ئازادکردنی هەولێر و یادێک لە شەهید خەجەباوە

لەلایەن ستاندار Posted on 681 جار بینراوە

هیوا سەید سەلیم
دوای راپەرینی ٥ی ئاداری شاری رانیە و دەوروبەری، دواتر ئازدکردنی شاری سلێمانی، بەعسیەکان زۆریان مەبەست بوو لە هەولێر خۆیان بگرنەوە، دەیانویست ئەو شارەیان لەدەست دەرنەچێت، ئەویش لەبەر چەند هۆکارێک، یەکەمیان هەولێر لە رووی سیاسیەوە بارەگای ئەنجوومەن کارتۆنیەکەی یاسادانان و جێبەجێکردن لێ بوو، وە لە رووی سەربازیەوە بارەگای فەیلەق و چەندین سەربازگەی گرنگی تێدابوو، وە لە رووی ئەمنیش ناوندێکی گرنگ بوو بۆ رژێمی بەعس.
رۆژی ٦ مانگ بەعسیەکان لە زۆربەی گەڕەکەکان بنکەی خۆپارێزی کردەوە، خەڵکانێکیان بەناوی جەیشی شەعبی لێدامەزراند، هەموو ئەو کەسانەی پلەی حزبیان لەنێو حزبی بەعس هەبوو دەبوو پەیوەندی بەو ناوەندانە بکەن و چەك هەڵگرن.
بەڵام دوو رۆژی پێنەچوو زۆربەی ئەو ناوەندانەیان لە گەڕەکەکان کێشایەوە بۆ دەوروبەری دائیرەی ئەمن و بارەگای پارێزگا و لە بینا بەرزەکانی ناوشار دایانمەزراندن.
لەبەرامبەر هەموو ئەو رێوشوێنانەی کە بەعسیەکان بۆ خۆقایمکردن لەنێو شاری هەولێر دەیانگرتە بەر، رۆژ بەرۆژ جەماوەر باشتر خۆی ساز دەکرد، ئێواران شەقامەکانی ناو بازاڕ بە تایبەت لە فولکەی چەپەکان تا کۆتری سەلام، ئەولاو ئەولای پڕدەبوو لە خەڵک، مقۆمقۆی نزیکبوونەوی هێزی پێشمەرگە دەنگوباسی گرنگی ناو خەڵکی بوو، ماکینەی پڕوپاگەندەی خەڵک ورەی وەبەر هێزەکانی رژێم نەهێشت بوو.
تا دەهات حەماسەتی جەماوەر زیاتر دەبوو، نە راسپارەدکانی پێشمەرگە و لایەنەکانی بەرەی کوردستانی، وە نە ترس و رێوشوێنەکانی بەعسیەکان بۆ بەرگرتن بە ئازادکردنی هەولێر نەیانتوانی رێگا بە حەماسەتی خەڵک بگرن.
رۆژی ٦ ئادار خۆنیشاندانەکەی ناو بازاڕی دەلالخانە کە چەند هاوڕێیکی شیوعی بەچەکەوە بەشداریان تێداکرد، زەنگێکی مەترسیدار بوو بۆ بەعسیەکان، بەوەی ناتوانن بەر بە تەقینەوەی ناڕەزایەکانی خەڵک لە شاری هەولێر بگرن.
ئێوارەی ١٠ مانگ وەک وەلامێک بۆ بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی بەعسیەکان، لە نزیک گۆڕستانی گەڕەکی باداوە، ژمارەیەک گەنجی رێکخراو بە مەبەستی هەڵکوتانە سەر یەکێک لەو بنکانەی جەیشی شەعبی کە نزیک لەو شوێنەبوو گردبوونەوە، لەوێش بە کوژرانی چەکدارێکی بەعسی، پلانەکە ئاشکرا بوو، ئەو رۆژەش بەو چالاکیە پەیام بە بەعسیەکان دەدرێت کە هەولێر چاوەڕوانی رۆژی خۆی دەکات.
رۆژی ١٠ مانگ لە هەولێر بریاری قەدەغەی هاتووچۆ بۆ بەعسیەکان نەچووە سەر، ئەوان مەبەستیان بوو لە رۆژی قەدەغەی هاتووچۆ ئاڵوگۆڕ بە هیزەکانیان بکەن، کە کردیشیان، هەرچی چەکداری هەولێڕ بوو گواستیانەوە بۆ بادینان، جاش و چەکداری بادینایان بۆ پاراستنی دامودەزگاکانی خۆیان هێنایە شاری هەولێر.
١١ ئادار رۆژی حسابی یەکجارەکی هەولێریەکان بوو لەگەڵ بەعسیەکان، بەرەبەیانی زوو ئەوانەی ئاگاداری پلانەکە بوون، دەبوو لە کاتژمێر شەشی بەیانی بچنە جێ ژوانی خۆیان، زۆری نەبرد بانگی ئازادی لەسەرجەم گەڕەکەکان رادێرا( راپەڕینە – راپەڕینە).
جێ ژوانی شەهیدبوونی خەجەباوە، نزیک دائیرەی ئەمن بوو، کە ئێستا بارەگای ئەنجوومەنی وەزیرانە، وەک شایەدیەک بۆ مێژوو دەینووسم :
ئەگەڕ شەهید خەجە باوە نەبایە ژمارەیەک خۆپیشاندەر لەو شوێنە شەهید دەبوون، ئەوان وایان زانی دۆشکای سەر پرسگەی دائیرەی ئەمن لە بەرگری کەوتووە، ویستیان هەڵبکوتنە سەر ئەو شوێنە، لەگەڵ هاواری شەهید خەجە، ( لە شەقامی سینەما سەڵاحەدین لە بەرامبەر بارەگای ئێستای کونسڵیەی فەڕەنسی) هەمووان هوشیاربوونەوە و ناچار بوون رێڕەوی خۆیان بگۆڕن.
شەهید خەجە باوە، تەنیا هێمای راپەڕینی ئازادکردنی هەولێر نیە، بگرە ئەگەر خوێنی ئەو نەبایە ئێستا زۆرێکی وەک ئێمە ناومان لە لیستی شەهیدانی ١١ ئاداری ١٩٩١ شاری هەولیر دەبوو.
دوای نیوەڕۆ تەواوی شار ئازادکرا و شکست بە پلانی بەعسیەکان بۆ ریگری لە راپەڕینی هەولێر هێنرا، بەڵام بۆ چەواشەکردنی خەلک و رێگری لە پێشڕەوی خۆپیشاندان رادیۆی بەغدا دەیووت:
( شعبنا الکردي في المنطقة الحكم الذاتي يحتفل بالمناسبة 11 اذار)

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.