تویتەکەی ئالوسی
دکتۆر قارەمان شێخ بزێنی
ئالوسی دەنوسێت پێنج هەزار کورسی پێنج هەزار کورسی پێنج هەزار کورسی تەرخان کراوە بۆ خوێندنی باڵا، بەڵام لە بەغداد سەیرو سەمرەو هونەر بە هەڵگرانی دین و داهاتی گشتی و خوێنی مرۆڤەکانەوە بە ملیۆنی ئەنجام دەدرێت. ئەم تویتە پیاهەڵدانە یان ڕەخنە؟ پاڵنەرە یان ڕوخێنەر؟ دڵسۆزیە یان دژایەتی؟ پەندە یان سەبردە؟ دەستکەوتە یان ئەرکە؟ خزمەتە یان داڕمانە؟ بڕوانامە بەخشینەوەیە یان پڕکردنەوەی پێداویستی؟ گەڕانەوەی داهاتە یان بە فیڕۆدان؟ بەخشینی ئومێدە یان بێهیواکردنە؟ بەرزکردنەوەی زانستە یان ماڵوێرانی؟ بەڕێز جەنابی وەزیر لە گۆشەیەکی بچوکی ئەو تویتەوە دەمەوێت گفتوگۆیەکی داهێنەرانە ساز بکەین،
هەڵبەتە تویتەکە بۆ بەڕێزتان و پلانی نوێی وەزارەتەکەتان پیاهەڵدانە و ڕەخنەی توندیشتە لە سەرکردایەتی سیاسی و ڕابەرانی ئاینی عێراق دەگرێت، بەڵام بۆ جەنابتان و وەزارەتەکەمان جێگەی گرنگی پێدانە و ئەو پرسیارانەی کە ئێمە لە سەرەوە وروژاندومانە پێویستە کاری لە سەر بکرێت ڕەنگە ئەمرۆ عێراق لە بارودۆخێکی خراپی ئابوری و نەبونی ئاسایش و بێ ئومێدیدا بێت، مرۆی عێراقی لەوپەڕی دوودڵیدایە، خەڵکی نازانن ئاراستەی سیاسی و گڵۆڵی ڕوداوەکان بە چ ئاراستەیەک دەڕوات، شەقامەکانیش خوێنی لێ دەچۆڕێت،
زانکۆو پەیمانگاکانی پەکیان کەوتووە زانست لە قەیراندایە، مامۆستا باشەکان هەڵدێن و وڵات بەجێ دێڵن، بەڵام ئایا زانکۆکانی ئێراق لە ڕانکی نێودەوڵەتیدا لە پێشەنگ ترن بوراورد بە زانکۆکانی کوردستان یان زانکۆکانی کوردستان ڕانکی پێشەنگیان گرتووە؟! ئالوسی لە دڵسۆزی بۆ عێراق دەنوسێت و بیری بیرمەندان و سیاسەت مەداران دێنێتەوە کە ئەوان خەریکی خۆپیشاندانی ملیۆنی و ڕژانی خوێنن بەڵام وەزارەتی بەرێزتان پێنج هەزار کورسی ڕاگەیاندووە و دەیەوێت وڵات بینا بکاتەوە و ئایندە مسۆگەر بکات، ئەگەر ئەم تویتە بۆ سەرکردەکانی عێراق پاڵنەر بێت پێویستە بۆ ئێمەش پلاندانەر بێت، ژیرانە پرۆسەکە بەڕێوەبەرین، هەڵەکانی تواناسازی و کۆرسەکانی ڕابردوو بکەینە وێستەگەیەک بۆ داشتنی بەرنامەی تۆکمە بۆ پرۆژەی ئایندە، هەڵەکان بکەینە بنەمای بنیادنانەوە و ساغلم کردنی پرۆسەکە. [ ] ئەم پرۆسەیە لە نێوان ئەرک و دەسکەوتدا لام وایە ئەرکە و دەبێت بە ئەو پەڕی دڵسۆزی ڕایی بکرێت، بەڵام جێگەی دەستخۆشی و پێزانینێ پێشکەشکارانە و بە حەماسەتی زۆرەوە بەرەو پرۆژەی کردنەوەی ئەو پێنج هەزار کورسیەی خوێندنی باڵا دێن، دڵخۆش و شادمانن هەوڵەکانیان خستۆتە گەڕ کتیبخانە و بەشەکان ئاوەدان بونەتەوە، هەموان سەرقاڵی خوێندنن، سەڕەڕای تێچوو و خەرج کردنی مەبلەغێک بۆ پێشکەش کردن، بێ سڵەمینەوە بۆ هەر کورسیەک چەندین پێشکەشکار چونەتە پێشبڕکێوە، بۆیە کارەکەتان جێگەی دەستخۆشیە،
جگە لەوەی لە بواری داهات و گەڕانەوەی خەرجی و بە فیڕۆدانی پارە لە وڵاتاندا کاریگەری پۆزەتیڤی دەبێت، هەر لەم چەند ڕۆژانەدا زانکۆکان داهاتێکی زۆریان کۆکردۆتەوە تەنها بە پسولەی پێش کەش کردن، پاشان کرێی خوێندن دەبێتە سەرچاوەیەکی تری گرنگ بۆ زانکۆکانی کوردستان، بۆیە دەکرێت ئەم پرۆسەیە بەردەوام بێت، تاکو هەموو ئارەزومەندانی خوێندن سودی لێ ببینن، سەرەڕای ئەوەی کێشەی یەکسان کردنی بڕوانامەکان و دوور کەوتنە لە خانەوادەکان کەمتر دەکاتەوە و ڕەنگە بەشێک لە خەرجیەکانیش بۆ پێشکەشکاران بگێڕێتەوە. [ ] لام وایە پرۆسەکە بەخشینەوەی ئومێدە و هەوڵدانە بۆ بنیادنانی ئایندەیەکی جوانتر و گەشاوە تر، بەڵام پێویستە ئەوەمان بیر نەچێت کە پێویستە کاریگەریە نێگەتیڤەکانی ئەم پرۆسەیە کەم بکرێتەوە و پارێزگاری لە مەرج و ڕێنمایەکانی بکرێت، چونکە دەبێت ئەوە بزانین ئاستی زانکۆکان و لێهاتووی خوێندکاران لە ئاستی پێویست و تموحدا نیە و جێگەی ڕەخنەی زۆرن، تەنانەت خەریکە دەرچووەکانمان لە ئاستی ئەو بڕوانامەدا نەبن کە پێیان بەخشراوە، بۆیە سەرەڕای گەورەی ئەم پرۆسەیە بەڵام مامەلەی ژیرانە و هەڵسەنگاندنی لۆژیکانە ئەرک زانکۆکانە تا بڕوانامەکان لەو ئاستەدا بن کە زانستخواز پێی بەخشراوە.