کامە سیستمەم بۆ تەندروستی لە زەمەنی کۆرۆنادا؟ گشتی یا تایبەت؟

لەلایەن ستاندار Posted on 293 جار بینراوە

د.گۆران عبدولڵا
بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بە هەموو جیهاندا بەو خێراییە گەورەیە لەگەڵ ئەوەی ترسناکە بەڵام هاوکات چانسێکی دەگمەنیشە لەسەر زیاد لە ئاست و بوارێک. یەکێک لەو ئاستانەی بەلای منەوە گرنگە قسەی لەسەر بکەین، شێواز و میکانیزم و باشی و خراپی کاردانەوەی سیستمە تەندروستیەکانی جیهانە لە بەرامبەر ئەم هەڕەشە و مەترسیە گەورەیە. بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بە شێویەکی خێرا چانسێکی دەگمەن دەڕەخسێنێ بۆ بەراوردکردنی سیستەمە تەندروستیە جیاجیاکانی دنیا.

بە گشتی دوو جۆر سیستمی تەندروستی دەبینین لە پەیوەست بە شەڕی دژی کۆرۆنا. سیستمێکیان بە تەواوەتی هی کەرتی گشتیە و قازانج نەویستە و دەوڵەت یاریکەری سەرەکییە تێیدا. دەکرێ چین وەکو نوێنەری ئەم جۆرە لە سیستمی تەندروستی ببینین. ئەوی تریان سیستمێکە کە تێیدا کەرتی تایبەت یاریکەرێکی بێ رەکابەرەو کەرتی گشتی یا بوونی نیە یاخود دەوڵەت رۆڵێکی لاوەکی و پەراوێزی هەیە. دەکرێ ئەمریکا وەکو نموونەی ئەو جۆرە سیستمانە ببینین. هەڵبەت لە نێوان ئەم دوو جەمسەرە دوور لە یەکە، پەلکەزیڕینەیەکی رەنگاوڕەنگ لە سیستم هەن کە کەم تا زۆر خەسەڵەتەکانی ئەو دوو جەمسەرەی سەرەوەیان تێدایە.

قەیرانی کۆرۆنا دەریخست کە بازاڕ و کەرتی تایبەت گونجاو نین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەیکی تەندروستی لەم جۆرە. لە ڕاستیدا کەرتی تایبەت لە تەندروستیدا بۆ خۆی قەیران و کێشەی یەک لەدوای یەک دروستدەکا. دەبینین ئەمریکایەکی زلهێز و دەوڵەمەند چۆن بەدەست کۆرۆناوە دەناڵێنێ. ڤایرۆسەکە لەماوەیەکی زۆر کورتدا هەموو وڵاتەکەی خامۆشکرد و ژیانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی خستووەتە مەترسیەوە. بەشێكی گەورەی ئەو دۆخە نالەبارەی ئەمریکای تیایە پەیوەندی بە نەبوونی سیستمێکی گشتی تەندروستیەوە هەیە لە وڵاتەکە. نەبوونی کەرتی گشتی و تەندروستی کۆمەڵ لە ئەمریکا هاوکارە بۆ بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسەکە. تەنانەت ئەمریکا بەو زلهێزی و دەوڵەندیەی خۆیەوەیە نەیتوانی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئامێری پشکنینی تەزویر و کواڵیتی خراپی کۆرۆنا بگرێ. رۆژانە دەبینین ترەمپ چۆن بەشێوەیەکی نازانستی ریکلام بۆ دەرمانی کۆمپانیا تایبەتەکانی دەرمان دەکا لە کاتێکا هیچ بەڵگەیەک لەسەر کاریگەری و سەلامەتیان نیە. هەر ئەم جۆرە رەفتارانەیە وایکردووە کە ئەمریکا زۆرترین مەسرەف بکا لە تەندروستیا بەڵام خراپترین پێوەرەکانی هەبێ لە بوارەکەدا. بۆ نموونە ئەمریکا زیاتر لە ١٧%ی کۆی بەرهەمی نیشتمانی خۆی لە تەندروستی خەرجدەکا بەڵام لە ڕووی مردنی منداڵی خوار ٥ ساڵان بۆ نموونە لە دواوەی زۆرێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانەوەیە. لە ژینگەیەکی وەکو ئەمەدا سەیر نیە کە ڤایرۆسەکە وەکو ئاگری ناو پووش و پەڵاشێکی گەورە بڵاوئەبێتەوە و بە بەراورد بە چین کۆنترۆڵکردنی ئاسان نابێ.

لە بەرامبەردا جۆرێكی تر سیستمان هەیە وەکو ئەوەی چین کە رۆڵێکی ئەوتۆ بە کەرتی تایبەت نادا لە تەندروستیدا. لەو جۆرە سیستماندا هەموو کەسێک بەیەکسانی و بەدەر لە توانای دارایی دەتوانێ لە خزمەتی تەندروستی بەهرەمەند بێت. بەدەر لە چەند لایەنێکی کەم و سنووردار، دەوڵەت کۆنترۆڵی تەواوەتی لەسەر سیستمی تەندروستی هەیە. بینیمان چۆن ئەم جۆرە سیستمە دەتوانێ لەماوەیەکی زۆر کورتدا خەستەخانەی عیملاق دروستکا و دەیان هەزار کارمەند و پزیشک بۆ ئەنجامدانی کاری سەرسوڕهێنەەر کۆکاتەوە. بینیمان چۆن توانی بە کاتێکی قیاسی ڤایرۆسەکە کۆنترۆڵ بکا و نەهێڵێ بۆ شوێنی تر بگوازرێتەوە.

بەداخەوە لە ٢٨ بۆ ٢٩ ساڵی ڕوبووردوودا هەوڵەکان بە ئاراستەی بە تایبەتکردنی سیستمی تەندروستی کوردستان کەوتنە گەڕ. ئەوەی لە حاڵی حازر دەیبینین هەڵەداوانێکە بۆ کۆپیکردنێکی خراپی ئەو سیستمانەی وەکو ئەمریکا تێیاندا کەرتی تایبەت باڵادەستە. لە کوردستان خۆشبەختانە هێشتا ڤایرۆسەکە بە فراوانی بڵاونەبووتەوە بەڵام نیشانەکانی سترێسی سیستمەکە دەرکەوتوون. بۆ نموونە ئەگەر سیستمێکی تۆکەمە و باشمان هەبا، پێویسیتیمان بەو هەموو کارە خێرخوازی و پەلەیە نەدەبوو کە لەم کاتەیا خۆشبەختانە ئەبینرێن.

هیوادارم بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا هەندێ دەرس و عیبرەتمان فێرکا و لە داهاتوویەکی نزیکدا سیستمی تەندروستی لە نەخۆشی بەتایبەتکردن و بەبازاڕکردن ڕزگاربکەین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.