پەیڤێک بۆ نەوشیروان موستەفا

لەلایەن ستاندار Posted on 319 جار بینراوە

ئارام سەعید
پێش دەستپێک پرسیارێکی گرنگ هەیە کە ئەویش لەبەرژەوەندی کێ یە مێژوی نەوشیروان مستەفا لەکەدار بکرێت؟ کێن ئەوانەی سود لەوە دەبینن؟
نەوشیروان مستەفا سەرەرای تەمەنیکی دریژ لە سیاسەتکردن و خەباتی شاخ، دەساڵی کۆتایی ژیانی لەخۆبردوییەکی گەورە ی هەبوو کە شانی دایە بەر خەباتێکی سەخت ئەویش روبەروبونەوەی گەندەڵیی و سیاسەتی هەردوو حزبی سەرەکی پارتی و یەکێتی .
کاک نەوشیروان لەو قۆناغەدا خۆی ژمارە “یەک” بوە و هەڵوێستەکانی مایەی شانازین، بەڵام لەهیچ کاتێکدا تەنها نەبوو، لەهەر بوارێکدا کە کاری کردوە کەسانی ترهاوڕێ و هاوخەباتی بون و لەگەڵی بوون، ئەو راستیە مێژویە نکوڵی ناکریت بەبێ بوونیی ئەو نەدەکرا بزوتنەوەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی وا بەهێز دروست بکرێت، بەڵام ئەویش خۆی ئەو راستیەی دەزانی کە هاوڕێکانی و هەموو ئەو گەنجانەی لەدەوری بون رۆڵی گرنگیان هەیە و تەنانەت بۆ ئۆپۆزیسیۆن بونیش بەلایەوە گرنگ بوو حزبەکانی تری لەگەڵ بێت.
لەناو خودی بزوتنەوەی گۆڕانیشدا لەلای گەنجەکان بەرگری لە سەرکردە کۆنەکان دەکرد و لەلای هاوڕێ کۆنەکانی بەرگری لە گەنجەکان ئەکرد بۆ ئەوەی هاوسەنگی بپاریزێت.
راستیەک هەیە کە هاورێیانی بزوتنەوەی گۆڕان دەبیت ئاگاداری بن، ئەویش ناکریت بڵێین نابێت رەخنە لە کاک نەوشیروان بگیرێت،چونکە خۆی لەو کەسانە بوو چۆن ماڵەکەی هەمیشە کراوە بوو دڵیشی کراوە بوو بۆ سەرنج و رەخنەی خەڵک و زۆر بەباشی گوێی لە نەیارەکانی دەگرت.ئەوانەی لەنزیکەوە ناسیویانە دەزانن جەند گوێگرێکی بەتوانا بوو بۆ هەموان.
هەربۆیە کە رەخنەی لێ دەگیرێت بە ئارگیومێنت و لێکۆڵینەوەی زانستی سەبارەت بە سیاسەتکردنی لەو قۆناغەدا هەڵە یان کورتبینی هەبوە،یان دەکرا هەلوێستەکە بەشێوەیەکی تر بوایە،نابیت نیگەران بن، بۆ نمونە کاتێک باسی بەکارهێنانی وەرەقە سیاسیەکانی گۆران دەکەین لەبەرامبەر یەکێتی و پارتیدا دەبێت پێداچونەوە بکرێت بەوەی ئایا راست بوو گۆڕان لەگەل یەکێتی هاوپەیمان بێت دژی پارتی؟ یان هاوپەیمانی پارتی بیت دژی یەکێتی؟ ئایا ئەو سیاسەتە باش بوو کە گۆران بڕیاریدا بچێتە حکومەتەوە؟ یان حاڵی ئێستای بزوتنەوەکە چەند پەیوەندی بە سیاسەتەکانی رابردوەوە هەیە؟ یان بزوتنەوەکە لە رابردو ئێستادا راوبۆچونیی لەسەر تەوریس چیە؟ کە ئەمانە دەکرێت شیکاری بابەتیانەی بۆ بکرێت و رەخنەی لێ بگیرێت،وەک وانەی مێژویی سودیان لێ وەربگیرێت.
یان ئایا بزوتنەوەی گۆڕانی ئێستا سیاسەتکردنی بەو ئاراستەیە کە بیەوێت نەوشیروان مستەفا بەتەنها بۆخۆی قۆرخ کات و نەهیڵێت وەک کەسایەتیەکی سیاسی نیشتمانی سەیری بکرێت؟ ئایا نەوشیروان مستەفا پێویستی بەوەیە کە یەکێک رەخنەی لێگرت ئیتر رەخنەگر جنێوباران بکرێت؟
لە سەردەمی شەری ناوخۆدا (پێش ٣١ ی ئابی ١٩٩٦) لە یەکێک لە کۆبونەوەکاندا ، مەسعود بارزانی گلەیی لە نەوشیروان موستەفا کردوە بەوەی کە ناکرێت مەلا موستەفای بارزانی بکرێتە ئامانج و هێرشی راگەیاندنی بکرێتە سەر. کاك نەوشیروان وەڵامیداوەتەوە و وتویەتی: کە ئێوە دەچن لە پشتی مەلا موستەفاوە قسە بە ئێمە دەڵێن و مەلا موستەفای بارزانی دەکەن بە سەنگەر، هەڵبەت کە ئێمەیش گولەتان پێوە دەنێین (لێرەدا کاك نەوشیروان مەبەستی وەڵامی میدیایی بوە) ئەوا گولەکانمان رەنگە بەر سەنگەرەکە بکەوێت. کەئەگەر خویندنەوەیەکی بۆ بکەین مەبەست لێی ئەوەیە سەرکردایەتی پارتی پاش کۆچی دوایی مەلا موستەفای بارزانی ، رۆژ لە دوای رۆژ رۆڵێکی خراپیان گێڕا لەوەی مەلا موستەفا لە سەرکردەیەکی میللی نەتەوەیەكەوە بگۆڕن بۆ سەرکردەی تەنها حیزبێك.
رێك بە پێچەوانەی دید و بیری سیاسی کاك نەوشیروان، دوای کۆچی دوایی ئەو سەرکردەیە، لێرە و لەوێ دەبیستین کە گوایە کاك نەوشیروان تەنها موڵکی بزوتنەوەی گۆڕانە و کەس بۆی نیە ناوی بهێنێت و باسی بکات. ئەمەش دیاردەیەکی سەیرە کە گروپێك یان بزوتنەوەیەکی سیاسی بە ستایشکردن یان رەخنەگرتن لە سەرکردەکەی لەلایەن کەسانیترەوە ناخۆشحاڵ و نیگەران ببێت. ئەمە وەك ئەوەیە کە حیزبی کۆماری ئەمەریکا ئەبراهام لینکۆڵن بە موڵکی خۆیان بزانن و نیگەران بن خەڵکانی تر ستایش یان رەخنەی بکەن، یان پارتی پارێزگارانی بەریتانیا رێگە نەدەن جگە لە ئەندامانی پارتەکەیان کەس باسی وینستن چەرچل بکات و کەڵك لە دید و فیکری سیاسی ئەو سەرکردە بەریتانیە وەربگرن.
لەکۆتایدا نەوشیروان مستەفا کۆچیکرد و رێکخەری بزوتنەوەیەکی رەسەن و گرنگ بوو لەو قۆناغە مێژوییەدا، مەرگی ئەوهەمومانی خەمبار کرد، بەڵام ئێستا دەبێت بۆپرسیارەکان ئەوانە وەڵام بدەنەوە کە ماون، ئەوسەرکردانەی دەبێت بزانن دوای مەرگیی ئەو، پرسیار زۆرەو قۆناغیکی مێژویی گرنگ تێپەڕیوە و دەبێت دیراسە بکریت. نابێت بەبێدەنگی سیاسەت بکەن و روداوەکان تیپەرن بەبێ ئەوەی لە میدیا هیچ بدرکێنن، دەبێت وەڵامی بدەنەوە.
ئەگەر رەخنە بە ئارگیومێنت بێت و لەسەر بنەمای زانستی و ئەقڵانی بکرێت دەبێت خۆشحاڵ بن نەک ئەو رەخنانەی دوورن لەهەمو بیرکردنەوەیەکی لۆژیکیی کە بەداخەوە بەشێکی ئەو پۆپۆلیستانەن کە بزوتنەوەی گۆڕانیش لێیان بێبەری نیە و لە رابردودا گرنگیی پێداون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.