هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ كولانه‌وه‌ی برینه‌كان بۆ پڕۆژه‌یه‌كی نیشتمانی

لەلایەن ستاندار Posted on 372 جار بینراوە

د.رعد رفعه‌

شازده‌ی سێی هه‌موو ساڵێک ده‌ست ده‌کرێته‌وه‌ به‌كولاندنه‌وه‌ی برینه‌ قوڵه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان به‌‌ به‌یاننامه‌ وقسه‌ و نوسین و به‌رنامه‌ ئاماده‌کردن له‌سه‌ر کاره‌ساته‌کانی هه‌ڵه‌بجه. سیاسیه‌کانمان له‌و ساڵیادانه‌دا هه‌ر وتاره‌ و ده‌یده‌ن، هه‌ر ڕسته‌یه‌ و ڕیزی ده‌که‌ن ، هه‌ر دروشم وبه‌ڵێنه‌ به‌گوێی خه‌ڵكیدا ده‌یزرنگێننه‌وه‌. ئه‌وه‌ی پار یان پێرار یان زیاتر له‌ بیست‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر گوتراوه‌، جارێکی تریش ده‌گوترێته‌وه. پاش ته‌واوبوونی مه‌ڕاسیمه‌کانیش هه‌ر یه‌که‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ماڵی خۆی وكه‌س ولایه‌نێكیش نیه‌ ته‌نانه‌ت به‌دواداچون بۆ قسه‌كانیش بكات.
پرسیاره‌ جدیه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: ئایا كاره‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌نها به‌ قسه‌و دروشم وبه‌ڵێن یاد‌بكرێته‌وه؟ یان برینه‌كانی سارێژ بكرێته‌وه‌ به‌ خزمه‌تگوزاری وپڕؤژه‌ی نیشتمانی؟ من لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌م جودا له‌ وانیتر نه‌خشه رێگای به‌رجه‌سته‌بوونی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ بخه‌مه‌روو: ‌
یەکەم: پێکهێنانی ئەنجومەنێکی بەهێزی پشتگیری میللی وجەماوەری بۆ پارێزگای هەڵەبجە، لە مامۆستایانی ئایینی، مامۆستایانی زانکۆ وقوتابخانەکان، چاڵاکوانان، راگەیاندکاران، ریشسپی وپیاوماقوڵان وئافرەتانی کاریگەر لە کۆمەڵگە، بەرپرسە کارگێریەکانی دڵسۆزی ناوچەکە، نوێنەری قەزاو ناحیەکانی سنوری پارێزگا، بسنزمانە خاوەن هەڵوێستەکان، نوێنەری پارێزگای سلێمانی، پەرلەمانتارە هەڵەبجەییەکانی عێراق وهەرێمی کوردستان، وهەر کەسایەتیەکی تر کە بتوانێ دڵسۆزانە کاریگەری ئیجابی هەبێت لەسەر رەوشی پارێزگاکە.
دووەم: ئەو ئەنجومەنەی سەرەوە هەستێت بە دامەزراندنی “دەزگای هەڵەبجە” بۆ ماف وپەرەپێدانی پارێزگاکە، وناساندنی ئەم دەزگایە لەلایەن دانیشتوانی سنوری پارێزگاکە وهاونیشتمانیانی هەرێم ودامەزراوە فەرمیەکانی هەرێم ودەوڵەتی عێراقی. ئەم دەزگایە هەستێت بەو ئەرکانەی خوارەوە:
– دامەزراندنی کەناڵ وسایتی هەڵەبجە وپەخشکردنی بەرنامەکانی بە زمانەکانی کوردی وعەرەبی وئینگلیزی. ئەو میدیایە جگە لە بڵاوکردنەوەی کارو چاڵاکیەکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە، ئەرکە سەرەکیەکانی دروستکردنی لۆبیە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی هەڵەبجە وهەڵەبجەییەکان.
– دروستکردنی پردی دبلۆماسی لەگەڵ باڵوێزخانە وکونسوڵیەکانی ووڵاتان لە عێراق وهەرێمی کوردستان بەمەبەستی هاوکاریکردنی سنوری پارێزگای هەڵەبجە بۆ گەشەی هەندێک کەرتی گرنگی وەکو پەروەردە وخوێندنی باڵا وتەندروستی ودروستکردنی ژێرخانی پارێزگا لە هێلەکانی گواستنەوەی وگەیاندن وئاو وئاوەڕۆک.
سێیەم: دامەزراندنی “سندوقی هەڵەبجە بۆ پەرەپێدان” وکۆکردنەوەی کۆمەک ویارمەتی مادی بۆ دۆسیەی مافی خەڵکەکەی وپەرەپێدانی ژێرخانی پارێزگای هەڵەبجە. ئەم سندوقە لەو رێگایانەی خوارەوە دۆڵەمەند بکرێت:
– دەتوانرێ هەر خێزانێکی هەڵەبجە -بەهەژارەکانیشەوە- بەلایەنی کەم مانگانە دوو هەزار تا پێنج هەزار دینار ببەخشن بەم ستدوقە، ئەمە جگە لە کۆمپانیا وبسنزمانەکانی کە دەتوانن رۆڵی بەرچاویان هەبێت لە دۆڵەمەندکردنی ئەو سندوقە.
– بەیاسا تەرخانکردنی بەشێک لە بودجەی هەرێم وعێراق بۆ کۆمەکی ئەم سندوقە، ئەویش بەتەرخانکردنی بەشی هەڵەبجە لە بودجەی وەبەرهینان وبەکارهینان بەڕەچاوکردنی مێژوی قوربانیدانی هەڵەبجە.
– هێنانی کۆمەک پرۆژەی نەتەوە یەکگرتوەکان وریکخراوە نیودەوڵەتی وریکخراوە جیهانی ودەوڵەتان.
– وەرگرتنی بەشێک لە بودجەی “پەرەپێدانی هەرێمەکان” لە حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ.
– گەڕانەوەی داهاتی خاڵە سنوریەکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە بۆ ئەم سندوقە؛ ئەوەش بە جێبەجێکردنی بڕیاری حکومەتی عیراقی فیدڕاڵ بەگەڕانەوەی داهاتی گومرگەکان بۆ پارێزگاکان.
– وه‌رگرتنی پاره‌ی پترۆدۆلاری بلۆكه‌ نه‌وتیه‌كانی سنوری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌؛ چونكه‌ ئه‌وه‌ بڕیارێكی ده‌وڵه‌تی عێراقیه‌و پێویسته‌ هه‌موو پارێزگا خاوه‌ن نه‌وته‌كان تێیدا سوودمه‌ندبن.
چوارەم: لەرووی یاساییەوە کار لەسەر ئەم کەیسانەی خوارەوە بکرێت لەلایەم ئەنجومەن ودەزگا ودامەزراوە حکومی وتەشریعیەکان:
– گۆڕینی نەخشەی هەرێم وغێراق بەزیادکردنی پارێزگای هەڵەبجە لە نەخشەکەدا.
– تەرخانکردن وزیادکردنی ژمارە ورێژەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پشکی پارێزگای هەڵەبجە بەفەرمی.
– ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پارێزگاکانی عێراق.
– پێکهێنانی لیژنەیەکی یاسایی بۆ جێبەجێکردنی یاسای “قەرەبوکردنەوەی موڵک وماڵی زیانلێکەوتوانی رژێمی روخاو” ژمارە (16)ی ساڵی 2010.
– بەدواداچوون بۆ وەرگرتنی قەرەبوی قوربانیانی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە کە فەرمی دادگای تەمیزی عێراقی ناوی بردوە بە جینوساید “إبادە جماعیە” وداوای لە زیانلێکەوتوان کردوە داوای مافی قەرەبونەوە بکەن لە دادگاکانی عێراق.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.