ستاندەر مەترسیە چاوەروانكراوەكانی بەیاننامەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ پشتیوانی لە كازمی لەسەر هەرێم ئاشكرادەكات

لەلایەن ستاندار Posted on 361 جار بینراوە

ستاندەر

دوا نیوەرۆی ئەمرۆ لە راگەیەنراوێكدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان پشتیوانی خۆی بۆ كاندیدكردنی مستەفا كازمی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران لە عێراق ئاشكراكرد، ئەو پشتیوانیە لەكاتێكدایە هێشتا عەدنان زورفی كاندیدی رەسمی راسپێدراوە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق.

بەگوێرەی لێكدانەوەی بۆردی توێژینەوەی دەزگای ستاندەر ئەو هەنگاوەی سەرۆكی هەرێم مەترسی بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەهێنیت لە چەند روانگەوە:

یەكەم: رەنگە نێو ماڵی كوردستان دوچاری پەرتەوازەیی بكات

بەو پێیەی پێشتر هەریەك لە گۆڕان و یەكێتی رایانگەیاندبوو پێویستە بۆ هەر پشتیوانیەك لە كەسایەتیەك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كۆدەنگی لایەنە كوردستانیەكان دروستبكرێت ئینجا هەڵوێستی هەرێم رابگەیەندرێت، بەڵام ئەو هەنگاوە پشتگوێ خستنی یەكریزی لایەنەكانە بە ئەوانەی لە حكومەتن و ئەوانەشی ئۆپۆزسیۆنن، كە دواجار دەبێـتە هۆی دابەشبونی هەڵوێستی لایەنە كوردستانیەكان، بەسەر كاندیدە جیاجیاكانی شیعە.

دووەم: بەرنامەی مستەفا كازمی بەرامبەر هەرێم روون نیە

تا ئیستا هیچ هەڵوێستێك لەلایەن مستەفا كازمی بەرامبەر هەرێم رانەگەیەنراوە، پێشتر محەمەد تۆفیق عەلاوی بەلێنی پێدانی مووچە و بودجەی بە هەرێم دا هێشتا لایەنەكان رازی نەبون، كەچی ئێستا بەبێ هیچ بەلێنێك و رونی كارنامەی پشتیوانی لێدەكرێـت لەلایەن سەرۆكی هەرێم، كە ئەوش گومانی رێكەوتنی ژێربەژێری حیزبی لێدەكرێـت.

سێیەم: هەرێم دەبێـتە بەشێك لەململانێی ماڵی شیعە

پێشتر پارتی و لایەنە سیاسیەكانی تر رایانگەیاندبوو پشتیوانی كاندیدێك دەكەن كە كۆدەنگی ماڵی شیعەی لەسەر بێت، بەو پێیەی ئێستا بەشێك لەلایەنەكان هێشتا پشتیوانی عەدنان زورفی دەكەن، ئەو دۆخە وادەكات   هەرێم ببێتە بەشێك و لایەندار لەنێو ململانێكانی نێو ماڵی شیعە كە دواجار ئەگەری ئەوەی هەیە بە زیانی هەرێم تەواو بێت.

بۆردی توێژینەوەی ستاندەر پێی گرنگە حیزب و لایەنە سیاسیەكانی تر لەبەرامبەر ئەو لایەنداریەی سەرۆكی هەرێم بۆ كازمی كە كاندیدی لایەنە شیعیە نزیكەكانی ئێرانە هەلوێستی خۆیان رابگەیەنن و نەهێلن كوردستان بكەوێتە ناو ململانێكانی ناو ماڵی شیعە و ئەمریكا و ئێران بەبێ گەرەنتی پاراستنی بەرژەوەندیەكانی كوردستان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.