ستاندەر
دوێنێ چوارشەممە ئیسماعیل قائانیی فەرماندەی فەیلەقی قودس لە سوپای پاسدارانی ئێران، دوای دانانی وەك جێگرەوەی قاسم سلێمانی، بۆیەكەمجار بەفەرمی سەردانی عێراقی كرد، بەگوێرەی سەرچاوەی میدیاییەكان ناوبراو لەگەل هادی عامری و نوری مالیكی و عەمار حەكیم كۆبونەوەی كردوە، تیایدا گفتوگۆ لەبارەی دانانی جێگرەوەیەك بۆ عەدنان زورفی كاندیدی راسپێردراو بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق كراوە، بەگوێرەی هەندێ سەرچاوە موقتەدا سەدر نەیویستوە ناوبراو ببینێ و رایگەیاندوە پرسی دانانی سەرۆك وەزیران بابەتێكی ناوخۆییە، تا ئێستا نازانرێ ئەنجامی دانیشتنەكان بە چ ئاراستەیەك رۆیشتوون.
دوای كۆبونەوەكە قائانیی لەژێر چاودێریەكی چڕ بە سێ ئۆتۆمیل بەرەو فرۆكەخانە بەرێكەوتوە.
جێی باسە هەر دوێنێ دۆنالد ترەمپ لە پەراوێزی ئەو سەردانەی فەرماندەی سوپاس قودسی ئێران، رایگەیاندووە ئێران و هێزە پاشكۆكانی لە عێراق پیلان دژی ئەمریكا دادەرێژن و هەر هەنگاوێك بنێن خۆیان بەرپرسیاریەتی قورسی لە ئەستۆ دەگرن