چوارچێوەیی یاسایی نێودەوڵەتی ‌گشتی بۆ رێکەوتنی نێوان ئەمریکاو تاڵیبان

لەلایەن ستاندار Posted on 348 جار بینراوە

دەریا محمد

دوای نزیکەی ١٩ ساڵ لە شەر و کوشتن و ماڵوێرانی ، دواجار حکومەتی ویلایەتە یکگرتوەکانی ئەمه‌ریکا و بزووتنەوەی چەکداری تاڵیبان رێککەوتن .
رۆژی شەممە ۲۹ ی فێبراوەری ۲۰۲۰ رێكکەوتنی ئاشتی لە نێوان ئەمەریکا و بزوتنەوەی تاڵیبان، لە ده‌وحەی پایتەختی قەتەر کە تاڵیبان نوێنەرایەتی لەو وڵاته‌ ھەیە بە ئامادەبوونى نوێنەرى 18 وڵات کە لە نێوانیاندا وەزیرانى دەرەوەى ئەمریکا و پاکستان و تورکیا و قەتەر و چوار ڕێکخراوى نیودەوڵەتى هەبوون، و سەرکردەکانی بزوتنەوەى تاڵیبانى ئەفغانستان و ئەمریکا بەبێ ئامادەبوونى نوێنەرى حکومەتى کابوڵ ئیمزایان لەسەر ڕیکەوتننامەیەک کرد بۆ کۆتایى هێنان بە درێژترین شەڕى ئەمریکا و تاڵیبان و گەڕانەوەى هیوا بۆ بنیاتنانەوەى ئەفغانستان و دەستپێکردنى قۆناغێکى نوێ لە ژیانى سیاسى لە وڵاتى ئەفغانستان

(ناوەرۆکی رێکەوتنامەکە )

۱ – پێنج ھەزار چەکداری تاڵیبان کە له‌ بەندیخانەکانی حکومەتی ئەفغانستاندان و ئەمریکادان دەبێت ئازاد بکرێن .
۲- تاڵیبانیش دەبێت 1000 گیراوی لای خۆی تا مانگی ئاداری داهاتوو ئازاد بكات .
۳- دەبێت ئەمه‌ریکا لە ماوەی ١٤ مانگدا لە ئەفغانستان بکشێتەوە.
٤- دەبێت تاڵیبان پەیوەندیەکانی لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە و ھێزە توندڕەوەکان بپچڕێنێت و ھاوکاری ئەمه‌ریکا و حکومەتی ئەفغانستان بکات و رێز لە مافی ژن و پیاو و ئایینە جیاوازەکان بگرێت
٥ – ئەمریکاو تاڵیبان هاوکاری یەکتردەکەن کە چیتر ئەفغانستان نەبێتە شوێنی کۆکردنەوەی گروپە تیرۆریستیەکان و سەرچاوەی ھەڕەشە بۆ خەڵکی ئەفغانستان و جیھان .

– ئەمه‌ریکا ٧٥٠ ملیار دۆلاری لە ئەفغانستان خەرجکردووە و وەڕەس بووە لەو شەڕە بێکۆتاییە. دوای نزیکەی ١٩ ساڵ شەڕ و کوژرانی دەیان ھەزار کەس، ھێشتا 50%ی خاکی ئەفغانستان لەدەستی ئەمه‌ریکاو ناتۆ و حکومەتی ئەفغانستاندایە و له‌ 50%ی دیكه‌ تا ئێستا هه‌ر لەدەستی تاڵیباندایە.

(چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی بۆ رێکەوتنەکە )

لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتی گشتیە بۆ ئەوەی رێکەوتنامەیەک بە رێکەوتنامەیەکی نێودەوڵەتی دابنرێ مەرجە کە دەبێ لە نێوان ئەمانە ببەسترێ ( دوو دەوڵەت کە هەردووکیان دەوڵەتی سەربەخۆی خاوەن سەروەری بن ، یان رێکەوتنی نێوان دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری و ڤاتیکان ، یان رێکەوتنی نێوان دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری و رێکخراوێکی نێودەوڵەتی ، یان رێکەوتنی دوو رێکخراوی نێودەوڵەتی )
لە هەمانکاتدا کۆمەڵێ رێکەوتنامە بە رێکەوتنامەی نێودەوڵەتی داناندرێت لەوانەش ( رێکەوتنامەی نێوان دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری و قەبیلە یان عەشیرەت ، یان ئەو عقدە زواجانەی لە نێوان بنەماڵەی پاشایەتی نێوان دوو دەوڵەت دەبەسترێ ، یان عقدی نێوان دەوڵەت و کۆمپانیا ، یان عقدی نێوان دوو کۆمپانیا )
کەواتە یاسای نێودەوڵەتی گشتی چوارچێوەی رێکەوتنامە نێودەوڵەتیەکانی دیاریکردوە ، لەبەر ئەوە ناتوانین ئەم رێکەوتنامەیە بە رێکەوتنامەیەکی نێودەوڵەتی دابنێین ، چونکە تاڵیبان جگە لە بزووتنەوەیەکی چەکداری هیچی تر نیە هەرچەندە خاوەنی لەسەدا پەنجای خاکی ئەفغانستانن و دوو دەوڵەت تعاملیان لەگەڵ دەکەن ، بەڵام دانپێدانراو نین لەلایەن زۆرینەی دەوڵەتانی جیهان وە دانپێدانراونین لەبەردەم رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و بە رێکخراوی تیرۆریستی ناسێنراون وە هەروەها لەحاڵەتی جێبەجێ نەکردنی رێکەوتنامەکە لەلایەن ئەمریکا یان تاڵیبان یان اخلال کردن بە ماددەیەکی رێکەوتنەکە ئەوا هیچکامیان ناتوانن لەبەردەم دادگای دادی نێودەوڵەتی داوا تۆماربکەن ، چونکە ئەم دادگایە تەنها ئەو داوایانە دەبینێ کە لە یاسای نێودەوڵەتی گشتی دانیپێدانراون .
بۆیە دەتوانین بڵێین رێکەوتنەکە دەکەوێتە دەرەوەی چوارچێوەی یاسای نێودەڵەتی گشتی و لە هیچ قالبێکی یاسای نێودەوڵەتی جێگای نابێتەوە ، وە لە خودی رێکەوتنەکەش ئەوە دیارینەکراوە ئایا تاڵیبان دەچێتەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی کابول یان نا ، کە ئەوەش لەداهاتو رەنگە ببێتە خاڵی لاوازی رێکەوتنامەکە . داهاتووش سەنگی مەحەک دەبێ بۆ بریاردان لەسەر رێکەوتنەکە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.