بەم جۆرە چەکە هێزەکانى ئاسایشی عێراق خۆپیشاندەرێک دەکوژن

لەلایەن ستاندار Posted on 361 جار بینراوە 0 سەرنج
بەغدا ـ AA

ماوەی ١٧ رۆژە شەپۆلی دووەمی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی تری ناوەڕاست و باشووری عێراق بەردەوامییان ھەیە.

خۆپیشاندەران مکووڕن لەسەر داواکاری خۆیان بۆ لەکارخستنی حکوومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی عادل عەبدولمەھدی و دوورخستنەوەی ھەموو ئەو بەرپرسانەی تر کە بەتێوگلان لە گەندەڵی تۆمەتبارن.

خۆپیشاندەران لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە لە ھەوڵی بەردەوامدان بۆ تێپەڕکردنی چەند پردێکی ناوەراستی بەغدا و گەیشتن بە ناوچەی سەوز، بەڵام ھێزە ئەمنییەکان بەتوندی رووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبنەوە و رێگری دەکەن لەوەی توڕەیی خۆپیشاندەران بگاتە ئەو ناوچەیە.

ناوچەی سەوز ناوچەیەکی ھەستیارە و دەکەوێتە ناوەڕاستی بەغدا، بارەگای حکوومەت و پەرلەمان و ماڵی بەرپرسان و باڵیۆزخانە بیانییەکان دەکەونە ئەم ناوچەیەوە و لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە بەچڕی پاسەوانی دەکرێت.

ئەمڕۆش، ھێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوە پێکردنی خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی خەلانی لە ناوەڕاستی بەغدا، بڕێکی زۆر بۆمبی گازی فرمێسک رێژیان ھەڵدایە نێو خۆپیشاندەرانەوە، بەو ھۆیەوە دەیان کەس لەخۆپیشاندەران برینداربوون.

ھەروەھا لە پارێزگای میسان باشووری عێراق، خۆپیشاندەران دەروازەی سنووریی شیبی لەگەڵ ئێران و رێگای یەک لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی شارەکەیان داخست.

لەلای خۆیەوە سەرچاوەیەکی پزیشکیی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "لە ئاکامی ھەوڵی ھێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران لە پارێزگای بەسڕە باشووری عێراق، سێ کەس کوژران و ٣٠ی دیکە برینداربوون".

لە شاری ناسرییە ناوەندی پارێزگای زیقاریش، بەھۆی ھەوڵی ھێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران، ٤٠ خۆپیشاندەر برینداربوون لە نێویاندا ژمارەیەک قوتابی و مامۆستا ھەن.

لەلایەکی ترەوە لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتییەکانی کۆمار، ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق جەخت کرایەوە لە مافی رەوای داواکاری خۆپیشاندەران و وەڵامدانەوەی داوا رەواکانیان، داواش کرا خۆپیشاندەران لەسەر شێوازی مەدەنی و ئاشتییانەی خۆیان بمێننەوە. ( Murtadha Sudani - ئاژانسی ئانادۆڵو )

ستاندەر

سەرچاوەکانی پۆلیس بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان گوتووە:سێشەممەى دوێنێ هێزەکانی ئاسایشی عێراق بە فیشەکی چەکێکی ڕاوکردن خۆپیشاندەرێکیان کوشتووە و پێنج خۆپیشاندەریشیان بریندار کردووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *