کورد لە نێوان ئێران و ئەمریکادا

لەلایەن ستاندار Posted on 307 جار بینراوە

هونەر تۆفیق

کوردی عێراق ، هەموو شەڕەکانی ڕابردووی لەگەڵ دەستەڵاتی سیاسی سونەکانی عێراقدا بووە . لەپاش نەمانی حکومەتی سونە ( حکومی بەعس ) بە جۆرێکی تر کورد بەر سونەکەوتەوە ، لەشەڕی تیرۆردا دژ بە قاعیدە و دواتر داعش ڕووبەڕووی هێزە سونە توند ڕەوەکان بۆتەوە .
بەر لەکۆتایی جەنگی دژ بەداعش هەموو سەنتەرە سیاسی و چاودێرە ستراتیژیەکان گریمانەی جەنگی داهاتووی عێراقیان بە جەنگی کورد و شیعە پێشبینی کرد . سەرەتای ئەو شەڕە لە ریفراندۆمی جیابوونەوەی کورد لەعێراق دەستیپێکرد ، درزێکی گەورە کەوتە پەیوەندی مێژوویی نێوان کورد و شیعەوە .
لەپاش ڕوخاندنی کۆمارەکەی سەدام حسەین ، ئەمریکا کوردی وەک سەرەڕمی هێرشەکانی بۆسەر توندڕەوە سونەکان بەکارهێنا . لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا هیچ پاداشتێکی چاوەڕوانکراوی کوردی لە عێراقی دوای سەدامدا نەکرد .
ناکۆکیەکانی کورد و بەغدای بە پرسێکی نێوخۆیی و دەستوری ناو عێراق دەناساند ، لە گرێکوێرەکانی مادەی ١٤٠ و پرسی پێشمەرگە و نەوتدا ، ئەمریکا بێلایەن مایەوە و پشتیوانی کوردی نەکرد بۆ کردنەوەی گرێکوێرەکان .
لەپاش گرژبوون و بەرزبوونەوەی ئاستی ناکۆکی نێوان ئەمریکا و ئێران ، شیعەکانی عێراق خەریکە ناوماڵی خۆیان یەکدەخەنەوە و کۆدەنگی لەسەر دژبوون بەئەمریکا لەناویاندا دروست دەبێت . بەڵام کوردەکان لەپاش تیرۆرکردنی قاسم سلێمانیەوە وەک ئەوەی لە مۆتەکە قورسەکەی سەر سنگیان ڕزگاریان بووبێت ، توشی بێمنەتی بوون لە شیعە و ئێران .
لەناو ئەو ئاڵۆزی و گرژیانەی نێوان ئێران و ئەمریکادا ئەگەر بێلایەنی سەلبیان هەڵنەبژاردبێت ، بە کردەوە هاوسۆزیان بۆ ئەمریکا زیاترە . دەشێت ئەمریکا بۆ ئەم جەنگەش پێویستی بە کوردبێت ، وەک چۆن شەڕی سونەی پێکردن ، ئەمجارەشیان شەڕی شیعە بەکوردبکاتەوە .
لەم ئەگەرەیاندا کورد چۆن سونەی لە عێراقدا لەدەستدا ، شیعەکانیش لەدەست دەدەن کە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆهەستی تۆڵەی ئەو فشارانەی حەشدی شەعبی و ئێران لە ئەنجامی ریفراندۆمەکەدا خستیانە سەرکوردەکان . بەڵام ئەو هەستی تۆڵەکردنەوەی لەناو کورددایە دوو مەترسی گەورەی بەدواوەیە :
یەکەمیان ، نەبوونی گەرەنتی بردنەوە و هەڵگیرسانی شەڕێکی درێژخایەن .
دووەمیان ، لەئەگەری بردنەوەشدا ، نەبونی گەرەنتی تاسەر پشتیوانی ئەمریکایە لەکورد ، پێدەچێت ئەمریکا بە کوردی (شەڕکەر )سونەکانی عێراق بەهێزبکاتەوە و دواتر حکومەت و دەستەڵات بداتەوە بەسونە . جارێکی تر پرسەکەی بکاتەوە بە مەسەلەیەکی نێوخۆیی عێراق و پشت بکاتەوە کوردەکان .
کورد لە سەرەوەختی ڕیفراندۆمەکەیدا متمانەی بەنامە و بەڵێنەکەی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتەی ئەمریکا نەبوو و داوای زەمانەتی زیاتری لە ئەمریکا دەکرد بۆ بردنەسەری بەڵێنەکەی تیلەرسن ، ئایا ئێستا بەبێ هیچ بەڵێنێک ئامادەیە لەپێناو ئەمریکادا خۆی بخاتە جەنگێکەوە کە ئەنجامەکەی لەدەستدانی هەم سونەو هەم شیعەدەبێت لە عێراقدا ؟!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.