گرنگ و نوێ: کۆتایی شەڕی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەگەڵ مرۆڤ کەی و چۆن دەبێت..؟ سیناریۆکان چین..؟

لەلایەن ستاندار Posted on 302 جار بینراوە

 

لوقمان حەوێز/ تێکساس
بۆچی بەردەوامبوونی ئەم دۆخەی ئێستا و ئەنجامەکانی جێگەی مەترسیەکی زۆرە بەتایبەتی بۆ بەرپرسان و حکومەتەکان لە سەرانسەری جیهان..؟

سێ سیناریۆ هەیە: سیناریۆی یەکەمیان زۆر ئەستەمە ڕووبدات، دووەمیان زۆر ترسناکە و لەئێستادا چەند ووڵاتێک زۆر لەو سیناریۆیە نزیک بوونەوتەوە و بەداخەوە دوور نیە زۆربەی ووڵاتانی تریش بگرێتەوە، سێیەمیان باشترینە بەڵام درێژخایەنترین و قورسترینیشە..!

هێڵکاری یەکەم لە خوارەوە کێرڤی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، بۆچی پزیشکەکان و بەرپرسەکان و حکومەتەکان هێندە لەو کێرڤە دەترسن؟

پێشەکی تەماشای هێڵکاریەکە بکەن، سەرنجی کێرڤەکە بدەن، ئەو کێرڤە زۆربوونی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا نیشان دەدات لەسەرانسەری جیهان بەتێپەڕبوونی کات، ژمارەکە چەند هەفتەیەکە زۆر بە ترسناکی بەرز دەبێتەوە، هەر پێنج ڕۆژ جارێک دوو بەرانبەر بەرزدەبێتەوە، ئەگەر هیچ گۆڕانکاریەکی کتوپڕ بەرجەستە نەبێت کە پێناچێت ئەوە ڕووبدات دوای سێ یان چوار ڕۆژی تر ژمارەی توشبووان دەبێتە یەک ملیۆن کەس لەهەموو جیهان، پێنج ڕۆژیش دواتر دەبێتە دوو ملیۆن، دواتر چوار ملیۆن و بەم شێوە ترسناکەش بەردەوام دەبێت ئەمە ئەگەر بەرزبوونەوەکە خێراتریش نەبێت، بەردەوامی ئەم کێرڤەش بەم شێوەیە مانای ئەوەیە لە ئاستێکدا سیستەمی تەندروستی لە گەلێک لە ووڵاتانی جیهان هەرەس دەهێنێت، بۆیە بەردەوامبوونی دۆخەکە بەم شێوەیە زۆر جێگەی مەترسی پزیشکەکان و بەرپرسان و حکومەتەکانە لە سەرانسەری جیهان..!

کۆتایی ئەم شەڕە قێزەوەنە دژی مرۆڤ چۆن دەبێت؟ سیناریۆکان چین؟

سیناریۆی یەکەم: ئەوەیە ئەگەر هەر ووڵاتێک بتوانێت لای خۆیەوە کۆتایی بە ڤایرۆسەکە بهێنێت هەروەکو چۆن ڤایرۆسی SARS کە جۆرێکی ترە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و لەساڵی 2003 لە چین بڵاوبۆوە و دواتر بەهەمان شێوە گەیشتە کۆمەڵێک ووڵاتی تر، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی بۆ چەند مانگێک توانرا لە هەر ووڵاتێک کە تیایدا بڵاوبۆوە بەجیا چۆک بە ڤایرۆسەکە دابنرێ و تەنیا بەجیاکردنەوەی توشبووان کۆتایێ پێ بهێنرێت بەبێ ڤاکسین یان دەرمانێکی کاریگەر، بەڵام SARS ئەوەندەی ئەم جۆرەی ئێستا بەخێرایی بڵاونەدەبۆوە هەر بۆیەش کۆنتڕۆل کرا، بەهەمووی لەو کۆمەڵە ووڵاتەی لێی بڵاوبۆوە نزیکەی 8000 کەس توشبوو، نزیکەی 800 کەس لەوانە مردن…

بەڵام لەبەر خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێستادا گەیشتووە بە زۆربەی هەرە زۆری ووڵاتانی دونیا و زۆر بەخێراییش بڵاودەبێتەوە، بۆیە بەداخەوە تازە ئەستەمە ئەم سیناریۆیە بەرجەستە ببێت لە هیچ ووڵاتێک…

سیناریۆی دووەم: ترسناکترین سیناریۆیە،

ژمارەی توشبووان هەر بەشێوەی exponential بەرز دەبێتەوە، واتە لەماوەیەکی دیاری کراو کە لەنێوان 3 ڕۆژ بۆ 5 ڕۆژە ژمارەکە دوو بەرانبەر بەرزدەبێتەوە، بەداخەوە پێدەچێت زۆربەی ووڵاتانی جیهان بەرەوە ئەم ئاراستەیە بڕۆن، لەئێستادا ئیتاڵیا و ئیسپانیا لەم سیناریۆیە زۆر نزیک بونەتەوە، کۆمەڵێک ووڵاتانی تری ئەوروپی و هەروەها ئەمەریکاش لەوانەیە لە داهاتووێکی نزیک بگەن بەم دۆخە، ترسناکی ئەم دۆخە لەوەدایە کە لە ئاستێکدا ژمارەی ئەوانەی پێویستیان بە چارەسەری توندە لە یەکەکانی چاودێری توند زۆر زیاتر دەبن لە توانای نەخۆشخانەکان لەو ووڵاتانە، هەروەها ژمارەی توشبووان کە دەهێنرێن بۆ چارەسەرکردن لەو نەخۆشخانانە بە گشتی زۆر زیاترە لە توانای وەرگرتنی ئەو نەخۆشخانانە، ئەمەش هەرەس بە سیستەمی تەندروستی دەهێنێت، لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆر کەمتر لە نەخۆشەکان دەتوانرێت لە مردن ڕزگار بکرێن، هەر بۆ نمونەش دۆخەکە لە زۆربەی نەخۆشخانەکان دەگاتە ئاستێک کە ژمارەی ئەو توشبووانەی پێویستیان بە ئامێری هەناسەدان Ventilator دەبێت زۆر زیاتر دەبێت لەژمارەی ئەو ئامێرانەی کە هەن لەو شوێنانە، بۆیە بەداخەوە پزیشکەکان لەو نەخۆشخانانە ڕووبەڕووی بڕیاری زۆر ناخ هەژێن دەبنەوە لە کاتێکدا توانای ئەوان سنوردارە و دەتوانن تەنیا هەندێک لە نەخۆشەکان چارەسەر بکەن…

بەداخەوە زانیاریەکانی ئێستا و هاوکێشە ماتماتیکیەکان پێمان دەڵێن گەیشتنی گەلێک لە ووڵات و ناوچەکانی جیهان بەم دۆخە تەنیا چەند مانگێکی کەمی تری پێویستە لەبەر خێرایی بەرزبوونەی ژمارەی توشبووان…

سیناریۆی سێیەم: ئەگەر کەرەنتینەیەکی توند لەهەر ناوچەیەک، هەرێمێک یان ووڵاتێک بەڕێوە بچێت هیچ گومانی تێدا نیە کە ڕێژە و تەوژمی بڵابوونەوەی ڤایرۆسەکە دەتوانرێت زۆر زۆر خاوبکرێتەوە، بەجۆرێک کێرڤی بەرزبوونەوەکەش لەهەر ووڵاتێک کە ئەو کارەی تێدا بکرێت ناگاتە ئاستی ئەوەی هەرەس بە سیستەمی تەندروستی بهێنێت، ئەم کارەش دەبێت ئەنجام بدرێت لەگەڵ دابینکردنی هەموو کەل و پەل و پێداویستیە پزیشکیەکان بە پشکنینی خێرای ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانیشەوە، لە ناوچەی ووهانی چین ئەمە کرا و سەرکەوتوو بوو، لە کۆریای باشووریش لەو ناوچانەی ڤایرۆسەکە بڵاوبۆوە ئەمە کرا و دیسان سەرکەوتوو بوو، لە هەردوو ووڵات کێرڤی کۆرۆنایان فلات کرد، پێناچێت زۆربەی ووڵاتانی تری دونیا بتوانن ئەمەیان پێبکرێت لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، لەوانە هۆکاری ئابووری هەروەها سیاسی و کۆمەڵایەتی، وەستانی ڕەوڕەوەی جوڵە و ژیان لەنێو کۆمەڵگاکان بۆ ماوەیەکی درێژ بۆ زۆربەی ووڵاتان لەوانەیە کارێکی ئاسان نەبێت…

ئەم سیناریۆیەی دوایی باشترینە تاوەکو دۆزینەوەی ڤاکسینێک کە ڕێگری لە توشبوون بە COVID-19 بکات، یاخود تاوەکو چارەسەریەکی زۆر کاریگەر دەدۆزرێتەوە کە نەهێڵێت دۆخی توشبووان بگات بە ئاستی هەوکردنی توندی سیەکان، بەرجەستەبوونی ئەم سیناریۆیە لەهەر کۆمەڵگایەک کەمترین زیانی گیانی لێدەکەوێتەوە، بەڵام لەنێو سێ سیناریۆکە درێژترین و قورسترینیشە، ئەویش لەبەر ئەوەیە دەبێت کۆمەڵگا لەم دۆخە بمێننەوە تاوکو پێکوتەیەکی کاریگەر دژی ڤایرۆسەکە بە بەربڵاوی بەرجەستە دەبێت، ئەمەش لایەنی کەم ساڵێکی تر یان هەندێک زیاتریشی دەوێت..!

ئەنجامەکانی کۆتایی ئەم شەڕە قێزەوەنە چی دەبن؟

زۆر بەداخەوە لەبەر ئەوەی لە ئێستادا هیچ پێکوتەیەک یان چارەسەرێکی کاریگەر بەردەست نیە و پێناچێت وا زوو بەرجەستە ببێت، بۆیە هەموو ئاماژەکان بەو ئاراستەن کە کۆنتڕۆڵکردن و بنبڕکردنی سەدا سەدی ڤایرۆسی کۆرۆنا SARS-CoV-2 کە نەخۆشی COVID-19 بڵاودەکاتەوە ئەستەم بێت، ئەویش لەبەر خێرایی بێ وێنەی ڤایرۆسەکە لە بڵاوبوونەوە، بۆیە بەپێی بۆچوونی زۆربەی شارەزایان خاوبوونەوەی گەورە لە توشبوونی مرۆڤەکان ڕوونادات تاوەکو ڕێژەی 40% تا 70% مرۆڤەکان لە زۆربەی کۆمەڵگاکانی جیهان توشی ڤایرۆسەکە نەبن، لەو دۆخەدا ئەوەی لەبواری زانستی پزیشکی و بواری immunology کە پێی دەووترێت herd.immunity بەرجەستە دەبێت لەنێو کۆمەڵگاکان، واتە ئەو کاتەیە کە ڕێژەیەکی زۆری مرۆڤەکان توشی بوون و لەشیان بەرگری پەیدا کردووە لە دژی ڤایرۆسەکە، بۆیە ئەو کاتە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە تەشەنەکردن دەوەستێت، زۆر بەداخەوەش تا ئەو کاتە دوور نیە ژمارەی قوربانیان بگاتە ملیۆنەها کەس، یاخود دەیەها ملیۆن کەس بەتایبەتی ئەگەر سیناریۆی دووەم بەرجەستە ببێت لە کۆمەڵێکی زۆر لە ووڵاتان، هیچ گومانێکیشی تێدا نیە کە پیادەکردنی سیناریۆی سێیەم ڕێژەی قوربانیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە، جگە لەم ژمارە زۆرە لە قوربانیانیش زیانە ئابووریەکان بێ وێنە دەبن، ئەوەی جێی نیگەرانیشە ئەوەیە کە لەوانەیە ئەم ڤایرۆسە کوشندەیە وەکو پەتایەک یان پەتایەکی وەرزی لەنێو کۆمەڵگاکان بمێنێتەوە لە داهاتوودا و بەشێوەی شەپۆڵ جار جارە هەر بڵاوببێتەوە…

 

No photo description available.

Image may contain: text

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.