تورکیا و روسیا لە رێکەوتنی سوچیەوە بۆ شەڕی ئیدلب

لەلایەن ستاندار Posted on 317 جار بینراوە

هیوا سەید سەلیم
رێکەوتنامەی سوچی کە لە ١٩ی سێبتێمبەری٢٠١٨، تایبەت بە بارودۆخی ئیدلب لە سوریا، لە نێوان روسیا و تورکیا واژۆکراوە، وە لەو ریکەوتنامەیە ئایندەی هێزە توندڕەوەکانی ئەو ناوچەیە کە لە لایەن حکومەتی تورکیا پشتیوانیان لێدەکرێت یەکلاکراوەتەوە بەوەی دەبێت تورکیا پشتیان تێبکات.
چەند رۆژێکە پرسی ئەو رێکەوتنامەیە بۆتە خاڵی ناکۆکی نێوان ئەو دوو ولاتە، هەریکە و ئەوی دیکە بە پێشێلکردنی رێکەوتنامەکە تۆمەتبار دەکات.
بە پێی رێکەوتنامەی سوچی کە لە دە خاڵ پێکهاتووە، دەبوو تورکیا تا ١٥ ئۆکتۆبەر٢٠١٩ تەواوی هێزە توندڕەوەکان لەو ناوچەیە دووربخاتەوە.
بۆ ئەم مەبەستە روسیا چەندین جار هۆشیاری بە تورکیا دا، کە دەبێت پابەند بێت بە بەندەکانی رێکوتنامەکە، ئەو هێزانە لەو ناوچەیە دووربخاتەوە، وە گرەنتی ئەوە بدات کە رێکخراوە تیرۆرستیەکانی لە شێوەی پاشماوەی نەسڕە و ئەحڕار شام و ئەوانی دیکە کە لەسەر تورکیا هەژمار دەکرێن، هێرش نەکەنە سەر بنکەکانی روسیا لە نێو خاکی سوریا.
ساڵێک زیاتر بەسەر ریکەوتنامەکە تێدەپەڕێت، تورکیا نەک پشتی لە تیرۆرستان نەکرد، بگرە بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانەی لەگەڵ روسیای هاوپەیمانی تێیکەوتووە، ویستی پرسی ئەو رێکخراوە تیرۆرستیان بە گواستنەویان لە سوریا بۆ لیبیا چارەسەر بکات.
بەڵام لەوێش روبەڕووی ناڕەزایی توندی روسیا و وڵاتانی دیکەی ئەورپا و ئەمەریکا و هاوپەیانەکانی ئەمەریکاش بووەوە.
هاوشێوەی روسیا تورکیاش پێی وایە کە روسیا پێشێلی رێکەوتنامەی سوچی کردووە، وە بۆ هێرش و پەلاماری سەر ئیدلب پشتیوانی لە سوپای سوریا دەکات.
گرژیەکانی نێوان روسیا و تورکیا کە خەریکە پەلدەکێشێت بۆ پێکدادانی سەربازی زادەی شکستی هەوڵە دبلۆماسیەکانی نێوان هەر دوو وڵاتە، کە لە کۆتایی هەفتە لەسەر ئاستی جێگری وەزیری دەرەوی هەردوو وڵات (روسیا و تورکیا) لە ئەنقەڕە کاری لەسەر دەکرا.
لەگەڵ ئەوەی کە پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا و روسیا لە ماوەی سێ سەدەی ڕابردوو بریتی بووە لە شەڕ و دواتر رێکەوتن، لە ماوەی ئەو سێ سەدەیە ١٥ جار شەڕ لە نێوان ئەو دووانە رویداوە. بەڵام لە پرسی سوریا هەریەک لە وڵاتی روسیا و تورکیا وەک دوو وڵاتی هاوپەیمان دەرکەوتن، وە بە یەکەوە خاوەنداریەتیان لە رێکەوتنامەی ئەستانە و سوچی کرد، تا بکرێنە جێگرەوەی ریکەوتنامەی جنێف کە ئەمەریکا سەرکردایەتی دەکرد.
نزیکبوونەوەی تورکیا و روسیا لە ئاستی سەربازی و ئابووری گەیشتە ئەوەی کە یەکەمیان پشت لە پاتریۆتی ئەمریکی بکات و سیستەمی مووشەکی S400 لە روسیا بکڕێژ، وە چەندین رێکەوتنامەی ئابووریش لە نێوانیان واژۆبکرێت بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە گوستنەوەی غازی روسیاوە هەیە بۆ ولاتانی ئەورپا.
نزیکبوونەوەی تورکیای ئەندامی ناتۆ لە روسیا، بووە جێگای نارەزایی ئەمەریکا بە تایبەتی و ئەندامانی ناتۆ بە گشتی، بۆیە زۆرێک لە چاودێران پێشبینی ئەوەیان کردبوو کە تورکیا دەبێت باجی ئەو یاریە بدات کە لە نێوان روسیا و ئەمەریکا دەیکات.
ئێستا کە نێوانی روسیا و تورکیا خەریکە تێکدەچێت، پێشبینی ناکرێت کە ئەمەریکا بە هانای تورکیا بچێت، پێشتریش وەک ناتۆ ئەوەیان بە گۆێی ئەردۆغان داداوە، بۆیە تاکە چەک کە ئەردۆغان پەنای بۆببات، بریتیە لە چەکی پەنابەرانی سوریا، ئەگەرنا تورکیا باش دەزانێت لە شەڕی ئیدلب دۆڕاو دەردەچێت، چونکە روسیا ئامادەنیە مەیدانەکەی بۆ چۆل بکات، تا تورکیا لە رێگەی رێکخراوە تیرۆرستیەکان تەڕاتێن لەو ناوچەیە بکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.