ستاندەر
لەدوای 2003 وە هەر سەرۆك وەزیرانێك لە عێراق دانرابێت پشتیوانی ئێران و ئەمریكای لە یەك كاتتدا هەبوە، بۆیە تێكدانی ئەو هاوكێشەیە ئاسان نیە، بەوەی سەرۆك وەزیرانێك دابنرێت گلۆپی سەوزی لایەكیانی نەبێـت.
لە راپۆرتێكدا پێگەی ئەلمۆنیتەر ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە عەدنان زورفی كە بەكەسێكی نزیكی ئەمریكیەكان دادەنرێت، ئێستا لە هەولی ئەوە دایە پشتیوانی ئێران بەدەست بهێنێت لەرێی ئەویشەوە لایەنە شیعیە نزیكەكانی لە عێراق، لەسەردانی بۆ عێراق ئیسماعیل قائایی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران، رایگەیاند ستراتیژیەتی نوێی ئێران ئەوەیە دەستوەردان نەكات لە كاروباری ناوخۆیی عێراق و دانانی سەرۆك وەزیران، ناوبراو وتوشیەتی بەڵام ئێران دژی هەر كاندیدێكە كە لەگەل ئێران تەبا نەبێت، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ عەدنان زورفی و هەلوێستەكانی لە رابردوو بەرامبەر ئێران.
پێشتر زورفی لە چەندین هەڵوێست دژایەتی خۆی بۆ هەنگاوەكانی حكومەتی عێراق دەربریوە كە لەژێر كاریگەری ئێران دژی ئەمریكا هەڵوێستی نواندووە، لە سەردەمی شەری داعشیش رایگەیاندبوو ئێران شەری داعش بەكاردەهێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی لە عێراق.
لەكاتی خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەش وەك مۆنیتەر ئاماژەی بۆ كردووە پشتیوانی خۆپیشاندەرنی كرد بەتوندی رەخنەی لە میلشیاكانی نزیك لە ئێران گرت و تۆمەتباری كردن بە كوشتنی خۆپیشاندەران، لەكاتی دەنگدانیش بۆ پرۆژە بریاری دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بە ئاشكرا دژایەتی ئەو هەولەی كرد.
لە ئێساشدا دوای راسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكومەت، لە چەند هەڵوێستێك دەیەوێت خۆی لە ئێرانیەكان نزیك بكاتەوە، لە 29ی ئازار لە تویتێكدا داوای لە كۆمەلگەی نێودەولەتی كرد پشتیوانی ئێران بكات و سزاكانی لەسەر سوك بكرێت بۆ ئەوەی بتوانێ رووبەروی كۆڕۆنا ببێـتەوە. راشیگەیاند ئێران دۆستێكی نزیكی عێراقە و پێویستە ئەو دۆستایەتیە بەردەوام بێت.
زورفی تەئكید لەسەر ئەوەش دەكاتەوە یەكێك لە ئەركەكانی خاوكردنەوەی ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێرانە، چونكە كاریگەری نێگەتیڤی لەسەر عێراق هەیە.
سەرەڕای رەخنەكانی پێشووتریشی لەسەر حەشدی شەعبی، لەنوێترین هەڵوێستی رایگەیاند حەشدی شەعبی دامەزراوەیەكی یاساییە و رۆڵی هەبوە لە پاراستنی عێراق لەشەری تیرۆر، وە ئێمە رۆڵمان هەبو لە دارشتنی یاساكەیی و دەنگدان پێی لە ئەنجومەنی نوێنەران.
سەرەڕای گۆڕانی هەڵوێستەكانی، بەڵام هێشتا ئێران دوو دڵە لەوەی پشتیوانی زورفی بكات، چونكە ئێستا زورفی لەگەل بەرپرسانی ئەمریكاش لە پەیوەندی بەهێزدایە بۆ ئەوەی بەتەواوی پشتیوانیان بەدەستبهێنێت.
بۆیە چاودێران پێیان وایە بەدەستهێنانی متمانەی عێراق و ئەمریكا بۆ زورفی لە یەك كاتدا ئاسان نیە بەتایبەت ئێستا هێرشی موشەكی هێزەكانی حەشدی شەعبی بۆ سەر سەر بنكەكانی ئەمریكا بەردەوامە، سەبارەت بە كورد و سوننەكانیش مۆنیتەر رایگەیاندووە ئاسان نیە بۆ ئەوان پشتیوانی زورفی بكەن ئەگەر لەلایەن زۆرینەی شیعەوە قبولكراو نەبێت.