باباجان دەتوانێت كێبڕكێ لەگەڵ ئەردۆغاندا بكات؟

لەلایەن ستاندار Posted on 210 جار بینراوە

كارزان گلی

عەلی باباجان جێگری سەرۆك وەزایران و وەزیری دارایی و ئابووری پێشووتری توركیا لەسەر لیستی ئاكەپە، ٢ رۆژی تر پارتە تازەكەی رادەگەیەنێت. ئەو كەسایەتییەكی بەهێزە لە توركیا و لەڕووی ئابووریشەوە توانایەكی باشی هەیە، بەڵام ئایە وەكو سەرۆكی پارتێكی سیاسی دەتوانێت سەركەوتوو بێت؟ بەتایبەت بەرامبەر رەجەب تەییب ئەردۆغان، كە ئێستا لە ترۆپكی دەسەڵاتە و تەواوی سێكتەرەكانی توركیای خستووەتە ژێر ركێفی خۆیەوە.
بوێری باباجان ئەوكاتە دەردەكەوێت، كە لەناو ئاكەپەدا چەند ئەندام پەرلەمانێك بۆ خۆی رابكێشێت، چونكە ئاشكرایە زیاتر لە ١٠ ئەندام پەرلەمانی سەر بە ئاكەپە بە نهێنی لەگەڵ باباجانن، ئەگەر ئەوان بچنە ناو پارتەكەی باباجان و دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان لە ئاكەپە رابگەیەنن، ئەوكات دەردەكەوێت كە باباجان نییەتی هەیە هاوكێشەی سیاسی بگۆڕێت.
بە بۆچوونی خۆم، باباجان و داودئۆغڵو، هەرچەندە پێشتر لە ترۆپكی دەسەڵات بوونە، بەڵام ئەگەر بێت و ئۆپۆزسیۆنی توركیا و كورد، بە تایبەت هەدەپە پاڵپشتیان نەكات، بە تەنیا ناتوانن ركابەری ئەردۆغان بكەن، چونكە ئەردۆغان لەڕووی پێگەی جەماوەری و هێزەوە، زۆر لە پێش ئەو ٢ سەركردەیەیە. بۆیە دەبێت لە ژێر چەتری ئۆپۆزسیۆنی توركیا رووبەڕووی ئەردۆغان و ئاكەپە ببنەوە.
بەڵام دروستبوونی پارتێكی تازە لە لایەن باباجان و پێشتریش لە لایەن ئەحمەد داودئۆغڵووەوە، لەڕوویەكەوە بۆ ئەردۆغان خراپە. نموونە ئامانجیانە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیادا لە ٢٠٢٣، لە گەڕی یەكەم ئەردۆغان نەتوانێت ٥٠+١ بەدەست بهێنێت، چونكە بەرنامەكە بەو شێوەیەیە، لە گەڕی یەكەم، جەهەپە و هەدەپە و پارتی باش و پارتی ئاییندە و پارتەكەی باباجان هەریەكە و بە تەنیا كاندیدیان بۆ سەرۆكایەتی كۆماری توركیا هەبێت، تا لەو ڕێگەیەوە دەنگەكان پەرت و بڵاو بكەن و كەس نەتوانێت بگاتە ٥٠+١.
بەڵام لە گەڕی دووەم، ئۆپۆزسیۆن یەك كاندیدی دەبێت بۆ ركابەری ئەردۆغان، كە مەبەستیش ئەوەیە، بتوانن كورسی سەرۆكایەتی كۆمار لەژێر ئەردۆغان دەربهێنن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.