چاکسازی – ئیفلاس پێکردنی سلێمانی

لەلایەن ستاندار Posted on 552 جار بینراوە

هونەر تۆفیق

زۆرێکمان هێشتا سەرقاڵی موچە و خانەنشینی پارلەمانتارانین ، ئاگاداری پرۆژە یاساکانی داهاتوو و کاریگەریەکانی نین بەسەر داهاتووی ژیانی خەڵکەوە .
ئەو پرۆژانەی بەناوی چاکسازیەوە دەخرێتە ناو خەڵکەوە ، لەڕاستیدا پێویستیان بە تەشریعی پارلەمان نیە . بۆ نمونە بە فەرمانی وەزیرێک یان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانبەرێک پلەیەکی وەزیفی پێدراوە ، پێویست بە پرۆژەیاسا ناکات لەپارلەمانەوە دەستکاری پلە وەزیفیەکەبکرێت و ناوی چاکسازی لێبنرێت ، چونکە بەهەمان فەرمانی وەزاری دەتوانرێت پلە وەزیفیەکەی لێ وەربگیرێتەوە . کەواتە چی دەگوزەرێت ؟!
لە قۆناغی دوای کەوتنی کۆمارەکەی سەدام و سەردەمی بوژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستاندا ، لێشاوێک لە چین و توێژە جیاکانی کۆمەڵگە لە هەردوو زۆنی زەرد و سەوز دامەزرێنراون ( بەبن دیواری بێت یان بە دوامی کاملەوە )
ئەو لێشاوە دامەزراندنە کۆمەڵێک پلە و ئیمتیازاتی پێوە بەستراوە بۆ ئەوەی وەک دەرماڵە حساببکرێت و موچەکەی پێ بەرزبکرێتەوە .
کەسانێک هەن بە پلەی ئەفسەر لە سوپادا دامەزرێنراوە بەڵام خوێندەواری نیە ! هەیە بەپلەی مودیر دامەزرێنراوە بەڵام بڕوانامەی ناوەندی هەیە . ئەو پلە وەزیفیانەی لەپێناو زیادکردنی دەرماڵە و موچەکاندا بەخشراوە لەئێستادا پێداچوونەوەی پێدادەکرێتەوە و دەرماڵەکان ( کە نیوەی بودجەی موچەخۆرانی هەرێمە) دەبڕدرێن .
زۆرینەی ئەو دەرماڵە بێسەروبەرانە دەکەونە زۆنی سەوزەوە . ئەمەش مانای ئەوە نیە لە زۆنی زەرددا نەکرابێت . بەڵکە جیاوازیەکە لە چۆنیەتی زیادکردنی دەرماڵەکاندایە . لەزۆنی سەوزدا نزیکەی ١٠٠ هەزار موچەخۆری سەربازی و مەدەنی هەیە دەرماڵەکانیان بەپێ ی پلەی وەزیفی پی بەخشراو بەرزکراوەتەوە . موچەکانیان لە ٩٠٠ هەزار دینارەوە تا ٥ ملیۆن دینار دەبێت . لەم پێداچوونەوەیەدا موچەکانیان دەرماڵە تەزویرەکانی لێدەردەکرێت ، دادابەزێت بۆ لە ١٤٠ هەزارەوە تاوەکو ٥٠٠ هەزار . جیاوازیەکە گەورەیە و کاریگەریش لەداهاتی دەیان هەزار خێزان دەکات . بەڵام لەزۆنی زەرددا بە سیستەمێکی تر دەرماڵەیان بۆ موچەخۆرەکانی خۆیان زیادکردووە ئەویش بە زیادکرنی ساڵی خزمەت . لێرەدا تا ڕادەیەکی زۆرباش دەرماڵەکان وەک خۆیان دەمێننەوە و پیداچوونەوەکە کاریگەری ناکاتە سەر موچەخۆرانی ئەوێ لە هەردوو کەرتی مەدەنی و سەربازیدا .
کەمبوونەوەی موچەی زۆنی سەوز بەهۆی هەڵەی زیادکردنی دەرماڵەی تەزویرەوە دەکاتە کەمبونەوەی توانای کڕین لەناو بازاڕ و ئابووری سلێمانی دا . بەمەش ئابووری سلێمانی بەیەکجاری بەرەو ئیفلاسبوون و وشک بوونەوە دەچێت ، بەناوی چاکسازیەوە لەسەر دەستی عەرابەکانی گۆڕانکاری لە زۆنی سەوزدا .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.