بـــــــــــۆ سلێمانی؟

لەلایەن ستاندار Posted on 245 جار بینراوە

سامانی وەستا بەکر

چاندنی ئاشتی زۆر لە هەڵکەنینی ڕق قورسترە.
تێبینی/ هەر ناوهێنانێکی سلێمانی مەبەست لێی هەڵەبجەو گەرمیان و ئیدارەی ڕاپەڕین و پاشان سلێمانیە.
ئەوەی ئیدارە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتی هەرێم ئەیکەن زۆر لە چاندنی ڕق ئەچێ لە نێوان دەڤەرە جیاوازەکانی هەرێما نەک ‌هەڵکەنین و بنەبڕکردنی دووبەرەکی.
ئاخر کابینەکانی پێشووی نێچیرڤان بارزانی و ئەوەی ئێستای مەسرور بارزانیش هەمان ئەو سیاسەتە بەرامبەر سلێمانی جێبەجێ ئەکەن کە لەسەردەمی حکومەتی بەعسا جێبەجێ ئەکرا.
بەعس کاتێ دڵنیابوو کە سلێمانی بۆ دەستەمۆ ناکرێ و بە ئاسانی ملکەچناکا ئیتر بیری بۆ دوو شت چوو بیکا بەرامبەر سلێمانی، ئەوانیش:
یەکەمیان دژایەتی سلێمانی لەڕێی ئازاردانی گەنجەکانی شار و سەرکوتکردنی خەڵکەکەی و ناردنی زۆرترین هێز بۆ چاوترساندنی خەڵکەکەی.
دوومیش لەڕێی بچوکردنەوەی جوگرافیای سلێمانی و کێشانی بازنەیەک بەدەوریا کە بە شەقامی شەستییەکەی سلێمانی ناسراوە و ناساندنی ئەودیووی شەقامەکە وەک “الارض المحرمة”واتا زەوی قەدەغەکراو.
ئەوکات حیزبی بەعس ناهەقی نەبوو وا لە سلێمانی بکات چونکە سلێمانی بووبووە لانەی کۆی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکان و بنکەی چەماوەری زۆربەی حیزبەکان ئەگەر هەمووشیان نەبێ هەرچەندە گومان هەیە پێش ڕاپەڕین هیچ حیزبێکی کوردستانی بنکەی جەماوەری و ڕێکخراوی لە هیچ شارێکا وێنەی سلێمانی هەبووبێ.
سلێمانی بۆ حکومەتی ئەو سەردەمەی بەغا زیاتر ناوچەیەکی شەڕ و ئاشوب ئەچوو تا شارێک بەهۆی ئەو پۆلە کچ و کوڕەی سلێمانیەوە کە یان ڕوویان لە شاخ کردبوو یان لەناو شارا خەریکی کاری ڕێکخستن بوون. ئەم گەنجانە بە شێوەی جیاواز جیاواز بەردەوام لەڕێی چالاکی ڕامیاری، پارتیزانی، ڕێکخراوەیی، ڕێکخستن و پەکخستنی کاری حیزبی بەعسەوە وایان کردبوو کە حکومەتی ئەو کاتە زۆرترین چاودێری لەسەر سلێمانی هەبێ و لەو ڕێیەشەوە زۆرترین وێرانکاری لە سلێمانیا ئەنجامبات.
باشە ئایا سلێمانی بەروبوومی ئەو هەموو شۆڕش و یاخی بوون و هەڵچون داچوونەی بەرامبەر حیزبی بەعس ئەیکرد لە پێش ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ هیچی چنیەوە یان پاداشتی ئەو زوڵمەی لەسەری بوو قەرەبوو کرایەوە؟
ئەگەر بەراوردێک لە پێش سلێمانیەکەی پێش ساڵێ ١٩٩١ و سلێمانیەکەی ئێستا بکەین بێگومان وەڵامەکە “نەخیر”ە.
خۆ ئەگەر ئەو کارو خزمەت و جوانکاریانەی لەسەردەستی کەرتی تایبەت و دەوڵەمەند و خەڵکی شارەکە خۆیا کراوە لابەرین ئەوا زۆر بەڕوونی دەرەکەوێ کە حکومەتی هەرێم هەمان سیاسەتەکەی حێزبی بەعس دەرهەق بە سلێمانی پەیڕەو ئەکا و بەردەوامی بە هەردوو کارەکەی ئەو بەعسیە نەگلیسە ئەیا دژی سلێمانی. هەم لە ئازاردانی خەڵکی شار ئەگەر ئازاری فیزیکیش نەبێ ئەوا ئازاری دروونی خەڵکی شار بەردەوامە کاتێک ئەبینرێ ڕۆژ بەڕۆژ لەکۆی سێکتەرەکانا سلێمانی پشتگوێ ئەخرێ و بەراورد بە زۆری ژمارەی دانیشتوانەکەی و بەرینی خاکەکەی کەمترین بودجەی بۆ سەرفەکرێ یان ئەگەر بۆشی سەرف کرێ ئەوا بۆی خەرچ ناکرێ.
ئازاری دەروونی خەڵکی سلێمانی ئەوە نیە کە گرنگی بە هەولێرو دهۆک بیرێ بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەو ئومێدی سیاسیەکانە کە خەڵك وابیرکاتەوەو دووبەرەکی خەڵکی ئەو دەڤەرانە لە هەڵکشانابێ هەتا خۆیان سوودمەندبن بەڵکو هەموو بەرەو پیش چوونێکی هەولێر و دهۆک یان هەر ناوچەیەکی تری کوردستان مایەی دڵخۆشی کۆی هەموو کوردێکە بە تایبەتی خەڵکی بەخشندەیی سلێمانی، هەولێر شایەنی خزمەتی زیاترە و بودجەی پێویستیش هەیە بۆ برەو پەرەپێدانی تا لە ئێستا جوانتربێ بەڵام پێویستە بودجەی سلێمانیش هاوتای گەورەی شارەکەبێ.
ئازاری دەروونی خەڵکی سلێمانی ئەوەیە کاتێک ئەبینرێ کە حکومەت لەبەر کێبڕکێی و بەرژەوەندی دوو حیزب و دوو کۆمپانیا و دوو بنەماڵە سلێمانی بکرێتە قوربانی.
ئاخر کەی کێشەی سلێمانیە تێچووی شەقامی سەد مەتری سلێمانی هەرچەندێکبێ و بەراورد بکرێ بە تێچووی شەقامی ١٢٠ مەتری هەولێر، مەگەر ئەوە کاری حکومەت نیە؟
خۆ ئەگەر حکومەتێک نەتوانێ تەندەر بە شێوەی زیادکرنی ئاشکرا بدات بە کۆمپانیایەک کە باشترین کوالیتی و بە کەمترین تێچوو کارەکە ئەنجامبات لەترسی هەڕەشەی کۆمپانیایەکی ئەملا یان ئەولا ئیتر چ مانایەک بۆ بوونی حکومەت و سەرۆکەکەی ئەمێنێتەوە!
هیچ حیزبێک بۆ سلێمانی تێناکۆشێ هەروەک چۆن هیچ سیاسیەکی باڵا دەست و دەوڵەتمەداریش ئامادەنیە شەڕ بۆ ئەو شارە بکات. حیزبەکان تەنها سوود لە جۆش و ئازایەتی و ڕۆشنبیری و داهێنەرەکانی سلێمانی ئەبینن بۆ گەشەی حیزبی و کەسی خۆیان.
پارێزگارێ کە بە دەنگی ٢٤٠٠٠٠ کەس هەڵبژێرابێ و نەتوانێ پارێزەری مافەکانی شاربێ نەبونی باشترە لە بوونی، سەرۆکی حکومەت لایەنی کەم لەبەر بەرژەندی حیزبەکەی خۆ خۆشەویست کردنیشبێ ئەبوایە شەقامی ١٠٠ مەتری لەکارە پێشینەکانی بوایە بەڵام وا دیارە ڕق زاڵە بەسەر عەقڵا. جێگری سەرۆکی حکومەت ناهەقی ناگیرێ چونکە بۆ ئەو و حیزبەکەشی سلێمانی شوێنێکە بۆ ململانێی حیزبی و شکاندنی باڵەکان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.