ستاندەر
رۆژنامەی ئەخباری سەر بە حیزبولڵای لوبنانی رایدەگەیەنێت ئێستا سێ سیناریۆ لەبەردەم هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقە كە بریتین لە هەڵگرتنی بەربەستەكان بۆ پێكهێنانی كابینەكەی زورفی و تێپەراندنی لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەردەوام بوونی عادل عەبدولمەهدی یاخود گۆڕینی زورفی بەكەسێكی تر، بەگوێرەی رۆژنامەكە ئەو بابەتەش بەزووی یەكلادەبێـتەوە لەماوەی داهاتوو.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە ئێستا دەرفەتی سەركەوتن و شكست هێنانی زورفی وەك یەكە، ناوبراو لەگەڵ زۆربەی لایەنەكان دەستی كردووە بەگفتوگۆ و رازی كردنیان، جگە لە هاوپەیمانی فەتحی هادی عامری، لەلایەنەكانی تری ناو هاوپەیمانی بنیاتنان، كە نوری مالیكی و هادی عامری و فالح فەیاز سەركردایەتی دەكەن جگە لە عامری هەڵوێستیان گۆڕانی بەسەرهاتووە، دانوستان لەگەڵ زورفی دەكەن، رۆژنامەكە دەشلێت هەندێ لایەنی ناو هاوپەیمانی فةتحيش ژێربەژێر دانوستانیان لەگەل عەدنان زورفی دەستپێكردووە.
ئەوە لەكاتێكدایە سەرچاوەیەكی هاوپەیمانی بنتایتنان رایگەیاندووە هەر دانوستانێكی لایەنەكانی نێو هاوپەیمانیەكەیان لەگەل زورفی گوزارشت لە هەڵوێستی هاوپەیمانیەكە ناكات ئەوان تا ئێستاش زورفی رەت دەكەنەوە.
بەگوێرەی وتەى چەند سەرچاوەیەك بۆ ڕۆژنامەکە، ڕەنگە ئەو دابەش بونەی ئێستا بگۆرێت بۆ کۆدەنگى لەچەند ڕۆژى داهاتوودا، ئەگەر زورفى و ئەو لایەنانەى لەدژین بگەن بە لێکتێگەیشتن، لەسەر پشکى لایەنەکان و بەرنامەى حکومەت و شێوازى پەیوەندى بەغدا لەگەڵ تاران و واشنتن.
رۆژنامەكەش ئەوەشی خستۆتە ڕوو چارەنوسی زورفی بەستراوەتەوە بە پێكهاتنی چوار لایەنی نێوان (فەتح) و (دەولەتی یاسا) و (سائیرون) و ( كوتلەی حیكمە)
ئەوەی تا ئێستا روونە فەتح و دەولەتی یاسا بەتەواوی دژی زورفین، دوو لایەنەكەی تریش بەگوێرەی قۆناغەكان و دانوستانەكان هەڵوێستەكانیان گۆڕانكاری بەسەردا دیت و بەتەواوی یەكلا نەبونەتەوە.