بێت، پاشان ده‌بوایه ده‌نگده‌ر بچێته فۆڕم و بازنه‌كانى دیكه ده‌نگ بدات به لیستى پارێزگاى كه‌ركووك به جۆرێك له ( 14) كه‌متر نه‌بێت له ( 29) زیاتر نه‌بێت، به‌م شێوه‌یه ده‌نگده‌ر ده‌بوایه به‌پێى ئه‌و رێژه‌ى بۆى دانراوه ده‌نگ به كاندیدى سه‌رجه‌م بازنه‌كان بدات، ته‌نانه‌ت ده‌نگده‌ر ده‌بووایه ده‌نگ به ئیجبارى به كاندیدى بازنه‌ى مه‌خمورد بدات، كه دوو كه‌س خۆى هه‌ڵبژاردبوو بۆ سه‌ركردایه‌تى یه‌ك كه‌س ده‌رده‌چوو، له موسڵ و به‌غدا به هه‌مان شێوه‌ى مه‌خمور. كه‌واته ده‌نگده‌ر له كۆى گشتیى وا بۆى دانرابوو كه ده‌بێ ده‌نگ بدات به‌شێوه‌یه‌ك له (60) كه‌س كه‌متر نه‌بێت و له (121) زیاتر نه‌بێت، به پێچه‌وانه‌وه فۆڕمه‌كه‌ى ده‌سووتا.
دواى ته‌وابوونى پڕۆسه‌ى ده‌نگدان و چوون بۆ پرۆسه‌ى جیاكردنه‌وه‌و هه‌ژماركردن، هه‌ر شانزده فۆرم لێكجیاكرانه‌وه و هه‌ریه‌كه‌یان له‌سه‌ر ئاستى بازنه‌كان دابه‌شكران، ئه‌وه‌ش له‌ژێر چاودێرى كامێرا و نیشاندانى ئه‌نجامه‌كان له‌سه‌ر شاشه‌یه‌كه كه هه‌موو ئاماده‌بووانى هۆڵه‌كه ده‌توانن بیبینن.
ئه‌و ئه‌نجامانه‌ى ئێستا بڵاوده‌كرێنه‌وه ورد و ته‌واو نین، به تایبه‌ت له‌ڕووى زنجیره‌ى ناوه‌كان و ژماره‌ى ده‌نگى كاندیده‌كان، چونكه ده‌نگده‌ر له‌سه‌ر ئاستى مه‌ڵبه‌نده‌كان بووه، هه‌ر مه‌ڵبه‌ندێك به‌یه‌كه‌وه ده‌نگى داوه، واته له كۆیى 18 مه‌ڵبه‌ند هه‌ریه‌كه‌یان به ته‌نها ده‌نگیانداوه، بۆیه كاتێ فۆڕمه‌كان جیاده‌كرێته‌وه له مه‌ڵبه‌ندێك له‌وانه‌یه كاندیده‌كه له بازنه‌ى خۆى ده‌نگى زۆرى هێنابێت، به‌ڵام له بازنه‌یه‌كى دیكه ده‌نگى كه‌مى هێنابێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى رێژه‌ى جیاكردنه‌وى ده‌نگه‌كانیش به ته‌واوى نییه، بۆیه ئه‌نجامه‌كان به‌رده‌وام گۆڕانكارى به‌سه‌ردادێت.
بۆ نموونه ئه‌گه‌ر كاندیدێكى وه‌كو (بورهان سه‌عید سۆفى) كه له بازنه‌ى هه‌ولێر خۆى كاندیدكردووه، له‌وانه‌یه له‌كاتى جیاكردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان له بازنه و مه‌ڵبه‌ندێك ده‌نگى باش بێت، به‌ڵام له چه‌ند شوێنێكى دیكه خراپ بێت، بۆیه له‌كاتى ته‌واوبوون ئه‌نجامه‌كه به وردى ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌گه‌رچى ئێستا له پێشه‌وه‌یه.
هێنانى ده‌نگى زۆر ماناى وانییه ئه‌و كه‌سه به‌هێزه و ده‌نگى زۆرى هێناوه، به تایبه‌ت له‌و بازنانه‌ى، كه یه‌ك بۆ سێ كه‌س كاندیدبووه، چونكه له‌و حاڵه‌ته‌دا ده‌نگده‌ر ئیجباربووه، به‌پێى میكانیزمى هه‌ڵبژاردن ده‌نگ به‌و شێوه‌یه بدات، هه‌ربۆیه‌ش زۆرترین ده‌نگ بۆ ئه‌و كه‌سه چووه، ئه‌وه‌ش به ئاشكرا له بازنه‌ى مه‌خمور و به‌غداو موسڵ و حه‌مرین ده‌رده‌كه‌وێت.
بۆ نموونه (حاكم سابیر) له بازنه‌ى مه‌خمور كه كه‌سێكى نه ناسراوه له‌سه‌ر ئاستى مه‌ڵبه‌نده‌كانى یه‌كێتیى، له‌وانه له بازنه‌یه‌كى گه‌وره خۆى كاندیدبكردبووایه ده‌رنه‌چووبایه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى له سنوورى مه‌خموور بووه، ته‌نها دوو كه‌سیش كاندیدبووه، ده‌نگده‌رى شاره‌كانیش ناچار كراون ده‌نگى پێبده‌ن، ئێستا ناوبراو زیاتر له 700 ده‌نگى هێناوه له‌كۆى هه‌زارو 100 ده‌نگ، كه‌واته یه‌كێك ده‌بێت له‌و 10 كه‌سه‌ى كه زۆرترین ده‌نگى كۆنگره ده‌هێنن. ئه‌م نموونه‌یه‌ش بۆ (پۆڵا تاله‌بانى) كه ده‌رچووه له‌سه‌ر بازنه‌ى به‌غدا به هه‌مان شێوه راسته، چونكه ئه‌ویش ده‌نگى زۆرى هێناوه له‌به‌رئه‌وه‌ى له 3 كه‌س دوو كه‌س ده‌بێته سه‌ركردایه‌تى و ده‌نگده‌رى شاره‌كانى دیكه‌ش به ئیجبارى ده‌نگیان پێداوه.
به‌پێى زانیارییه‌كان تاوه‌كو ئێستا پڕۆسه‌ى ده‌نگدان له هیچ پارێزگایه‌ك نه‌گه‌یشتۆته له سه‌دا 70 و زۆربه‌یان له خوار له‌سه‌دا په‌نجایه ته‌نها له بازنه بچووكه‌كان نه‌بێت ده‌نگ و ده‌رچووه‌كان دیارن، بۆیه له كۆتایدا گۆڕانكارى گه‌وره له ئه‌نجامه‌كان رووده‌دات و به تایبه له‌ڕووى ریزبه‌ندیه‌وه.
ئه‌وه‌ى كه تاوه‌كو ئێستا روونه ژماره‌یه‌ك كاندید له گشت بازنه‌كان یه‌كلابۆته‌وه كه ده‌رده‌چن، به‌ڵام ریزیه‌ندییه‌كه‌یان دیارنییه و له هه‌ندێ بازنه‌ش به‌پێى ئه‌و ده‌نگانه‌ى جیاكراونه‌ته‌وه چه‌ند كه‌سێك بارودۆخیان باشه له‌وانه له هه‌ولێر، كێبركێیه‌كه له‌سه‌ر یه‌كه‌م و دووه‌م له نێوان ( شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ و بورهان سه‌عید سۆفیه)، له بازنه‌ى كه‌ركووكیش هه‌ریه‌ك له (لاهور تاڵه‌بانى و باڤڵ تاڵه‌بانى و ئاسۆ ئه‌ڵمانی) له‌سه‌ر سێ كه‌سى یه‌كه‌م كێبڕكێ ده‌كه‌ن، له هه‌ندێ مه‌ڵبه‌ندیش باڤڵ تاڵه‌بانى له پله‌ى سێهه‌م دێت.
بۆ ئه‌نجامى كۆتایى پێویسته تاوه‌كو به‌ره‌به‌یانى سبه‌ى چاوه‌ڕێبكرێت، ئێستا ئه‌نجامه‌كان به‌رزو نزمى زۆر به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت، له‌وانه‌یه له كۆتایه‌كه‌یدا كه‌سێك له دووه‌مه‌وه بچێته شه‌شه‌م، به‌پێى ئه‌و میكانیزمه‌ى له‌سه‌ره‌وه باسمان كرد.