بۆچی هەردوو دەزگای پاراستن و زانیاری یه‌کتریان بەکارکردن بۆ دەزگا هەواڵگریەکان تۆمەتبارکرد

لەلایەن ستاندار Posted on 983 جار بینراوە

ستاندەر

دوێنێ هەینی دەزگای زانیاری و دەزگای پاراستن کە ئەرکیان پاراستی ئاسایشی هەرێمە و هەردوکیان سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانن چەند بەیاننامەیەکیان لەدژی یەکتر بڵاوکردەوە و چەند دۆسیەیەکی ڕابردوویان هەڵدایەوە و یەکتریان پێ تۆمەتبار کرد.

ئەو گرژی و ئاڵۆزیە لەو کاتەوە دەستی پێکرد کاتێک ئاسایشی هەولێر ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوەو رایگەیاند کە رۆژگار رزگار یەکێک لە پاسەوانەکانی ڕێباز حەملان وەزیری پێشوی دارای هەرێم بەفەرمانی دادوەر دەستگیرکراوەو دانى بەواناوە بەسەرپەرشتی دەزگای زانیاری کاری بۆ دەزگای هەواڵگری وڵاتێکی ئیقلیمی کردووە. پاشان لەبەرامبەردا کەسوکاری ڕۆژگار ڕزگار بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوەو ڕایانگەیاند نزیکەی نۆ مانگە دەزگای پاراستن ئەشکەنجەی کوڕەکەیان دەدەن تاوەکو ئیعتیراف لەسەر ئەوە بکات کە لاهوری شێخ جەنگی ئەوی راسپاردووە تا جاسوسی بەسەر رێباز حەملان و وەزارەتەکەیەوە بکات.

چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە دەزگای زانیاری رونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و لەرونکردنەوەکەدا ئەوەی وروژاند کە یەکێک لەئەندامانی خانەوادەی بارزانی ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری وەک بەرتیل لەکۆمپانیایەکی روسی وەرگرتووە.

پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە بۆچی لەو کاتەدا ئەو دو دەزگایە ئەو بابەتانە لەدژی یەکتر دەوروژێنن بەپێی بەدواداچوونێکی ڕۆژنامەنووس ئیبڕاهیم عەلی مەبەستی سەرەکی لەو بەیاننامە تووندانەی ئەو دوو دەزگایە و هەموو دۆسییەکان بریتییە لەناشیرینکردنی یەکتری لای ئەمریکییەکان و ئەوە باس دەکات کە لەرونکردنەوەکەی دەزگای ئاسایشی هەولێردا راستەوخۆ دەزگای زانیاری تۆمەتبار دەکات بەهاوکاریکردنی ئیتیلاعاتی ئێران کە ئامانجە سەرەکییەکە لەو دۆسیەیەدا ئەمەیە نەک شتی دیکە لەم نێوەندەش قوربانییەکە رۆژگار سلێمان دەبێت. لەمەیاندا ئامانجی سەرەکی دەزگای پاراستن کۆتایی هێنانە بەو نزیک بونەوەیەی لەنێوان لاهوری شێخ جەنگی و دەزگای هەواڵگری ئەمریکی هەیە. رەنگە ئەم دۆسیەیە پەیوەندی بەرووداوی هێرشەکانی ئەم دواییەی هێزەکانی ئەمریکاوە هەبێت بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش لەلایەن هێزە ئەمریکیەکانەوە دواتر میدیای یەکێتی ئەوەی بڵاوکردەوە دژە تیرۆری یەکێتی هاوکاری ئەمریکییەکان کردووە لەو شەرەدا. لەو کاتە میدیای یەکێتی ئەوەشی بڵاوکردەوە کە گومان دەکرێت ئەو داعشانەی لەچیای قەرەچوخ بوون لەناوخۆوە هاوکارییان کرابێت لەمەشیاندا بەناراستەوخۆ تۆمەتبارکردنی پاراستن بوو چونکە چیای قەرەچووخ هاوسنورە لەگەڵ ئەو جوگرافیایەی لەژێر دەستی پارتیدایە. لەرونکردنەوەکەی ئەمجارەی دەزگای زانیاری جگە لەزیندووکردنەوەی کەیسی سەردەشت عوسمان راستەوخۆ مەسرور بارزانی بەکەسێکی فاشیل وەسفکراوە… لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتیش ئەمجارە دەزگای زانیاری دەیەوێت هەماهەنگی نێوان کۆمپانیا روسییەکان و بنەماڵەی بارزانی بخاتەروو کە بۆ ئەمریکییەکان لەهەماهەنگی نێوان ئیتیلاعات و دەزگای زانیاری مەترسیدارترە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.