دانا مه‌نمی
باراك خانا ده‌لێت : جه‌نگه‌كان ئامرازن بۆ سه‌رله‌نوێ پێكهێنانه‌وه‌ی بارودۆخی جیۆپۆلۆتیكی ، جه‌نگه‌كان سه‌رله‌نوێ قۆچكی هێز بنیات ده‌نێنه‌وه ، جه‌نگه‌كان یان ده‌بنه مایه‌ی سه‌ركه‌وتن یان پێشهاتی قه‌یران و به‌ته‌واوی كۆتایهاتن .
ئێران به‌هۆی مێژوو شارستانیه‌ته‌كه‌ی ،به‌هۆی جۆری سیسته‌م و ئایدۆلۆژیاكه‌ی و ده‌وڵه‌مه‌ندی خاكه‌كه‌ی فه‌رهه‌نگ و كلتوره‌كه‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی ناوچه‌كه هه‌یه ، ئێران سه‌نتراڵی هه‌موو هێزه شیعه‌كانی دونیایه ، ئێران له ڕووی جیۆسیاسییه‌وه وه‌كو زلهێزو تارماییه‌كی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌رده‌كه‌وێت ، له ڕووی مه‌زهه‌بیه‌وه پانتایی گه‌وره‌ی له‌ناو جیۆپۆله‌تیكی عه‌ره‌بی و توركی و هیندی و ئه‌فریقی دا هه‌یه ،له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا له لوبنانه‌وه تا پاكستان له تاجیكستانه‌وه تا ئیمارات هه‌رچییه‌ك ڕووده‌دات شیعه‌كان ڕۆڵی سه‌ره‌كییان هه‌یه له‌و جه‌نگ و ڕووداوانه‌دا ،له ناو جیهانی ئیسلامی‌دا ئێران له دوای ساڵی 1979 كه‌وته فراوانكردنی جیۆپۆلۆتیكی مه‌زهه‌بی شیعه‌گه‌ری و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ی له‌نێوان دوو بلۆكی شیعیزم و سونیزم دابه‌ش كردووه .
به‌پێی ئاماره‌كان له %70ی دانیشتوانی كه‌نداوی فارس شیعه‌ن ،تێروانینی ئێران بۆ وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تێروانینێكی ئاینی و مه‌زهه‌بییه واتا مه‌زهه‌بی – سیاسی ، دیسانه‌وه به پێی ئاماره‌كان وڵاتی قه‌ته‌ر له %20ی دانیشتوانی شیعه‌ن و وڵاتی كوه‌یت له %30 و به‌حره‌ین له %65 و ئیمارات له %16 و ئه‌رده‌ن له %5 و شانشینی سعودیه‌ش له %15 ، پاكستان 33 ملیۆن شیعه‌و هندستان 11 ملیۆن و ئازه‌رباینجانیش له %70ـی شیعه‌یه ، بلۆكی شیعه‌گه‌ری ته‌نها له كه‌نداوی فارس‌دا نه‌وه‌ستاوه به‌ڵكو عێراق و ئه‌فغانستان و سوریا و لوبنان و یه‌مه‌ن و هه‌تا توركیاشی گرتووه‌ه‌ته‌وه ، شیعه‌كانی سوریا له %15 یه‌و عێراق له %60 وتوركیاش له %25 ی شیعه‌یه ، ڕاستییه‌ك هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر پشتیوانی ئه‌مریكا و خۆرئاوا نه‌بێت له‌كه‌نداوی فارس‌دا ئێران شه‌شه مانگی به‌سه بۆ داگیركردنی زۆرێك له‌و وڵاتانه .
كورد و شیعه خاوه‌نی مێژوی هاوبه‌ش و خه‌باتی هاوبه‌شن دژ به رژێمی به‌عس ، زۆرێك له سه‌ركرده شیعه‌كان له سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌دا بوون ناكرێت ئه‌و مێژووه پشتگوێ بخرێت ،دوای روخاندنی رژێمی به‌عس له ساڵی 2003 شیعه‌و كورد بوونه هاوپه‌یمان بۆ بنیاتنانه‌وه‌و دروستكردنه‌وه‌ی عێراقێكی نوێ ، دوای 2003 كورد په‌یوه‌ندی خۆی به عێراقه‌وه پته‌و كرد ،به‌ڵام هه‌ستی به عێراقیبون نه‌كرد ، دواتر هاوپه‌یمانیه‌تی كورد و شیعه به‌هۆی ئابوری سه‌ربه‌خۆو هه‌نارده‌كردنی نه‌وت به‌بێ گه‌رانه‌وه بۆ به‌غدا رووی له خراپی كرد ، به‌ڵام له‌جه‌نگی داعش دا كاتێك داعش مه‌خموری گرت و له هه‌ولێر نزیك بوونه‌وه مه‌سعود بارزانی كه ئه‌وكاته سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بوو تووشی شۆك ده‌بێت و په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌كانی ده‌خاته گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه له داعش بگرێت ،بۆیه بارزانی په‌یوه‌ندی به قاسم سوله‌یمانییه‌وه ده‌كات و داوای لێده‌كات كه به‌هانایانه‌وه بچێت ، قاسم سوله‌یمانی دوای په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فونیه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی له‌گه‌ڵ یه‌كه‌یه‌كی مه‌شقپێكراوی تایبه‌تی فه‌یله‌قی قودس ده‌گاته فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و ڕێ له پێشره‌وی داعش ده‌گرن به‌ره‌و هه‌ولێر، فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی لە سەردانەکەی بۆ پرسەی قاسم سولەیمانی لە قونسوڵخانەی ئێران باسی له ڕۆڵی قاسم سوله‌یمانی له‌شه‌ڕی داعش و به‌هاناوه‌چونی هه‌ولێر كرد‌و بە دۆستی کورد ناوی برد، هاوته‌ریب نێچیرڤان بارزانیش له په‌یامی هاوخه‌میدا بۆ خامنه‌یی له‌باره‌ی رۆڵی سه‌ردار سوله‌یمانیه‌وه ده‌لێت : قاسم سولەیمانی لە هاوسەنگەرانی ئێمە لەشەڕ دژی دیکتاتۆر(سەدام)، هەروەها پشتیوان و هاوسەنگەرمان لە شەڕی دژی تاقمی تیرۆریستی داعش بوو.
دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا دانی به‌وه‌دا نا كه ئێران له هیچ شه‌ڕێكدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه به‌ڵام هه‌موو دانوستاندنه‌كانی بردووه‌ته‌وه ، ئێران له دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراقه‌وه له‌ساڵی 2003 كار له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌و كلتور فه‌رهه‌نگی عێراقیه‌كان ده‌كات و زۆر له‌وه عاقڵتره كه ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر خاكی خۆی جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا بخوڵقێنیت ، ئێران له ده‌ره‌وه‌ی قه‌ڵه‌مڕه‌وی خۆیدا هێنده جه‌نگاوه‌ری هه‌یه كه بتوانێت زیانی گه‌وره له ئه‌مریكا و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی بدات ، جیۆسیاسی ناوچه‌كه به‌تایبه‌ت عێراق له به‌رژه‌وه‌ندی ئێراندایه .