یەک مانگ پشوو دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا

لەلایەن ستاندار Posted on 459 جار بینراوە

ئارام هادی
پەندێک هەیە دەڵێ “کەس حەزناکات دڕکێک بچێت بە قاچیدا، بەڵام قاچت ببڕنەوە لەوەباشترە بمری”، منیش پێمباش نیە حکومەت یەک مانگ بکاتە پشوی گشتی کە زەرەر و زیانەکانی لەژمارە نایەن، بەڵام باشترە لەوەی هەرێمەکەمان ڕووبەڕووی کاولکاری بێتەوە، ئەم پشوەش بەمەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و هاتوچۆیە لە ( فەرمانگە. خوێندنگا. مزگەوت. پرسە. شایی. کافیتریا) و شوێنە گشتیەکانیتر، ئەم ڤایرۆسەش جگە لە چین لە 30وڵاتیتر بڵاو بۆتەوە و بەشێک لەو وڵاتانەش لە هەرەپێشکەوتوەکانی جیهانن، بەم پێیەش ئاساییە لە هەرێمی کوردستانیش بڵاو بێتەوە، ئەوەی کەنائاساییە ئەوەیە، ئێمە توانای چارەسەرکردنیمان نیە، مەگەر خوا بمانپارێزێت.

پێویستە حکومەتی هەرێم ئامادەکاریەکانی زیاتر بکات بۆ ڕووبەڕوونەوەی پاراستنی گیانی هاوڵاتیەکانی لە مەترسی ئەگەری بڵاو بونەوەی (ڤایرۆسی کۆرۆنا)، هەروەها هۆشداریەکانیشی توندتربکات و میدیاکانیش زیاتر گرنگی بەهۆشیارکردنەوەی خەڵک بدەن لە بواری پاکوخاوێنی، لەکاتێکدا تادێت ڤایرۆسەکە سنوری وڵاتەکان زیاتر دەبڕێت و تائێستاش جگە لە وڵاتی چین، کەسەرچاوەی سەرهەڵدانی نەخۆشیەکەیە، ڤایرۆسەکە لە 30وڵاتیتر بڵاو بۆتەوە، لەنوێترین هەواڵیشدا ئەمڕۆ دوو حاڵەت لە شاری قومی کۆماری ئیسلامی ئیران ڕاگەیەندرا.

ئێمە خۆمان و حکومەتەکەمان باش دەناسین، لە ئەگەری بڵاو بونەوەی ڤایرۆسەکەدا نەک چارەسەرەکەیمان نیە، تەنانەت تاقیگەیەکی واشمان نیە کە دەریخات ئەو نەخۆشیە لەهەرێم بونی هەیە یاننا؟، ئەمەش سەرباری ئەوەی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەڵێن “تا ئێستا گومانیش لە بڵاو بونەوەی ناکەین”، بەڵام بەکام ئاماری ورد و باوەڕپێکراوی بەردەست؟!!.

ئەوەی وادەکات کە زیاتر لە ڕابردوو خۆمان بپارێزین، ئەوەیە ئەمڕۆ ڤایرۆسەکە لە ئیران بڵاو بۆتەوە، کە دراوسێمانە، ئەگەریش هەیە هێدی هێدی بێتە ناو سنورەکانی هەرێم و خۆی وەک میوانێکی نەخوازراو و ڕەضا قورس پیشانبدا، ئەم نوسینەش مەرج نیە تۆی خوێنەر بترسێنێت، ئەوەی لەسەرتۆ پێویستە لەبری ترس، ڕێگاکانی خۆپاراستن بگرەبەر.

ڕەنگە پێشنیاری یەک مانگ پشو، جگە لە حکومەت بەلای تۆی خوێنەریشەوە قورس بێت، بەڵام لەبەرامبەر ژیانێکی تەندروست و سەلامەت ئاسانە و سەرسوڕمانیشی ناوێت، دوای یەک مانگیتریش حەتمەن کەش و هەوا لەئێستا گەرمتر دەبێت، وەک دەشڵێن ئەم ڤایرۆسە توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ کەشی گەرم نیە و لەناو دەچێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.