چاکسازی و پاڵەوانبازی

لەلایەن ستاندار Posted on 395 جار بینراوە

په‌یكار عوسمان

حەقیقەت هەموو وێنەکەیە. هەر ئەو دیوە نیە کە لە منەوە دیارە، ئەوەشە کە لە تۆوە دیارەو من نایبینم. هەر ئەوە نیە کە بۆت باشەو حەزت لێیەتی، ئەوەشە کە بۆت خراپەو حەزت لێ ی نیە.

چاکسازی هەر ئەوەنیە کە لەم یاسایەدایە، زۆر شتی تر هەن کە چاکسازین و لەم یاسایەدانین. یاساکەش هەر ئەو مادە خراپە نیە کە تۆ بەرژەوەندیت وایە زەقیکەیتەوە، بەڵکو مادە باشەکانیشە کە باسی ناکەیت. هەر ئەو مادە باشانەش نیە کە باسئەکرێن، بەڵکو مادە خراپەکانیشە.
تەنانەت مادە باشەکانیش لەوەدا خراپن کە ئەکرا باشتربن. تەنانەت مادە خراپەکانیش لەوەدا باشن، کە لە هیچ یان لە دۆخەکەی پێشوو باشترن.

یەعنی حەقیقەت ڕێژەکاری و وردەکارییە، نەك لە گۆترە زەڕبلێدان و سەحلێدان. حەقیقەت چوونە ژوورەوەیە بۆ ناو ماڵەکە، نەك ئەوەی لە دەرەوە بوەستیت و بە دافعی حەز، یان لەسەر قسەی ئەم و ئەو، گوڵی تێگریت یان ئاربیجی پێوەنێیت!

حەقیقەت ئەوەیە کە عەزێت بکێشی و تۆ بچیت بەدوای وێنەکەدا، نەكئەوەی چاوەڕێکەیت ڕاگەیاندن بۆتی بێنێ و پیشانتی بدا. چونکە ڕاگەیاندن وێنەکە ناگەیەنێ، وێنەکە دائەڕێژێتەوە، لەداڕشتنەوەشدا وێنەکە بارگاوی ئەبێ بە ئەجنداو بەرژەوەندییەکان، لێرەشەوە حەقیقەت هەمووی یان بەشێکی ونئەبێت.

تۆ کە لە شەڕەکەدایت و تەرەفیت، ئێمە ناکرێ حەقیقەت لە تۆ وەرگرین و لەچاوی تۆوە، تەنیا دیوێکی شتەکان ببینین. بەڵکو ئەبێ بە چاوی خۆمان سەیری هەموو وێنەکە بکەین و حەقیقەت لە عەقڵی خۆماندا ساغبکەینەوە.
تۆی پەرلەمانتار یان تۆی حیزبیی، نوێنەری لایەنەکەی خۆتی لە شەڕەکەدا، نەك وتەبێژی حەقیقەت. ئێمە ئەبێ تۆش بخەینەوە ناو وێنەکە، نەك ئەوەی تۆ لە وێنەکە بێیتە دەرەوەو چاوی ئێمە بدزیت!

پێشئەوەی چاکسازیی ماڵی و ئیداریی بکەین، ئێمە ئەبێ چاکسازی ئەخلاقی و عەقڵیی بکەین.
عەقڵ و ئەخلاق پێمان ئەڵێ، کە پێویستە هەر شتێك بکەینە دەرفەتی کۆبوونەوە بۆ تەحقیقی خزمەتی گشتی. نەك ئەوەی هەر شتێك بکەین بە دەرفەتی پەرتبوون بۆ تۆمارکردنی گۆڵە بچوکە کەسی و حیزبییەکان.

منو تۆی گەمژەش با واز لەوە بێنین، بە فیکەی ئەم بکەوینە پیاهەڵدانی شتێك، یان بە فیکەی ئەو بکەوینە ڕشانەوە بە شتەکەدا. ئەمە هەردوکی لێخوڕینی ئێمەیەو لە هیچ حاڵەتێکیاندا خۆتت لێنەبێ بە پاڵەوان و ئەوت لێببێ بە کۆیلە!
لێرەدا تۆش هەروەکو ئەو، کۆیلەی ناعەقڵانییەتی خۆتی. ئەو بێ بیرکردنەوە سەح لێدا، یان تۆ بێ بیرکردنەوە زەڕب لێدەیت، هەردوکی یەك عەقڵەو موجەب و سالبی هەمان گەمژەییە!

هەڵوێستی دروست و عەقڵانی، ئەوەیە کە پشتمان ڕاستکەینەوەو خۆمان بڕۆین بۆ حەقیقەتی شتەکان، نەكئەوەی ئەوان لێمانخوڕن بەلای هەوای خۆیاندا.
“هەڵوێستی ئازاد” ئەوەیە کە جورئەتی مواجەهەی حەقیقەتمان هەبێ، ئەگەرچی لەگەڵ حەزو بەرژەوەندیشمان نەیەتەوە. نەكئەوەی دیلی ڕق و حەزو بەرژەوەندییەکانمانبین و شتەکان بەوانە بپێوین.

چرایەك ئەتوانێ تاریکی ژوورێك ڕووناكبکاتەوە، بەڵام هەموو تاریکی ژوورەکە ناتوانن چراکە بکوژێننەوە. یەعنی بڕێك گەشبین و ژیاندۆستبەو دیوی باش و خراپ هەردوکی ببینە، بەڵام بە پۆینتێکیشبێ، فەزڵی دیوە باشەکانی شتێك بدە بەسەر دیوە خراپەکانیدا، چونکە بوونی تروسکاییەك باشترە لە تاریکییەکی تەواو.

سروشتی ژیان گەشەسەندنەو سروشتی گەشەسەندنیش کەموکوڕییەو شتەکان ناتوانن گەشەبکەن ئەگەر پێرفێکت و بێ کەموکوڕی بن! یەعنی کەموکوڕی شتێکی بەردەوامەو چاکسازیش پرۆسەیەکی بەردەوامە. تەنانەت ئەوەشی کە بۆ ئەمڕۆ بێ کەموکوڕییە، بۆ سبەینێ و پێداویستییەکانی سبەینێ، کورتئەهێنێ و دیسان هەر پێویستی بە چاکسازییەو فیلمەکە بەردەوام دووبارە ئەبێتەوە.

یەعنی یەکەم واز لە وەهمی پێرفێکتیی بێنە. دووەمیش لەبەر کەموکوڕی، زەڕب لە شتێکی باش مەدە، چونکە شتێك نیە بێ کەموکوڕیبێ و خودی کەموکوڕی بەشێکە لە پێکهاتەی شتەکان!

دواجار ئەوەی کە باشە لە یاساکەدا، بە ڕێکەوتنی هەمووان و بە کاری دەستەجەمعی کراوە. ئەوەشی کە نەکراوە بە فشەی هیچ پاڵەوانێك ناکرێ و لە قۆناغێکی تردا، دیسان هەر بە کاری دەستەجەمعی و بە هەمووان چاکئەکرێ!
بۆیە واز لە دابەشکردنەکانی باش و جاش و بەرەی گەل و بەرەی گەندەڵ بێنە، چونکە پەرتبوون بەرهەمدارنیە، دواجار هەر کۆبوونەوەیە کە بەرهەمدارەو شتێکی لێ سەوزئەبێ و قۆناغێك بەرزئەکاتەوە بۆ قۆناغێکی تر، لەکاتێکا پەرتبوون هەر مانەوەیە لە هەمان قۆناغدا.

(بۆ ئەوەی کە باشەو دەسکەوتە لە یاساکەدا، سوپاس بۆ هەموو پەرلەمانتاران و هەرکەس کە ئیشی تیاکردوە. بۆئەوەشی کە باش نیەو خراپە، ئەبێ هەوڵبدەین و خەبات بکەین لە قۆناغێکی تردا ئەویش چاکبکرێ.) دواجار ئەمەیە کە بۆ منو تۆی هاوڵاتی گرنگە، نەك ئەوەی کێ پاڵەوانەو کێ پاڵەوان نیە! چەقی مەوزوعەکە ژیانی ئێمەیە نەك پاڵەوانیی پاڵەوانەکان!
پاڵەوان تەنیا ژیانی خۆی ئەگۆڕێ، ئەویش لەسەر حسابی مەستبوونی ئێمە بە چیرۆکی پاڵەوانێتی! بەڵام لە دۆخی ناپاڵەوانی و لە کاری پێکەوەییدا، ئەشێ شتێك لە ژیانی گشتیی بگۆڕێت. بۆیە لایەنگری پێکەوەیی و ژیانی خۆتبە، نەك لایەنگری فسفس پاڵەوان و سەروەرییە بچوکەکانی ئەموئەو.

لە “پێکەوەیی” مەبەستم لێکچوون و سڕینەوەی جیاوازییەکان نیە، مەبەستم جیاوازییە بۆ دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش، نەك جیاوازی لەپێناو جیاوازی.
ئێمە ئەبێ تێبگەین، جیاوازیی بەتەنیا خۆی ڕووداوە گرنگەکە نیە، بەڵکو (جیاوازیی+خاڵی هاوبەش) ئینجا ئەبێتە ڕووداوە گرنگەکەو خاڵی وەرچەرخانی گۆڕانکاریی.
جیاوازەکان لە خۆیاندا بەرهەمدارنین، لەوێدا بەرهەمدارن، کە لە خاڵی هاوبەشدا لەیەکبدەن. لێرەشەوە ئیتر سیاسەت بۆ گفتوگۆو کاری پێکەوەییە نەك بۆ ڕق و پەرتبوون.

نەك هەر ئەم یاسایە بەڵکو کۆی سیاسەت، بۆ منو تۆی هاوڵاتی، ئەونە گرنگە کە چەنێك بەرژەوەندی گشتی تێدایە، نەكئەوەی چەنێك فڵان بکا بە پاڵەوان و فیسار ڕسوا بکات! ئاخر پاڵەوانێتی ئەم و ڕسوایی ئەو چ پەیوەندی بە ژیانی هاوڵاتییەوە هەیە، تا لە شتەکان، هەر ئەوەی بۆ گرنگ بێت؟!

ئێستا ئێمە لەو دۆخەداین، کە لە هەر شتێك خودی شتەکەمان بۆ مەوزوع نیە، ئەوەمان بۆ مەوزوعە چۆن ئەو شتە بکەینە کەرەستەی شکاندنی ئەم و کەرەستەی فووتێکردنی ئەو. دەی ئەمە نەخۆشییەو بۆ چاکبوونەوەش، پێویستە بچینە سەر خودی بابەتەکان، نەك ئەوەی بچینە سەر شەڕو بابەتەکەش بکەینە کەرەستەی شەڕەکە!
تەخەلوف و دواکەوتویی، مانەوەیە لە دۆخی شەڕو فەرامۆشکردنی بابەت. پێشکەوتن و گەشەکردن، ئەوەیە کە لە شەڕەکان گەڕێین و بچینە سەر خودی بابەتەکان.

هەر لەناو فرێندەکانما، ڕەنگە هەزار کەس قسەی لەسەر ئەم یاسایە کردبێ. دەی لەو هەزارە دووان سیانێکی قسەی لەسەر خودی یاساکەو ناوەڕۆکەکەی کردوە، ماباقی خەریکی شەڕەکەیەو مادەیەك ئەهێنێ دیفاع و هجومی پێئەکا!

خەبات و هەموو فاکتەرەکان پێکەوە، هەر بەشی ئەونە چاکسازیی کردوە. بۆئەوەی لە داهاتوودا چاکسازییەکی زیاتربکەین، ئەبێ چاکسازی لە خەبات و فاکتەرەکاندا بکەین. لێرەشدا پیاچوونەوە بە خۆمان و تووڕدانی عەوامسازی و پاڵەوانبازی، باشترین کارە بۆ داهاتووی خۆمان و بۆ داهاتووی چاکسازیی!

گەندەڵی دەردی گەورەی ئێمەیە، بەڵام جەهل دەردێکی گەورەتری ئێمەیەو گرنگە تێبگەین، کە شەڕی گەندەڵی بە پۆپۆلیزم ناکرێ و پۆپۆلیزمیش دەردێکی تری ئێمەیە نەك دەرمانەکە. پۆپۆلیزمیش خۆی فەسادێکی ترە نەك کەرەستەی دژایەتی فەساد!

شەڕی فەساد ئەبێ ڕاستەقینەبێت، پۆپۆلیزمیش نمایشی شەڕی فەسادە. لەبەرئەوەشی ڕاستەقینەی شتێك و نمایشی شتێك دوو شتی جیان، ئیتر سیماو لێکەوتەکانیشیان جیان.

مەسەلەن شەڕی فەساد، کارکردنە لەسەر گەندەڵی دەرخستن بە ئامانجی چارەسەر. بەڵام نمایشی شەڕی فەساد، کارکردنە لەسەر خۆدەرخستن و بەئامانجی بوون بە پاڵەوان.

مەسەلەن شەڕی فەساد، پێش “ئەو” کارکردنە لەسەر خۆت و ئەوەیە کە خۆت فاسد نەبیت. بەڵام نمایشی شەڕی فەساد، بازدانە بەسەر خۆتداو یەکسانکردنی گەندەڵییە بەو. هەر ئەمەش فەسادێکە بۆ خۆی، چونکە بچوكکردنەوەی فەساد لەودا، فەرامۆشکردنی فەسادە لە غەیری ئەودا.

مەسەلەن شەڕی فەساد، ئەچێتەوە سەر کاری دەستەجەمعی و ئاشتی کۆمەلایەتی، چونکە ئامانج چاککردنەو گرنگ نیە کێ چاکیکات، گرنگ ئەوەیە چاکبکرێ. ئەمەش پێویستی بە ڕق ڕشتن نیە! بەڵام نمایشی شەڕی فەساد، ئەچێتەوە سەر پەرتکردن و تێکدانی ئارامی، چونکە ئامانج چاککردن نیە، ئامانج خۆ بەپاڵەوانکردن و ئەو بەشەیتانکردنەو لێرەشەوە ڕق ڕشتن ئەبێتە چەکی کاریگەری شەڕەکەو شیرازەی کۆمەڵگاو دەروونی ئینسانەکان ئەشێوێ.

ئیتر شەڕی فەساد، بە دەنگهەڵبڕینێکی کەم، ئەشێ کارێك بکاو نمایشی شەڕی فەساد، بە دنیایەك فەوزا هیچت بۆ ناکاو خۆشی ئەبێت بە کێشەیەکی تر. جا ئەگەر کێشەی ئێمە گەندەڵییەو قەرارە شەڕی گەندەڵی بکەین، ئەبێ سەرەتا شەڕی پۆپۆلیزم بکەین، بۆئەوەی نمایشی شەڕەکە کۆتایی بێ و ڕاستەقینەکەی دەستپێبکات.

بە ڕێژەیی یاساکە باشەو شتی باشی تێدایە، هەڵوێستی دروست ئەوەیە، بەڵێ بۆ یاساکە بکەیت و نەخێر تەنیا بۆ مادە خراپەکە بکەیت. نەكئەوەی یاساکە کورتکەیتەوە لە مادەیەکیدا.
ئەگەر پەرلەمانتارێك یان فراکسیۆنێكیش، لەگەڵ ئەوانیتردا بەڵێ ی بۆ یاساکەو مادە باشەکان کردووەو دواتر خۆشی بەجیا، خانەنشینییەکە ڕەتکاتەوەو بە ناڕەواو ناعەدالەتی بزانێ. ئەوە هەڵوێستە دروستەکەیە، چونکە لە هەردو مەوقیعەکەدا لەگەڵ چاککردندایە.

(بەڵام ئەوەی کە مادە باشەکان بکەیتە پاساوی وەرگرتنی خانەنشینی، یان خانەنشینی بکەیتە پاساوی ڕەتکردنەوەی کۆی یاساکەو مادە باشەکان.) ئەمە لەڕاستیدا هەردوکی یەك شتەو فەرقێکی ئەوتۆی نیە، چونکە تەنیا لە دیوێکدا لەگەڵ چاککردندایت نەك لە هەردوکی. چاکەویستیی ڕاستەقینەش ئەوەیە کە بەش ناکرێ، کە بەشتکرد، ئیتر ئەوە شتی ترە نەك چاکەخوازیی!
ئیتر ئەوە بەشی هەڵخەڵاتاندنی هەموو ئەوانیتریش بکات، هێشتا یەکێك هەر ئەمێنێتەوە کە ڕاستی مەوزوعەکە ئەزانێ، ئەو کەسەش خۆتی!

زۆر شت هەیە، ئەشێ جوڵەیەکی سیاسی جوانبێت، بەڵام ناشێ ئەخلاقێکی سیاسی جوانبێت. یەکەمیان ئەوەیە کە لە ڕووکەشدا جوانەو دووەمیان ئەوەیە کە لە جەوهەردا جوانە.
ئەوەی کە جەوهەرییە، خۆی ئامانجەو لەپێناو شتی تردا ناکرێ. ئەوەی کە ڕووکەشییە بۆ ئامانجی تر ئەکرێ نەکئەوەی خۆی ئامانجبێت، لێرەشەوە شتەکە لە ئەخلاقەوە ئەبێتە نمایشی ئەخلاق!

من تەنیا لایەنگری ئەخلاقی سیاسیم، نەك جوڵەو نمایشی سیاسی. ئەخلاقی سیاسی ئەوەیە کە دژیەکی و پارادۆکس هەڵناگرێ. بەڵام جوڵەی سیاسی جوان، بە هەرکەس ئەکرێ و گەندەڵێکیش ئەتوانێ نمایشی دژایەتی گەندەڵیت بۆ بکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.