بۆچی کورد شکستی بە هەوڵەکانی عەلاوی هێنا بۆ پێکهێنانی حکومەت ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 397 جار بینراوە

عومەری علی محمد
ڕاسپاردنی محمد عەلاوی بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێڕاق لە لایەن سەرۆک کۆمارەوە پاش رەتکردنەوەی ژمارەیەک لە پالیوراوهات بۆ ئەو پۆستە ، چونکە زۆرینەی کاندیدەکانی تر لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە جێگەی رەزامەندی نەبوون و بە کاندیدی حزبی لە قەلەمیان دەدان یان پێشتر پۆستی حکومیان وەرگرتبوو یان بە هاوسۆز لەگەل کۆماری ئیسلامیان دەزانی ، دواجار سەرۆک کۆمار محمد عەلاوی راسپارد بۆ پێکهینانی حکومەت چونکە ئەم کارەکتەرە بەشێکی زۆر لە مەرجەکانی تێدابوو ، سەربەهیچ پارتێکی سیاسی نەبوو لە ئێستادا و هیچ پۆستێکی پەرلەمانی و حکومیشی نەبوو لەلایەکی تریشەوە جێگای رەزامەندی ئەمریکیەکان و ئیرانییەکانیش بوو ، خۆپیشاندەرانیش بەشێکیان پشتیوانیان لێ ئەکرد و لەلای بەشەکەی تریشیان جێگای گوومان بوو ، عەلاوی لەسەرەتای دەستپێکردنی هەوڵەکانیدا بۆ پێکهینانی کابینەکەی وەک نوێنەری خۆپیشاندەران خۆی نمایش دەکرد و بە شێوەیەکی گشتی جەختی دەکردەوە لەسەر جێبەجێکردنی سێ خاڵی سەرەکی کە هەر سێکیان لە مەرج و داواکانی خۆپیشاندەران بوون کە ئەوانیش: دیاریکردنی کاتێک بۆ ئەنجامدانی هەلبژاردنی پەرلەمان و بەرەوڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەدادگایی گەیناندی بکوژی خۆپیشاندەران بوو ، مەرجێکی سەرەکی عەلاوی بۆ دروستکردنی کابینەکەی ئەوە بوو کە نابێت هیچ کاندیدێک لەسەر بنەمای حزبی لە حکومەتەکەیدا بوونی هەبێت ، ئەم داوایەشی بووە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆر لە کوتلە سیاسیەکان رووبەرووی ببنەوە، کە لە نێویشیاندا کوتلەی کوردی و بە تایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان. عەلاوی لە بەیانی پاشەکشەکەیدا کە بۆ سەرۆک کۆماری ناردووە دان بەو راستییەدا دەنێت کە بەشێک لە پارتە سیاسیەکان ئامادە نەبوون واز لە کاندیدی حزبی بهێنن و لە پێناوی بەرژەوەندی نیشتیمانیدا دەنگ بە کابینەکەی بدەن ، لە هەمان کاتدا کەوتۆتە ژێر فشاری توند بۆ ئەوەی ئاراستەی حکومەتەکەی پی بگۆرن .
هەلوێستی کوتلە کوردییەکان لەسەرەتادا بە دوو ئاراستە بوو ، یەکەمیان ئاراستەی پارتەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی بوو کە گروپی ( ١٥ ) یان دروستکردبوو، بۆ ئەم مەبەستەش دوو جار کۆبوونەوەیان لەگەل عەلاویدا ئەنجامدابوو ، بە پێی لێدوانی چەند ئەندام پەرلەمانێکی ئەم گروپە ،عەلاوی بەڵێنی دابوو بە کورد کە درێژە بە دانی مووچەی هەرێم بدات و دان بە شایستە داراییەکانی پێشمەرگەدا بنێت و خەرجکردنی پارەی جوتیاران بە سالانی رابردووشەوە بدات و هیچ ریگرییەک دروست نەکات بۆ چەسپاندنی مادەی ١٤٠ و لە جیاتی سێ وەزیر ، وەزریرێك وەک جێگری سەرۆک وەزیران بە کورد بدات .
ئاراستەی دوووەم هەلوێستەکانی پارتی و یەکێتی بوو کە زۆر نیگەران بوون بە هەلوێستەکانی گروپی ١٥ و هەوڵی لە باربردنی ئەو گروپەیاندا ،بۆ ئەم مەبەستەش لە هەرێمی کوردستان پارتی بانگەشەیەکی بۆ حزبە کوردستانیەکان نارد هەتاکوو کۆبوونەوەیەک بکەن لەگەڵ هەر سێ سەرۆکایەتییەکە بۆ یەکخستنی هەلوێستیان لە ئاست پێک هینانی حکومەتەکەی عەلاوی ، بەدەمەوەچوونی حزبەکانی گۆران و یەکگرتوو و کۆمەل بووە سەرەتایەک بۆ شکست پێهینانی هەولەکانی گروپی ١٥ و گەرانەوە بۆ ژێر چەتری پارتی، پارتی ئەم کۆبوونەوەی بە ناوی پاراستنی یەکریزی نیشتیمانیەوە ئەنجامدا ، لە کاتێکدا ئەمە هیج پەیوەندی بە مەسەلە نیشتیمانیەکانەوە نەبوو، چونکە عەلاوی بەڵینی دابوو کە زیاتر لەوەی کە هەیە بۆ کورد ئەنجامی بدات .
ناکۆکیەکانی پارتی لەگەل کابینەکەی عەلاوی تەنها لەسەر ئەوەبوو ، کەرازی نەبوو کاندیدی حیزبی لە حکومەتەکەیدا قبول بکات ، پارتی بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ ئەم برگە راگەیاندبوو، کە ئەگەر کاندیدی حزبی قبول نەکرێت ئێمە لەو حکومەتەدا بەشداری ناکەین .
پارتی وەک حزبێکی سیاسی ئازادە لەوەی کە چ جۆرە هەلوێستیکی هەبێت، بەڵام پرسیارەکە لەسەر ئەو پارتانەیە کە بێجگە لە نەوەی نوێ لەناو گروپی ١٥ دا بوون ، ئایا هۆکاری چی بوو کە گروپەکەیان هەلوەشاندەوە و بە دەم بانگەشەکەی پارتییەوە چوون و بە ناوی یەکریزی نیشتیمانییەوە پشتیوانیان لە هەلوێستەکەی پارتی کرد ؟
بە بروای هەندێک لە توێژەرانی سیاسی و هەندێک لە ئەندام پەرلەمانتارەکانی گروپی ١٥کە لە هەندێک وتارولێدواندا دەلێن: دەسەلاتداران لە هەرێمی کوردستاندا دلخۆش نین بەوەی کە لە عێڕاقدا دەسەلاتێکی دادپەروەر و دوور لە گەندەلی و شەفاف بێتە ئاراوە، چونکە ئەو کاتە پرسیار لەسەر گەندەلی لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانێشدا دروست دەبێت و ئەو کاتەش ئەگەری ئەوە هەیە جەماوەر داوابکەن هاووشێوەی عێڕآق رووبەروی گەندەلی ببنەوە و گەندەڵکاران بە دادگا بگەیەنن ، لەلایەکی تریشەوە بریاردان لە ئەنجامدانی هەلبژاردنێکی پەرلەمانی پێش وەختە کە دووور بێت لە هەژموونی حزبی و تەزویر و بە لارێدا بردون و لەلایەن ریکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیشەوە سەرپەرشتی بکرێت ، ئەو کاتە قەبارەی راستەقینەی جەماوەری دوو پارتە حکومرانەکەی هەرێم دەردەکەوێت و بەمەش ئاستی ئەو تەزویرە گەورە ئاشکرا دەبێت کە لە هەلبژاردنی پێشوو کردویانە و لە ئێستاشدا دەردەکەوێت کە تاچ ئاستێک دەنگدەر و جەماوەریان هەیە؟ .
لەبەر ئەوە حکومڕانانی هەریمی کوردستان هەرگیز بە شیوەیەکی ئیجابی پشتیوانی لە گۆرانکارییەک ناکەن کە بە قازانجی هاوڵاتیانی عێڕآق بێت، چونکە بە درێژایی ١٨ سالی رابردوو پارتە کوردێکانیش بە تایبەتیش یەکێتی و پارتی بەشدارن لەو گەندەڵییەی کە لە عێڕاقدا هەبووە و ئەگەر لە ئایندەدا دادگایەک پێکبهێنرێت بۆ لێ پێچینەوە لە گەندەلکاران ، ئەوا وەزیرە کوردەکانیش لێ قوتارنابن .
لەلایەکی ترەوە بەبڕوای هەندێک لە چاودێرانی سیاسی پارتە حکومرانەکانی هەریمی کوردستان لە ئیستادا حەز بەوە ناکەن کە دەسەلاتێکی سەقامگیرو ئارام لە عێڕاقدا دروست ببێت کە تیایدا یاسا سەروەر بێت و مافەکانی هاوڵاتی تێیدا بچەسپێت و شەفاف و دادپەروەربێت .چونکە ئەو کاتە دەبێت هەموو سەرچاوەی داهاتەکان بە تایبەتیش نەوت شەفاف بێت و لە ژێر چاودێری پەرلەماندا بێت ، چونکە ئەوەی لای هەمووان ئاشکرایە کە داهاتەکان بەتایبەتیش نەوت لە هەرێمی کوردستاندا نەک بۆ پەرلەمانی عێڕاق بەلکو پەرلەمانی کوردستانیش بێ ئاگایە لێێ و هیچی لێ نازانێت و بۆشی نییە پرسیار لە چۆنێتی دەستەکەوت و خەرجیەکانی بکات ، لەبەر ئەوە هەتا ئەم دۆخە بەو جۆرە ئالۆز نا ئارام بێت ئەوان زیاتر سودمەند دەبن و هیچ بڕە داهاتێکی نەوتیش ناگەرێننەوە بۆ عێڕاق .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.