کەمپەینی دەرفەت: هەڕەشەی نانبڕین لە کارمەندانی کەرتی تایبەت دەکرێت

لەلایەن ستاندار Posted on 256 جار بینراوە

ڕاگەیەنراوێک لە کەمپەینی دەرفەتەوە
بەڕێزان
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی
ئەنجومەنی پارێزگاکان
ئیدارە خۆجێییەکان
دەزگاکانی راگەیاندن
وەکو روونە لای هەمووان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند ڕێوشوێنێکی گرتووەتەبەر و قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەنراوە، بەڵام لەم دۆخەشدا هەندێک لە خاوەن کارە بەڕێزەکان و بەتایبەتیش خاوەنی کارگەکان هەڵسوکەوتی نەشیاو بەرامبەر کارمەندانیان دەنوێنن و هەندێکیان ڕێنماییەکانیان پێشێلکردووە و هەندێکیشیان سوودیان لە کەلێنیی ناو ڕێنماییەکان وەرگرتووە، ئێمە لەماوەی چەند ڕۆژی رابردوودا لەڕێگەی تیمەکانمانەوە زانیاری وردمان کۆکردووەتەوە لەبارەی دۆخی ئەو کارمەندانەی کەرتی تایبەت و بەتایبەتی کارگەکان و لێرەدا بە چەند خاڵێک دەیخەینەڕوو:
یەکەم: هەندێک لە کارگەکان بەهیچ شێوەیەک پابەندی ڕێنماییەکانی حکومەت نەبوون و بەردەوامن لە کارکردن بە کرێکارە ناوخۆیی و بیانییەکان.
دووەم: هەندێک لەو کارگانە لەلایەن قائیقامییەتەکانەوە ڕێگەپێدانی هاتوچۆیان بۆکراوە لەکاتێکدا ئەو کاڵایەی بەرهەمی دەهێنن کاڵای پێویستی ڕۆژانە نییە و ئەو ڕێگەپێدانە بووەتە فشار بەسەر کرێکارەکانەوە و ناچارکراون بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
سێیەم: هەندێک لە خاوەن کارگەکان بە کارمەندەکانیان وتووە کە ئەگەر وادەی ڕاگرتنی کارەکانیان لەوەزیاتر درێژە بکێشیت ناتوانن مووچەکانیان پێبدەن.
چوارەم: هەڕەشە لە هەندێک کارمەند کراوە کە لەبەر سەلامەتی خۆیان و کەسوکاریان لە ماڵەوە ماونەتەوە و پێیان وتراوە ئەگەر نەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان دەردەکرێن.
پێنجەم: لە زۆرێک لە کارگەکاندا ڕەچاوی مەرجە تەندروستییەکان نەکراوە و بە دەیان کرێکاری بیانیی و ناوخۆیی تێکەڵدەکرێن و بەیەکەوە ناندەخۆن و دەمێننەوە و کاردەکەن.
ئێمە لە کەمپەینی دەرفەت تەواوی زانیاریی و داتا و بەڵگەکانمان پاراستووە لەبەر ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی کرێکاران، ئەگەر هەر لایەنێکی پەیوەندیدار بە پێویستی زانی بەڵگەکان دەخەینەڕوو.
بەهیوای سەلامەتی و بەدەنگەوەهاتنیی خێرا
کارمەندانی کەرتی تایبەتیش شایستەی ژیان و تەندروستیی باشن
کەمپەینی دەرفەت
١٧/٣/٢٠٢٠

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.