د. ئەندازیار محمد شەحڕوڕ

لەلایەن ستاندار Posted on 274 جار بینراوە

د. ئەندازیار یونس سید ڕەشید/ مامۆستای زانکۆ

د. شەحڕوڕ پارساڵ کۆچی دوایی کرد دوای تەمەنێکی دوور و درێژ، خودای گەورە بە بەهەشتی شاد کات، د. شەحڕوڕ بیرمەندێکی موسڵمانی خەڵکی سوریایە و لە دایکبووی دیمەشقە، مامۆستای زانکۆ بووە لە دیمەشق. نیوەی تەمەنی یان زیاتری تەرخان کرد بۆ خوێندنەوەی قوڕئان و پێداچوونە بە توراسی ئیسلامی بە مێژوو و حەدیس و فیقهو ئوسوڵی ئیسلامی بە مەبەستی دۆزینەوەی وەڵامی گونجاو بۆ بارودۆخی فیکری و کۆمەڵایەتی و سیاسی جیهانی ئیسلامی بەگشتی، بە مەبەستی دۆزینەوەی وەڵامی گونجاو بۆ ئەو هەموو قەیرانە جۆراوجۆرانەی کە جیهانی ئیسلامی تێیکەوتووە لە دەرەنجامی تێگەیشتنی هەڵە لە قوڕئان (بە بۆچوونی ئەو)، هەوڵێکی زۆری داوە بۆ ئەوەی بتوانێت ئیمڕۆ ئیسلامێك پێشکەش بە جیهانی ئیسلامی و مرۆڤایەتی بە گشتی بکات کە لەگەڵ سەردەمی زانست و قۆناغی نوێی مرۆڤایەتی بگونجێت.
بە پێی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی خۆم بۆ فیکری شەحڕوڕ و ئەو میتۆلۆدۆژیەی کە پەیڕەوی کردووە لە میانەی خوێندنەوەی نوێی بەڕێزیان بۆ قوڕئان و ئیسلام، دەتوانم بڵێم ڕێبازی فیکری شەحڕوڕ سەرەڕای هەندێك کەلێن و کەم وکورتی سەرەکی و کڕۆکی کە تیایدایە (ئەوەش شتێکی ئاساییە چونکە خودی شەحڕوڕیش سوپەرمان نیە و زۆر ئاساییە بکەوێتە هەڵە لە بۆچوون و شیکردنەوەکان و هەڵسەنگاندنەکانی ) بەڵام بەراورد بەو هەموو بەزم و ڕەزمەی لە جیهانی ئیسلامی هەیە، ڕێبازی فیکری شەحڕوڕ باشترین و گونجاوترین ڕێبازە بۆ کۆمەڵگاکانی جیهانی ئیسلامی بە هەرێمی کوردستانی ئێمەشەوە ، لەبەر ئەو هۆکارانەی خوارەوە.
١. تاك و خێزان و کۆمەڵگا ڕزگاریان دەبێت لە کارەساتی بیرتەسکی و ڕەگەزپەرستی ئایینی و مەزهەبی و بیر کراوە دەبن و دەتوانن ڕای جیاواز قەبوڵ بکەن.
٢. تاك و خێزان و کۆمەڵگا ڕزگاریان دەبێت لە بیری توندڕەوی ئایینی و مەزهەبی و سیاسی.
٣. تاك و خێزان و کۆمەڵگا ڕزگاریان دەبێت لەو عوقدە و نەخۆشیە عەقڵی و سایکۆلۆژیانەی دووچاری دەبنەوە لە دەرەنجامی تێگەیشتن و مامەڵەی هەڵە لە گەڵ ئاین بە گشتی و قوڕئان بە تایبەتی.
٤. تاك و خێزان و کۆمەڵگا ڕزگاریان دەبێت لە توێژێکی مشەخۆر لە ناو کۆمەڵگا کە لە پەنای قوڕئان و ئیسلام بازرگانی و سیاسەت بە قوڕئان و ئیسلام دەکەن.
٥. تاك و خێزان و کۆمەڵگا ڕزگاریان دەبێت لە فەتوا و مەتوای مەلا و کۆڵکە مەلایان، دەتوانن بۆ خۆیان ڕاستەوخۆ لە قوڕئان و دین بگەن دوور لە تەفسیر و تەئویلی فلان و عەلان.
٦. تاك و خێزان و کۆمەڵگا ڕزگاریان دەبێت لە کارەساتی تەکفیر کردن و سووکایەتی کردن بە خەڵکی لەسەر ڕای جیاواز.
٧. خەڵکی بە گشتی بە تایبەتی ئەوانەی زۆر حەز بە دین و دینداری دەکەن دەتوانن پابەندی قوڕئان و ئەرکانەکانی ئیسلام و ئیمان بن بێ ئەوەی کێشە و کارەسات بۆخۆیان و دەوروبەریان دروست بکەن.
٨. تاك و خێزان و کۆمەڵگا دەتوانن ئەو توانستە جۆراوجۆرانەی خودا پێی بەخشیون لە شتی بە سوود سەرفی بکەن لە بڕی ئەوەی مەشغول بن بە شتی توڕوهات و بێ مانا.

مەبەستم ئەوە نیە ڕێکڵام بۆ شەحڕوڕ بکەم، چونکە بەشبەحاڵی خۆم تێبینم هەیە لەسەر ڕێبازی فیکری شەحڕوڕ، بەڵام بە بۆچوونی من مادام زۆربەی خەڵکی لە هەرێمی کوردستان هەوادار و عەوداڵی دین و دیندارین، زۆر باشتر و سەلامەتترە بۆ دین و دونیایان کە ئاشنا بن بە ڕێباز و مەزهەبی شەحڕور لە جیاتی ئەوەی دوای ڕێبازی شافیعی و ئیبن تەیمیە و حەسەن بەننا و سەید قوطب بکەون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.