رەعد رفعە
نزیكه‌ی مانگێكه محمد توفیق عه‌لاوی راسپێردراوه بۆ پێكهێنانی كابینه‌كه‌ی، له‌و چه‌ند رۆژه‌ی كۆتایی وپێش راگه‌یاندنی كابینه‌كه‌ی حزب وفراكسیۆنه كوردیه‌كان به‌خۆكه‌وتونه وبه‌شێوه‌یه‌كی زۆر لاواز له‌هه‌وڵی به‌شداریكردنن له كابینه نوییه‌كه وتازه بڕیاریانداوه بەم نزیکانە شاندێکی کوردستانی لە پێکهاتەی هەموو حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بچنە بەغدا بۆ دانووستان لەگەڵ حکومەتەکەی عەلاوی. ئه‌م بابه‌ته به‌و چه‌ند خاڵانه‌ی خواره‌وه ده‌خه‌مه روو:
یه‌كه‌م: كه تۆی كورد ده‌ستت نه‌بوو له لادانی عادل عه‌بدول مه‌هدی –به‌ڵكو تا كۆتا قۆناخیش هه‌ر پشتگیری مانه‌وه‌یان كرد- له پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، نابێت ئێستاش چاوه‌ڕێ بكه‌یت رۆڵت هه‌بێت له دانانی جێگره‌وه‌كه‌ی.
دووه‌م: حزب وفراكسیۆنه كوردیه‌كان له‌جیاتی دانانی پێشمه‌رجی ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی گه‌لی كورد بێت له سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو، هه‌ر حزبه‌و خه‌می به‌ده‌ستهێنانی پۆسته له كابینه نوێیه‌كه. حزبێكیان مه‌رجی ئه‌وه‌یه ده‌بێ وه‌زیره كۆنه‌كانی دابنرێته‌وه یان وه‌زیری حزبی نوێ له‌جیاتیان دابنرێت، حزبێكیان داوا ده‌كات ئەو پۆستانەی کە پشکی کوردن لە بەغدا لە نێوان لایەنە کوردستانیەکاندا دابەشبکرێن و هەرلایەنێکیش بەپێی قەبارەی وسەنگی خۆی پشک وەربگرێت.
سێیه‌م: هه‌روه‌كو پیشه‌ی جارانیان، حزبه‌كان -كار گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاری كوردیش به تاكی- به‌جودایی وپه‌نهانی وبه‌دزه‌دزه گفتوگۆ ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو. به‌ڵام كاتێك هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵات باریان لار ده‌بێت داوای یه‌كڕیزی ویه‌ك هه‌ڵوێستی ده‌كه‌ن له حزبه‌كانی تر. ئه‌وه جگه له‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكه راسته‌قینه‌كه‌ی مفاوه‌زات وداوایه‌كانیان به‌نهێنی ده‌هێڵنه‌وه وتا بكرێت له خه‌ڵكی ده‌شارنه‌وه، مه‌گه‌ر له میدیا عه‌ره‌بی وجیهانیه‌كان شتێكی لێ ئاشكرابێت.
چواره‌م: لاوازی ئه‌و حزب وفراسیۆنانه به ئاشكرا ره‌نگی داوه‌ته‌وه له شێوازی دانوستانه‌كانیان. حزب هه‌یه عه‌لاوی ته‌نها نوێنه‌ری خۆی بۆ سه‌رۆك ومه‌رجه‌عه‌كه‌ی ناردوه، فراكسیۆن هه‌یه به‌نامه‌ی سۆشیال میدیا به‌ڵێنی ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ر وپێشمه‌رگه‌ی لێوه‌رگرتوه، به‌رپرسی باڵای حزب هه‌یه ته‌نها به ته‌له‌فۆنێك پشتیوانی لە حكومەته‌كه‌ی عه‌لاوی ده‌كات به‌مه‌رجێك مافە دەستووری و داراییەكانی كورد تێیدا پارێراو بێ.
جێگای تێرامان وسه‌رسوڕمانه له ووڵاتان به‌ڵكو له عێراقیش، متمانه نابه‌خشرێته كابینه‌ی حكومه‌ت تا سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو كارنامه‌كه‌ی نه‌خاته‌روو كه به‌رنامه‌ی ووردی حكومه‌ته‌كه‌ی تێدابێت وسه‌قفی زه‌مه‌نی دیاریكراوبێت بۆ جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كان. به‌ڵكو ده‌بێ حزبه‌كان جێده‌ستیان دیاربێت له نوسینه‌وه ودارشتنی كارنامه‌ی حكومه‌ته‌كه، ئه‌مه‌ش به پرۆسه‌یه‌كی دانوستانی دورو درێژ و ورد كه‌چه‌ندین پسپۆر وخاوه‌ن ئه‌زمون تێیدا به‌شدار ده‌بن نه‌ك به‌نامه وته‌له‌فۆنێك متمانه ببه‌خشیته حكومه‌تێك كه‌نازانی چی له‌هه‌گبه‌یدایه.