ئێمە و مەرگی سپی

لەلایەن ستاندار Posted on 273 جار بینراوە

هۆشیار جەمال

لە هەرێمی کوردستان بە گشتی و لە سنوری پارێزگای سلێمانی بە تایبەتی ڕۆژ نیە هەواڵی گیان لەدەستدانی ئەزیزانمان ڕامان نەچەڵکێنێت،مەرگیان نەبێتە سەردێری هەواڵەکان ئەویش بە هۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە کە بەمەرگی سپی ناسراوە.

بەگوێرەی ئامارێکی فەرمی تەنها لەساڵی ٢٠١٩دا لەسنوری سلێمانی بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆوە ١٩٠ کەس گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە ٣ هەزار کەسیش برینداربوون،کەبەگوێرەی ئەم ئامارانەبێت لەهەر ڕۆژێکدا ١٠ کەس بوون بە قوربانی!
زۆربوونی ڕووداوەکانی هاتووچۆ لەهەرێمی کوردستان شکستی حکومەتی هەرێم دەردەخات وەک چۆن لە سەرجەم بوارەکانی تری خزمەتگوزاری شکستی هێناوە، لەچارەکه سەدەی حوکمرانیدا نەیتوانیوە پرۆژەیەکەی خزمەتگوزاری ستراتیجی جێ بەجێ بکات.

تەنانەت لەبواری ڕێگاوبان و هاتووچۆدا نەتوانیوە سەرکەوتووبێت لە فراوان کردن و دروستکردنی ڕێگاوبانی نوێ، کە لەگەڵ گەشەسەندنی دانیشوان و ژمارەی شۆفێران و ئوتومبێلەکانی هەرێمی کوردستان بگونجێت،لەکاتێکدا کەبەدرێژای حکومرانی ئەم حیزبانە ملیۆنان دۆلار بۆ ڕێگاکانی هاتووچۆ تەرخان کراوە، بەڵام بەهۆی گەندەڵی ودزیەوە لەجیاتی دروستکردنی جادەی نوێ و فراوانکردنی هەرماوەی جارێک دەچنە سەر جادە کۆنەکان و دەست دەکەن بە پینەکردنی بەناوی نۆژەنکردنەوەی جادەکان، لەکاتێکدا هەر ئەو کاتەی سەرقاڵی پینەکردنی بەشێک لەجادەکەن فەوزا و قەرەباڵغیەکی زۆر لەسەیری دروست دەبێت کە دواتر دەبێتە هۆی دروستبوونی ڕوداوی هاتوچۆی تر.

یەکێکیتر لە هۆکارەکانی بەردەوامی ڕوداوەکانی هاتووچۆ هاتنی بەردەوامی ئوتومبێلە لە ڕێگای کۆمپانیاکانی هێنانی ئوتومبێلەوە کە بەشێکی زۆریان هی بەرپرسەکان و ئەو سەرمایەدارانەیە کە بەرپرسانیان لە پشتەوەیە، کە بەبێ ئەوی حساب بۆ زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و جەنجاڵی شەقام و ڕێگاوبانەکان بکەن .

هەروەها هۆکارێکی تری ڕووداوەکانی هاتووچۆ کە لە هەرچرکەیەکدا بێت ئەبێ بە ئاسایی وەربگرین یەخەی هەرتاکێکی ئەم کۆمەڵگایە بگرێت، ئەو گەندەڵیە بێ زۆرەیە کە لەکاتی پێدانی مۆڵەتی شۆفێریدا دەکرێت، کە ئەمیان دووسەرەیە واتا چەندێک حکومەت و دەزگای پەیوەندیدار لێی بەرپرسە لەوەی کەسی نەشیاو ناشارەزا مۆڵەتی شۆفیری پێ ئەدرێت لە ڕێگای واستە و خزم خزمێنەوە، ئەوەندەش تاکەکانی کۆمەڵگا بەرپرسن چونکە ئەو گەندەڵیان هاوشێوەی سیاسیەکان لا ئاسایە و پێکەنیان پێدێت کە پێیان دەڵێت گەندەڵ، کە بە بێ ئەوەی توانای شۆفێریان هەبێت ئەم مۆڵەتە بە نایاسای بەدەست دەهێنن، لەکاتی ڕۆشتنیدا بە تیژرەویەکی زۆر دەڕۆن و ڕەچاوی هیچ یاسا و ڕێنمایەک ناکەن و کەسانی تریش دەکەن بە قوربانی.

یاساش بەدەرنیە لە زیادبوونی ڕووداوەکانی هاتووچۆ چونکە سزای کەم دەسەپێنێت بەسەر ئەو کەسەی بەهۆی خێرا ڕۆیشتنەوە ژیانی لە کەسانی تردەسەنێتەوە، بەتایبەت کاتێک تۆمەتبارەکە ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتی بۆ بکرێت لەدەرەوەی یاسا، لەدوای شەش مانگ لەحکومدانی دەگەرێتەوە ناو کۆمەڵگا و زۆربەیان بەهەمان ئەقڵێتی پێشوە دەگەرێنەوە بۆ شۆفێری کردن، هاوشێوەی ئەقڵیتی ئەوسیاسیانە حکومرانی هەرێم دەکەن و بەهیچ شێوەیەک پلان و بەرنامەیان نیە ئەم گرفتە گەورەیە چارەسەربکەن، هەمووکەسێک دەبێت لە چاوەڕوانی مەرگی خۆیدابێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.