ئەردۆغان لەسەردەمی کۆرۆنادا

لەلایەن ستاندار Posted on 357 جار بینراوە

هیوا سەید سەلیم

تا ئەو کاتەی نووسینەکەم بە تەواوی دەخوێنەوە، دەزانم پرسیارتان لەسەر ئەو ناونیشانە بۆ درووست دەبێت، خۆ کۆرۆنا هەموو جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵکردووە، ئێ مافی خۆتانە بپرسن بۆچی تەنها ئەردۆغان؟
کاتیک کە ئەردۆغان و پارتەکەی (دادو گەشەپێدان) لە تورکیا جلەوی دەسەڵاتیان گرتەدەست، زۆربوون ئەوانەی ئەو دەسەڵاتەیان بە نوێنەرایەتی ئیسلامی میانڕەو دەناسی، وە زۆر شتیشیان لەسەر ئەو دەسەڵاتە بیناکردبوو، بەڵام ئێمە دەمێکە دەزانین کە ئەردۆغان شایەنی ناسنامەی میانڕەوی نیە، ئەوان نەک میانڕەونین، بگرە ئەردۆغان نموونەی هەر خرابی دەسەڵاتە، ئەوەشیان تەنیا لە بەرامبەر کوردنا، بگرە بەرامبەر تەواوی مرۆڤایەتی.
هەمووان دەزانین کە لە ئاستی ناوخۆ، ئەردۆغان تورکیای کردۆتە زیندانێکی گەورە بۆ نەیارەکانی و ئازادیخوازان، و هەموو ئەو رۆژنامەنووسانەی کە وەک ئەو بیرناکەنەوە وە رەخنە لە دەسەڵاتەکەی دەگرن.
کەچی وێرای هەموو ئەمانە، و نموونەی هەر دیاریش لە سیاسەتی ئەردۆغان، بە تایبەت لەم چەند ساڵەی دوایی، بریتیە لە دژایەتی شۆڕشی رۆژئاوا و داگیرکاری باشوور، و بۆردومانی بەردەوامی دێهاتەکانی کوردستان، و لە هەمووشی خرابتر پشتیوانی راستەوخۆ و نا ڕاستەوخۆی لە تیرۆرستانی داعش بوو.
کەچی هێشتا خەڵکانێک هەن لە کوردستان، و دەرەوەی کوردستان بە ئەردۆغان سەرسامن، لە باکووری کوردستان لە کاتی هەڵبژاردنەکان دەنگی پێدەدەن، لە ئاستی پارچەکانی کوردستان حزبی وا هەیە هاوپەیمانیەتی لەگەڵ دەبەستێت، پەیوەندی تودوتۆڵیان لەگەڵ هەیە!!
لە نێو کورداندا ئەوانەی تا ئێستا لەگەڵ ئەردۆغان نزیکیان هەیە، جار جارەش حەق بە خۆیان دەدەن داکۆکی لێبکەن، دوو جۆرن:
یەکەمیان بیروباوەڕ کۆیان دەکاتەوە، کە ئەویش قوتابخانەی ئیخوانیە، دووەمیشیان بەرژەوەندیە، و دەتوانین بڵێین بابەتی (دووژمنی دووژمن دۆستمە) کاریگەری لەسەر نزیک بوونەوەی ئەوانە لە ئەردۆغان هەیە.
ئەزموونی نزیکەی ٢٠ ساڵ….. لە حوکمڕانی پارتی دادوپەشەپێدان، و نموونەی دەسەڵاتی ئەردۆغان لە تورکیادا، هەروەها ئەو مامەڵە دووژمنکارانەی لەگەڵ پرسی کورد، لە ماوەی چەند ساڵەی دوایی، بەس بوو کە کورد ئەردۆغان وەک خۆی بناسێت، ئەوانەشی کە تا ئێستا بە هەر هۆکارێک نەیاناسیوە، با دیقەت لە هەڵوێست و سیاسەتی ئێستای ئەردۆغان بدەن.
لە کاتێکدا کە پەتای ڤایرۆسی کرۆنا تەواوی جیهانی بەخۆی سەرقاڵکردووە، زۆرێک لە وڵاتان کێشەکانی خۆیان لەگەڵ یەکتری هەڵواسیوە، جیهان و مرۆڤایەتی لە خەمی دۆزینەوەی رێگاچارەی ئەو پەتایەیە، وڵاتان کاریان بۆتە رێگری زیاتر لە تەشەنەسەندیی ئەو ڤایرۆسە.
بۆ نموونە ئەمەریکا کە دوژمنی سەرسەختی ئێرانە دەڵێت ئابڵوقە لەسەر پێداویستیە پزیشکیەکانی ئێران هەڵدەگرین، تورکیای ئیخوانی لە دوو هەڵوێستدا نموونەی حوکمڕانی خرابی خۆی پیشانی جیهان و مرۆڤایەتی دەدات.
هەڵوێستی یەکەمی ئەردۆغان لەسەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا ، بریتی بوو لە کردنەوەی دەروازە سنووریەکانی لەبەردم هەزارن کۆچبەری نایاسایی وڵاتە جۆراوجۆرەکان، کە ساڵانیکە وەک کارتی فشار بەرامبەر ولاتانی دیکەی ئەوروپا، تورکیا بەکاریان دێنێت، تا دەستکەوتی ئابووری و سیاسی دەست بکەوێت.
کارئاسانی کردن بۆ بە لێشاوناردنی پەنابەران بۆ ئەوروپا، جگە لەوەی پابەندنەبوونی تورکیایە بە رێکەوتنامە دەولیەکان، کە تورکیا سەبارەت بە پرسی پەنابەران واژۆی لەسەر کردووە، پرسێکی نامرۆڤایەتیشە، کەسڤیل بۆ پرسی سیاسی بکرێتە بارەمتە، و وەک کارتی فشار بۆ سەر ئەوانی دیکە بەکاربهێنرێت.
ئێستا سەدان هەزار خێزان لە نێوان سنوورەکانی تورکیا و یۆنان، چاوەڕوانی بارودۆخێکی خراب دەکەن، نە یۆنان وەریان دەگرێت و نە تورکیاش لێدەگەڕێت جارێکی دیکە بگەڕێنەوە تورکیا، ترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش لە نێویان سەربارە.
پرسی دووەمیشیان بریتیە لە بۆردوومانی بەردەوامی فڕۆکە و تۆپەکانی سوپای تورکیایە، بۆسەر خەڵکی سڤیل لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان، ئەو سڤیلانەی کە نازانن خۆیان لە کرۆنا بپارێزن، یان دووربن لە ئاگری بۆردومانەکانی سوپای تورکیا؟
ئەویە نموونەی ئەردۆغانی ئیخوانی، کە تەنانەت لە کاتی کارەسات و ئافاتێکی وەک کۆرۆناش بیری هەر لای کووشتنی کورد و خوڵقاندنی کارەساتی مرۆیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.