با لە (کۆرۆنا)وە فێربین

لەلایەن ستاندار Posted on 279 جار بینراوە

هیوا حەسەن عەلی

ئەو بەڵایەی کە بەسەر مرۆڤایەتیدا هاتووە بەناوی ڤایرۆسی کۆرۆناوەو لەئێستادا بووەتە مەترسی بۆسەر ژیانی کۆی مرۆڤەکان ، لێکدانەوەو پشکنینی زۆری بۆکراوە لەڕووی پزیشکییەوە ، بەڵام بەداخەوە تاکو ئێستا ئەنجامێکی دڵخۆشکەرەی بەرگوێمان نەکەوتووە، با ئەوە جێبهێڵین بۆ پسپۆرانی بواری تەندروستی و لێگەڕێین با ئەوان ئەسپی خۆیان لەو بواردا تاوبدەن .
بەڵام ئەوەی پێویستە قسەی لەسەربکەین و هەڵوێستەیەکی بۆ بکەین ، بوارە مرۆڤایەتیەکانە کە گرنگی زیاتری پێ بدەین ولەلایەن ڕۆشنبیران و پسپۆڕانی بوارە جیاجیاکانی وەک مافەکانی مرۆڤ و توێژەرە کۆمەڵایەتیەکان لێکۆڵینەوەو لێکدانەوەی چڕی بۆ بکەن کەچۆن پەندو عیبرەت لەم بەڵا گشتییە وەرگرین و بیکەینە دەرفەتێک بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕیەکی نوێی هەماهەنگی نێوان مرۆڤەکان.
ئەم بەڵایە ئەوەی فێرکردین کە ئێمەی مرۆڤ چی بونەوەرێکی لاوازین لەئاست رووداوە سروشتیەکان، هەروەها فێری کردین چەندە دژایەتی و هەوڵی سڕینەوەی یەکتری و بەکەم زانینی بەرامبەرەکەت و چاندنی تۆوی ڕق و کینەو بێ ڕێزی بەرامبەر یەکتری ، لەکۆتاییدا لەئاست بەڵایەکی وەهادا چەندە پێویستیمان بەیەکتری هەیە کە بەرامبەر ڕووداوە سروشتیەکان ئەبێ یەک دەنگ و یەک چارەنوس بین.
ئەم بەڵایە ئەوەی فێرکردین کە نەتەوەو ئاین و مەزهەب و ڕەنگ و شێوازی مرۆڤەکان هیچ لەبەهاو شکۆی مرڤەکان کەم ناکاتەوەو هەموومان لەیەک ئاستی ژیانداین و یەک چارەنوسی هاوبەشمان هەیە.
ئەم بەڵایە فێری کردین چەندە گرنگە پێکەوە گرنگی بە پاکڕاگرتنی ژینگە بدەین و هاوکارو هەماهەنگی یەکتربین و خۆمان و شارو ووڵاتەکانمان پاک ڕابگرین.
دەبا ئەم بەڵای کۆرۆنایە بکەینە دەرفەتێک بۆ چاندنی تۆوی خۆشەویستی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەو هەماهەنگی نێوان کۆی مرۆڤایەتی ، با شکۆو ڕێزو بەرژەوەندی مرۆڤەکان لەسەروی بەرژەوەندی حزب و نەتەوەو ئاین و ئایدیاکان بێت، چونکە ئەم دۆخەی ئێستای جیهان ئەوەی سەلماند کە مرۆڤەکان هەرچییەک بن و هەر چۆنێک بن لەکۆتاییدا هەمومان یەک ژیان و یەک چارەنوسمان هەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.