یەکێتی و کارەساتی حزبی کوردی‎

لەلایەن ستاندار Posted on 279 جار بینراوە

ڕزگار عه‌لی

١. کێشەی حیزبی کوردی ئەوەیە حشامەتێک لە زەلام و عەقڵ ئەکاتە سەرکردایەتی و بێ ئەوەی سود لە زەلامێک و عەقڵێک وەربگرێ، یان دەواجار ئەوەی ھەیە کەسێک لە جیاتی ھەمووان بڕیار دەدات و بیردەکاتەوە، ئەمە واتای ئەوە ھەموو سەرکردایەتی جگە لە حاشاماتێک و پەککەوتەیەکی فکری، جگە لەوەی دەیانەوێت بێ مێشک و بێ بیرکردنەوە پێگەیان ھەبێت ھیچی دیکە نییە.
‎٢. ئەمەی ھەیە لەناو یەکێتی ئێستا ، پەیڕەوی ناوخۆ و سیستەمی نوێ نییە، بەلکو غیابی سیستەم و نیزامە، لەم بێ سیستەمەشدا، ئەوەی ھەیە دۆزینەوەی پۆستە بۆ ھەموو نەک کادیرەکانی، بەلکو دەنگدەرانیشی، دواجار رۆژێک دێت حزبەکە بە قەد مەکتەب سیاسییەکانی دەنگ ناھێنێ، ئەمەش واتە ئەوەی سەرکردایەتی بڕوای بە حزبەکەی خۆی نییە.
‎٣. حزب مووسسەیەکی بچوکە ، بۆ ئامانجێکی بالا و گرتنە دەستی حوکمەت ، ئەمەش لە کاتی ھەلبژاردن. وەلێ لە کوردستان حزب سەرە گەورەکەیە، ئەوەتا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا و پەرلەمانتار واز لە کارەکانیان دەھێنن لەبەر ئەوەی لە حزب پێگەیان وەرگرتووە، واتە حزب لێرە بەھا بەرزەکەیە، ئینجا دواجار چونکە حزبی کوردیش ھەڵگری کۆمەڵێ وردەبیرۆکەی خێڵە، ھەمووان بە نەتەوە و نیشتیمان و بەھا بەرزکانیش دەچنەوە خزمەتی وردە خێڵ و وردە مەکتەب سیاسی کە ئەگەر خێڵیش نەبێت ئەوان بەو پێگە حزبییە دیوەخان و مەزرەعە و ژیانی شاھانەی مۆدێرن بونیاد دەنێن، وەلێ دواجار عەقڵێتی ئیشکردن و بیرکردنەوەیان لە سەرۆک خێڵ تێناپەڕێت.

‎٤ . تەماشای ئەو وێنانە بکە، ئەوەی شارەزا نەبێت، یەکسەر بیرۆکەی بۆ جەماوەری تۆپی پێ، یان شەرەکەڵەشێرێک، یان دانیشتنێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەچێت کە بیەوێت سیستەمی نوێ جیھان دابڕێژێت، نازانن ئەوەی ھەیە ھی حزبێکە لەناو سێ شاردا ھەیە، لەناو سێ شارەکەش لەناو یەک شار و نیوە پێگەیەکیان ھەیە، پێ ئەچێت ئێستا یەکێتی بەقەد دەوڵەتێکی زلھێزی وەکو ئێران و موئسەسە و مەکتەب و ناوەند و کادیری ھەبێت، کارەساتەکە ئەوەیە ئەم حەشاماتە گەورەیە دواجار ( پێگە و دەسەڵات، پارەی زەبەلاح بۆ ئاواکردنی کۆشک، ژیانی شاھانا، چایچی، حیمایە ، دەیان دۆنم زەوی، بیرە نەوت، سەیارەی دەیاندەفتەری) و چەندین خزمەتی تر کە لە سەرۆک جاشەکان و خێڵەکان و سەرمایەدارە مۆدێرنەکان ھەیە دەیانەوێت.

5. لێرەدا قەباحەتی فیکری و بیرکردنەوە ئەوەیە، عەلەساس دەیانەوێت بیرکردنەوەی ھاوسەرۆکی بھێننە ناو خۆیانەوە، بێ ئەوەی بیانەوێت بزانن بۆچی و چۆن؟ سەرەتا بیرکردنەوەی ھاوسەرۆکی حزبێکی دیکە شکستی کۆی ئەزموونی دەیان ساڵە ڕێخستنەکانی خۆتە، واتە خۆت لە حەفتاکانەوە چیت بەرھەم ھێناوە، کەواتە ھەمووی ھەڵە بووە، ئەی ئەگەر ھەڵەبووە، ئەو ھەموو شەھید و خەباتە بۆچی بوو! لە لایەکی دیکەش سەرتاپای حیزبەکە پڕە لە گەندەڵستان و کارەکتەری بێ کەڵک و بارەگای زیادە، چۆن دەتەوێت لەسەر ئەمانە بیرکردنەوەی نوێ بھێنیتە ناو خۆت. ئەوەشی ھەیە وەرگرتنی سەتحێتێک لەناو ناوەڕۆکێک کە موفەکیری گەورە ئۆجەلان بونیادی ناوە، جگە لە بێمانایی ھیچی دیکە نییە، ناوەڕۆکی ئۆجەلان جەدەلێکی ( فیکری و سۆسۆلۆژی و فەلسەفییە) کە بە فعلی لە شەستەکانەوە دەستپێدەکات و بە گەڕانەوە بۆ کۆی فیکرەکان لە سەرەتاکانی مێژووەوە تا ئێستا. سەبارەت بە ھاوسەرۆکی نێوان ژن و پیاویش، ئەم جەدەلەی ئۆجەلان ئارکۆلۆژیانە لە واقیع و بونیادی کۆمەڵگە ڕۆچووە، لە خوارەوەی کۆمەڵگە کە تاک و خێزانە دەستیپێکردووە، دەستی بۆ ئاین بردووە و یاسای (احوال شخسیە) باری کەسێتی وەکو سەرچاوەی یاسا ھەلوەشاندۆتەوە، پەروەردەی دایکەکانی وەکو کەسایەتی سپارتەیی لە ڕووی ھێزەوە و لە ڕووی زیھنیشەوە وەکو ئەسیناییەک ئەنجام داوە، لەوێوە دایکی وەکو ژن، وەکو تاک کردۆتە سەنتەر و خێزان و کۆمەڵگەی ئێستای پێ بونیاد ناوە، ئەم بونیادە لە خوارەوە فۆڕمی وەرگرتووە تا گەیشتۆتە سەرەوە، ئێوەش وەکو حزبی کوردی جگە لەوەی سوڵتان و ئاغای نەوتن، جگە لە بونیادنانی چەتەگەرایی و وێرانە ھیچتان لە خوارەوە بونیاد نەناوە، ئینجا دێن و دەتانەوێت بە مریشکی خۆتانەوە ھێلکەی قاز بکەن.

 

ڕزگار عه‌لی- نوسه‌ر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.