دیموکراسی درۆینە و دیموکراسی راستەقینە

لەلایەن ستاندار Posted on 343 جار بینراوە

مەجید ساڵح

نوخبەی بیرمەند و سیاسەتمەدار کاتێک عەزم جەزم دەکەن بەوەی گۆڕانکاری لە سیستمی سیاسی و بەرێوەبردنی وڵاتەکەیاندا دروست بکەن، پێش ھەر شتێک ھەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ واقعی کۆمەڵگاکەیان دەکەن و ئینجا بەرنامەدادەنێن بۆ ئەوەی کۆمەڵگاکەیان لە دۆخێکی چەقبەستووەوە ببەنە دۆخێکی پڕ لە دینامیکیەت و جۆش و خرۆش.
دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراسی و دەسەڵاتێکی خزمەتگوزار خەونێکی لە مێژینەی زۆربەی ھەرە زۆری میللەتانە، بەڵام ھاتنەدی ئەم خەونە تەنھا بە روخانی دەسەڵاتێک و ھاتنی دەسەڵاتێکی دیکە نایەتەدی و دەیان لەمپەر دێتە رێگەی.
بەرای جۆن ستیوارد میل نائاگایی و لاوازی ھۆشیاری سیاسی میللەت ھۆکارێکی گەورەیە بۆ دانەمەزراندنی سیستمێکی دیموکراسی.
پەرلەمان وەک دامەزراوەیەکی سەرەکی سیستمە دیموکراسیەکان، بێ کەڵک و دەستەپاچە دەبێ گەر میللەت لەکاتی ھەڵبژاردنەکاندا دەنگی خۆی بدات بە کەسانێک کە ئەلف و بێی سیاسەت و یاسا دانان نەزانن. ستیوارد مێل میللەت بە نەخۆشێک دەشوبھێنێ کە دەزانێ نەخۆشە؛ بەڵام تیماری دەردی خۆی نازنێ و خۆی دەخاتەبەردەم ھەر کەسێک کە چارەی دەکات. ئەو پێی وایە خەڵک دەبێ بایی ئەوەندە ھۆشیاری تێدا بێت دکتۆرێک بدۆزێتەوە کە چارەسەری دەردەکەی بکات، نەک لێێ قورس بکات. بە بۆچوونی ئەو ھەڵبژاردنێک کە کەسانی ناشارەزا و بێ توانای لێ بکەوێتەوە، بەدڵنیاییەوە دیموکراشیەکی درۆینەیە و دەبێ چارەسەر بکرێت و بخرێتە سەر رێگەی راست. بەڵام لە دۆخێکدا میللەت ھەر دەنگی بەوکەسانەدا کە ئاستی توانایان کەمە و ھۆشیاری یاساددانانیان لەخوار سفرەوەیە، چارەسەر چییە؟!!
مێل پێی وایە دەبێ کۆمیسۆنێک لە خەلکی شارەزا و پسپۆر دروست بکرێت و ئەرکی ئەوەیان پێ بسپێدرێت بەپێی پێویستی و ھەلومەرجی وڵات یاسا دابڕێژن و پەرلەمانتارانیش دەنگی لەسەر بدەن، تەنانەت پێشنیازی ئەوەش دەکات دەبێ دەنگی خەڵکی ھۆشیار و بەئاگا وەک دەنگی خەڵکی ئاسایی حسابی بۆ نەکرێت.
زۆربەی ئەو وڵاتە دیموکراسیانەی ئێستا بە قۆناغی دیموکراسیەتی درۆینەدا تێپەڕیوون و دواتر بە ئەزموون وەرگرتن لە ھەڵەکانیان و بە گوێگرتن لە خەڵکانی وەک ستیوارد مێل چارەی حاڵی خۆیان کردوە و دیموکراسیەکەیان لە دیموکراسیەکی جدرۆینەوە بردوەتە دیموکراسیەکی راستەقینە.
لە چلەکانی سەدەی رابردوەوە چەمکی دیموکراسی ھاتوەتە ئەدەبیاتی سیاسی ئێمەوە و لە ١٩٩٢ەوە پەرلەمانی ھەڵبژێراومان ھەیە، بەڵام کە پرۆتۆکۆڵی دانیشتنەکانی خولی یەکەم بەراورد دەکەیت بە خولی کۆتایی ئەو راستیەمان بۆ دەردەکەوێت کە دیموکراسیەکەی ئێمە رۆژ لە دوای رۆژ پاشەکشەی کردوە و بەرەو دیموکراسیەکی درۆینە ملی رێی گرتوە و کەسیش نییە چارەسەرێکی گونجاوی بۆ بدۆزێتەوە.. ئەم دۆخە مەترسیدارە تاکەی بەردەوام دەبێ، بە تایبەتی گەر خۆمان لە ئاست ئەو حەقیقەتە گێل نەکەین لە ئێستادا رادەی بێ متمانەی خەڵک بە پەرلەمان و دامودەزگاکانی بەڕێوەبردنی وڵات گەیشتوەتە ئاستێکی مەترسیدار.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.