گلەیی لەپای چی؟

لەلایەن ستاندار Posted on 409 جار بینراوە

هیوا حەسەن عەلی

عورفی دونیای دیموکراسی وایە کاتێک خەڵکی دەنگ ئەدەن و حکومەتی نوێ دەست بەکار ئەبێت ، ئیتر ئەرکی هاووڵاتیان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ئەڕواتە قۆناغێکی دیکەوە ئەویش قۆناغی چاودێریکردنی نوێنەرانی هەڵبژێردراو و ئەو حکومەتەیە کە متمانەی لە لایەن ئەو نوێنەرانەوە پێ دراوە کە دەنگی زۆرینەی خەڵکن.
بەڵام دیارە لە ووڵاتە تازە پێگەیشتووەکان و ئەو ووڵاتانەی کە سیستمی دیموکراسی تیایاندا کامڵ نەبووە، هەم دەسەڵات و هەم دەنگدەریش لەئاست پرۆسەکەدا نین و ناتوانن ئەو ئەرکەی لەسەریانە وەک خۆی جێبەجێی بکەن.
ئەوەی پەیوەستە بە دەسەڵات بە تایبەتی لەهەرێمی کوردستان نەیتوانییەوە یان نایەوێ هەڵبژاردن ببێتە مایەی دەساودەسکردنی دەسەڵات ، بۆیە پەنا بۆ تەزویرو گزی و فزی و کڕینی ویژدانی خەڵک ئەبەن و پرۆسەکە بەشێوەیەک بەلاڕێدا ئەبەن کە ئەنجامەکان بە ئاراستەی بەرژەوەندیەکانی خۆیان بشکێتەوە، بەڵام هەرچۆنێک بێت سەرەڕای هەموو ئەو کەم و کورتیانە هەڵبژاردن وەک قۆناغی سەرەتایی بۆ پیادەکردنی سیستمی دیموکراسی کارێکی باشە بۆ قۆناغێکی دیاریکراو، کە پێی ئەڵێن قۆناغی پەڕینەوە، چونکە بەدیلی دیکەمان نییە و شادەماری گۆڕانکاریەکان تەنها هەر هەڵبژاردنە.
بەڵام ئەوەی تایبەتە بەلایەنی خەڵکەوە ، سەرەتا ئەبێ خەڵک ئەو هۆشیاریەی لا بەرجەستە بوبێ کە گرنگی و ئەهمیەتی پرۆسەی هەڵبژاردن بزانێت و هەروەها لەکاتی دەنگداندا بە عەقڵ و مەنتق بڕیار بدات ، نەک بکەوێتە ژێر کاریگەری سۆزو عاتیفەوە، یان بە بڕێک شرینی ویژدانی خۆی بفرۆشێت ، کاتێک دەنگدەر ئەمانەی بەباشی لە هزری خۆیدا گەڵاڵە کرد ئەوکات ئەتوانێ بڕیاری دروست بدات ، کاتێک بڕیارە دروستەکەیشی دا بۆی هەیە لەماوەی داهاتو رەقیبێکی باشی دەسەڵات و نوێنەرانی خۆی بێت لە پەرلەمان و گلەیی و داواکاریەکانی خۆی بێ دودڵی پێشکەش بە نوێنەرەکانی بکات و ئەو ماوەیە بکاتە سەنگی مەحەک بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.
بەڵام ئەگەر دەنگدەرێک پێچەوانەی ئەو بنەمایانەی سەرەوە دەنگیدا، ئەبێت ئامادەیی ئەوەیشی هەبێت کە هەرچی ڕوداو یان هەر کارەساتێک روو دەدات لە ووڵات ئەم خۆی بە بەشێک لەو دەسەڵاتە بزانێت و ئوباڵی بخاتە سەر ئەستۆی خۆی.
بە داخەوە لەهەرێمی کوردستان خەڵک دابەش بوونە بەسەر دوو بەرەی جیاوازەوە، بەرەی دەسەڵات و بەرەی ناڕازی، هەرچی دەنگدەری بەرەی دەسەڵاتە بێ ئەوەی حساب بۆ دەنگەکەی خۆی بکات ،هەر ئەوەندە دەنگیدا ئیتر ووڵات بەرەو وێرانەیی بڕوات ئەم نەک هەر مێشێ میوانی نییە بگرە کوێرانە بەرگری لە هەنگاوە خراپەکانی حکومەتیش ئەکات.
هەرچی دەنگدەری بەرەی ناڕازیشە ئەتوانین پۆلێنی بکەین بە سێ بەشەوە.
بەشی یەکەم : ئەو نوخبە ڕۆشنبیرو چالاکوانی مەدەنی و کەسایەتییە سەربەخۆیانەن کە هەمیشە وەک ئەرکێکی نیشتمانی رەخنەو پێشنیارەکانیان ئاراستەی دەسەڵات کردووە بەمەبەستی دامەزراندنی حوکمێکی ڕەشید لە ووڵاتدا، بۆ ئەو مەبەستەیش فشاری سیاسی و مەدەنی دروست ئەکەن و لەو پێناوەیشدا قوربانی زۆریان داوە.
بەشی دووەم: ئەو کەسانەن کە ناڕازین لەم دەسەڵاتەو پشتگیری ئۆپزسیۆن ئەکەن ، بەڵام کێشەی ئەم چینە ئەوەیە ئەوەندە بەحەماس و رق و کینەوە هەڵسوکەوت ئەکەن تەنانەت ئامادە نین هیچ گفتوگۆو لێک نزیک بونەوەیەک هەبێ لەنێوان ئۆپزسیۆن و دەسەڵات ، کە لەڕووی سیاسەت و مەنتقدا ئەم شێوازە کارکردنە دروست نییەو مەحاڵە.
بەشی سێیەم: ئەم بەشە ئەو خەڵکە ناڕازیەن من بۆ خۆم ناوم لێ ناوە خەڵکە بێ هیواکان کە هیچ ئومێدێکیان نە بەدەسەڵات هەیەو نە بە حزبە ئۆپزسیۆنەکان و نە بەژداری هیچ چالاکیەکی سیاسی و جەماوەری ئەکەن، بۆ نمونە:
ـ بەژداری هەڵبژاردن ناکەن و بایکۆتی ئەکەن.
ـ دوورە پەرێزن و بەژداری هیچ خەباتێکی مەدەنی وەک خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان ناکەن.
ـ ئەوەندە بێ هیوا بونە ئامادەنین گوێ لە دەنگە ناڕازێکانیش بگرن و تەنانەت زۆر جار کورد وتەنی تەڕو وشکیش پێکەوە ئەسوتێنن.
بۆ نمونە لەدوایین هەڵبژاردنەکانی عێڕاق و هەرێم زۆرترین خەڵک بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردو لەئاکامدا بینیمان چۆن حزبە دەسەڵاتدارەکان لەبری ئەوانەی نەچون بۆ دەنگدان صندوقەکانی دەنگدانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان پڕ کردەوەو بونەوە حزبی دەسەڵات.
پرسیارەکە لێرەوە دەست پێدەکات ؟ ئاخر تۆ ئامادە نەبیت سادەترین مافی خۆت کە دەنگدانە بەکار بهێنی بۆ ئەوەی سنورێک بۆ دەسەڵات دابنێی یان هێزێکی گەورەتر ببەخشیتە لایەنە ناڕازێکان ، ئیتر چۆن و بەچی شێوازێک چاوەڕێ لەو لایەنانە ئەکەیت کە گۆڕانکاری لە سیستمی حوکمڕانی و چاکسازی لەدام و دەزگاکانی حکومەتدا بکەن، لەکاتێکدا نەچونی تۆ بۆ هەڵبژاردن ئەوانی کردۆتە کەمینە لە پەرلەمان، ئێ خۆ لەدونیای دیموکراسیش هەروایه زۆرینەی دەنگ ئەتوانێ هەموو یاسایەک بۆ بەرژەوەندی خۆیان تێپەڕێنن، بەم پێیە نابێ چاوەڕوانی کاری گەورە لە هێزی کەمینەی ناو پەرلەمان بکەی.
بەکورتی و بەکوردی تۆیەک بەنەچونت بۆ دەنگدان بتەوێت یان نا شەرعیەتت دا بەو دەسەڵاتەو پێگەیانت لەناو حوکمڕانیدا زۆر بەقووەت تر کرد و لەبەرامبەریشدا زەربەیەکی کوشندەتیش دا لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، کەچی ئێستا کەوتیتە بۆڵە بۆڵ و قسەی بازاڕی بەو هێزانەی کە بەهۆی بیرکردنەوەی ئێوەوە توشی لێدانی گەورە بوون لەڕێگای هەڵبژاردنەوە.
بۆیە حەقە ئەو کەسانەی بەناوی بایکوتەوە گلەیی و رەخنە دەگرن سەرەتا خۆیان سەر زەنشت بکەن چونکە ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات کە سیستمی حوکمڕانی لە کوردستان بەرەو بنەماڵەیی و ووڵاتیش بەرەو وێرانتر ئەڕوات بەشێکی زۆری لە ئەستۆی ئەو بیرکردنەوە هەڵەیەی ئەوانەوە بووە، بۆیە تازە بەتازە گلەییتان لەپای چی؟!.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.