سیاسەت بە ئەخلاقەوە دەكرێت

لەلایەن ستاندار Posted on 254 جار بینراوە

شوان عەبدوڵڵا

باسكردنی دۆخی سیاسی ھیچ كاتێك بەقەد ئێستا ئاسان و رووكەشی نەبووە، دەكرێت بڵین شتێك نەماوە لەلایەن زۆربەی سیاسیەكان كە سیاسەتیان بەستبێتەوە بە كۆمەڵێك بەھای ئەخلاقی لەوێوە رەسم وشیكردنەوەی سیاسی بكات ، لەوەھا دۆخێك كۆی دۆخی سیاسی دەبێتە فەوزا و دروستكردنی ژاوەژا. سیاسەتیان كردوە بەشتێك كەپەردە بەسەر كێشە جەوھەریەكانی كۆمەڵگا دابپۆشێت وخەریكمان بكەن بە ھەندێك پرس كەلە ئەساسدا ھیچ نیە جگە لەیاریەكی بێ تامی ئەو باندە سیاسیە،لەھەر كەسێك ئەپرسی سیاسەت دەبەستێتەوە بە فێڵ وناراستی وگومان وبێ مۆراڵی ئەمەش ھەر بەتەنھا زادەی خراپەكاریەكانی رابردوو نیە بەڵكو ئیشكردنێكی بەردەوامی ھەندێ لایەن وسیاسیە بۆ دروستكردنی دۆخی گەوجاندن لەم ساتەوە رێگاكە ئاسان وبارودۆخەكە باشتر دەبێت بۆ خێوە سیاسیەكان.

باشترین پێناسە بۆ ئەمجۆرە سیاسیانە خێوە كە سیفاتەكانی خێو بەردەوام تێیاندا ئامادەیە، دەتوانن بەئاسانی كۆمەڵگا چەواشەبكەن وسیمای خۆیان دەگۆرن لەھەندێ كاتدا فریشتەن كەچی كەچاوەكانیان لەسەر لادەكەوێت دەبنەوە ئەو شەیتانەی كە دەست بۆ ھەموو حەرامێكی سیاسی دەبەن، ھەرشتێكیان دەست كەوێت بەكاریدەھێنن بۆ ئامانجە شاراوەكانیان سیاسەت بەكاردەھێنن بۆ شاردنەوەی برین ودەردەكان وبێدەنگكردنیان. بەردەوام دەمامكەكانی خۆیان دەگۆرن كەچی ئازاری ئینسانەكان وھەلومەرجی ژیانیان ھەروەك خۆیەتی كەسەرچاوەی یەكەم وكۆتایی ھەرخۆیانن، كەدەیانەوێت بەرەچەتە سادەوساكارەنیان نەخۆشیەكانی كۆمەڵگامان چارەبكەن،ئەمانە لەدۆخی ئاسایی ئەوەندە بچووكن خۆشیان سێبەرەكەی خۆیان نابینن بەڵام بەردەوام بەدوای قەیران وئەزمە دەگەرێن بۆئەوەی تەپوتۆزی تیابكەن وخۆیانی تێدا بتەكێنن.

سەیركەن خێوەكان چەند زۆرن بانمونەیەك بھێنمەوە ھێزی واھەیە چەندین ساڵە بەدرێژایی حكومرانی كوردستان بەردەوام بەژداربووە، دەستی لە تاڵانی ومشەخۆری وبەھەدردانی سامانی گشتی ھەیە كەچی فرسەت لە بارودۆخێك دەھێنن كە وەستانی جیھانە لەبەردەم ھەرەشەكانی كۆرۆنا، دۆخەكە دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی دەستەپیسەكانیان بەخەڵكانێك بسرن كەلەبەر بەدكاری ئەوان رێگایەكی جیاوازیان ھەڵبژاردووە.
خێوەسیاسیەكان ناھێڵنن ھیچ كەسێك بزانێن چۆن بیردەكەنەوە ئامانجیان چیەو بۆچی ھەوڵدەدەن، ئەمانە زۆر دژی روناكین وبەردەوام لەتاریكی پەلاماردەدەن دۆخەكە والێدەكەن سیمای خۆیان بە لایەنی ترو ودەوروبەریان ببەخشن ، وە لەبەرئەوەی قودرەتی فێڵكردنیان گەلێك بەرزە خاوەنی داھاتێكی زۆرن كەدەتوانن میدیای زەبەلاح وپەیج وكەناڵی جیاواز دابنێن كۆمەڵێك كەس لەدەوری خۆیان كۆدەكەنەوە.بۆئەوە ھاوكاریان بن و گەوجاندنی خەڵك جێگای ھۆشیاری بگرێتەوە درۆ جێگای راستی بگرێتەوە ئەخلاقیان دابراندووە لەسیاسەت ئەمانە خێون ودەیانەوێت ھیچ كەسێك نەیانناسێت.

كەتۆئێستا ئەم وتارە دەخوێنیتەوە سیمای ھەندێك كەس ولایەنت دێتەبەرچاو ئەمانە سپۆنسەر بۆخۆیان وكەرەستەكانیان دەكەن، فاشیزمیەكەیان بەشێوەیەكە ھێزێكی خەوتوو نیە كەلێی بترسین ھەستێت، بەڵكو بەخەبەرەو ھەندێ جار نمایشی خەتوون دەكات. خۆشبین وگەشبینەكان دەكاتە داوی خۆیەوە تا وێنەیەكی ئاسایی وسروشتی دونیا بكێشێت كەناوەرۆكەكەی بریتیە لەبێ ھۆشكردنی ھەموو ئەوانەی بروا بەو گەمەیە دەھێنن، وبەردەوام بەشێوازی جیاواز دووبارەی دەكەنەوە بەڵام دۆخێك ھەیە كەئەوان لێی دەترسن وپێیان كۆنترۆڵ نەكراوە ناتوانن بەجارێك بەمشتەخۆڵەكانیان چاوی ھەموومان كوێربكەن ئەگەرچی خۆیان كردۆتە پاڵەوانی بێ ناوەرۆك.

رەنگە خەڵكی مافی خۆی بێت بپرسێت بۆچی لە كاتە ترسناكەكانیش ئەم یاریانە ناوەستێنن، وەڵامەكەی روونە بۆئەوانەی وەرەقەی دەستی ئەم پاڵەوانە وەھمیانە دەخوێنەوە،چاك تێدەگەن ھەرچەند ھەوڵی شاردنەوەی خۆیان بدەن ناتوانن لەبەرچاومان ونبن ئەوەتا لەھەموو ئەزمەیەك سێرك دەكەن بۆئەوەی فاڵی دەستیان فێڵەكانیان بەتاڵنەكاتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.