وردەکاری روداوەکانی بالیسان لەبالیسان چی دەگوزەرێ؟ روداوەکانی بالیسان چۆن رویاندا؟

لەلایەن ستاندار Posted on 352 جار بینراوە

ئیبراهیم عەلی

ناحیەی بالیسان تاکە ناحیەی سنووری قەزای شەقڵاوەیە کە لەرووی ئەمنییەوە کەتووەتە زۆنی سەوز. لەرووی جوگرافییەوە چیای زینەتیر ناحیەی بالیسان و شەقڵاوە لەیەکتر جیا دەکاتەوە. لەرووی سەربازییەوە گوندی شێخ مەموندیان دواین گوندە کە سەر بەناحیەی هەریرەو لەژێر کۆنتڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستاندایە…. لەکۆیایی گوندی شێخ مەموندیان و لەدامێنی لۆفەکانی چیای زینەتیر بەرووی دەشتی هەریر دواین بازگەی ئاسایشی پارتی لێیەو لەو بازگەیەدا دەسەڵاتی پارتی کۆتایی دێت. لەدامێنی چیای زینەتیر، لەکۆتایی لۆفەکانی زینەتیر بەرووی دۆڵی بالیسان، بازگەیەکی ئاسایشی یەکێتی هەیەو بەبازگەی خەتێ ناسراوەو کەوتووەتە سێڕیانی زینەتیر و دۆڵی بالیسان و دۆڵی ئالانە. لەو بازگەیەوە دەسەڵاتی سەربازی و سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەستپێدەکات.
ڕۆژی ٢٧ی ئازار بەفەرمانی قایمقامی شەقڵاوە، بەبەردی کۆنکرێتی لەسەرەوەی لۆفەکانی زینەتیر رێگەی نێوان قەزای شەقڵاوەو ناحیەی بالیسان بەتەواوی دادەخرێت… ستافی نەخۆشخانەی گشتی بالیسان پەیوەندی بەقایمقامی قەزای شەقڵاوەوە دەکەن و پێی دەڵێن ئەوان چۆن کارەکانی نەخۆشخانە بەڕێوەبەرن لەکاتێکدا لەرووی ئیدارییەوە ئەوان دەبێت نەخۆش ئەگەر پێویستی بەچارەسەر هەبوو یا بینێرن بۆ شەقڵاوە یا بۆ هەولێر. هەروەها کارمەندانی ئەو نەخۆشخانەیە بەقایمقام دەڵێن کارمەندانی نەخۆشخانە چۆن هاتوچۆ بکەن لەکاتێکدا بەشی زۆری کارمەندانی ئەو نەخۆشخانەیە دانیشتووی قەزای شەقڵاوەن. قایمقامیش پێیان دەڵێت نەخۆشەکانتان هەم کارمەندەکانتان لەڕێگەی دۆڵی هیرانەوە بێن بۆ شەقڵاوە. واتە ئەمبۆلاسی نەخۆشخانەی ناحیەی بالیسان بچن بۆ ناحیەی بێتواتەو لەوێشەوە بۆ ناحیەی حاجیاواو پاشان لەڕێگەی هیزۆپەوە بچنە ناحیەی سکتان و پاشان ناحیەی هیران ئینجا بگەن بەقەزای شەقڵاوە رێگەیەکی ١٥ خولەکی بکرێت بەڕێگایەکی یەک سەعات و ١٥ خولەک لەکاتی ئاساییدا نەک لەکاتی بوونی ئەو هەموو بازگەیەی ئێستا زیادکراون. واتە نەخۆشێک لەناحیەی بالیسانەوە چوار ناحیەی دیکە ببڕێت ئینجا بگات بەقەزای شەقڵاوە.
ئەم هەڵوێستەی قایمقامی شەقڵاوە دەبێتە هۆی نیگەرانی کارمەندانی نەخۆشخانەی بالیسان و ئەوانیش لای خۆیانەوە لەرێگەی بەیاننامەیەکەوە لەهەمان ڕۆژ واتا ٢٧ی ئازار رایگشتی ئاگادار دەکەنەوە.
دوای ئەو بەیاننامەیە کاریگەری زۆری دەبێت و لەسۆشیال میدیا ئەو داخستنی رێگەیە بەزیندووکردنەوەی دوو ئیدارەیی لەقەڵەم دەدرێت. قایمقامی قەزای شەقڵاوە لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا پێچەوانەی ئەو قسانەی لەگەڵ کارمەندانی نەخۆشخانەی گشتی بالیسان کردبوونی وتی ئێمە بەهۆی پابەند نەبوونی خەڵک بەقەدەغەی هاتوچۆ، ئەو ڕێگەیەمان بەشێوەیەکی کاتی داخستووەو بۆ وەرگرتنی نەخۆشیش کارمەندانی نەخۆشخانەی بالیسانمان ئاگادارکردووە کە ئەوان بەئەنبوڵەسەکانی خۆیان نەخۆش تا نزیک کۆنکرێتەکان بێنن و لەوێش ئێمە بەئەنبۆڵانسێکی دیکە نەخۆشیان لێوەردەگرین.
پاش ئەم رووداوەو لەژێر گوشاری خەڵکی ناوچەکەو بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە لەسۆشیال میدیاو میدیاکان لەرۆژی ٢٩ی ئازار کۆنکرێتەکانی سەر ڕێگەی زینەتیر لابران و بەشێوەیەکی فەڕمی رێگاکە کرایەوە.
ڕۆژێک دوای کردنەوەی ڕێگەکە مناسەبەیەک دەبێت و خێرخوازێک بەناوی عەلی خۆشناو کۆمەڵێک پێداویستی پزیشکی بۆ قەزای شەقڵاوە دابین دەکات و لەنێوشدا ئەو خێرخوازە کۆمەڵێک پێداویستی بۆ نەخۆشخانەی گشتی شەقڵاوە دابیندەکات و لەقایمقامییەتی قەزای شەقڵاوە کەل و پەلەکانیان تەسلیم دەکات لەوێش ستافی نەخۆشخانەی گشتی بالیسان ئامادە دەبن و دەیانەوێت لەهەمان کات بڕۆن قسە لەکەڵ قایمقامیش بکەن. بەڵام قایمقام وەڵامی سڵاویشیان ناداتەوەو ناهێڵێت لەو شوێنە هیچ قسەیەک لەگەڵ ستافی ئەو نەخۆشخانەیە بکات بەهۆی ئەو روداوەی کە خراپ لەسەر قایمقام شکایەوە لەناو خەڵکدا.
تا ڕۆزی ٩ی نیسان کێشەکان وەک خۆی مابونەوەو قایمقامی قەزای شەقڵاوە ئەمجارە قسەی خۆی بردەسەر و لەو ماوەیە رێکەی نەدا هیچ ئەنبۆڵانسێکی بالیسان بچێتە شەقڵاوە بەڵکو لەبازگەی شێخ مەمودیان کەئاسایشی پارتی لێییە نەخۆشیان لەئەنبۆڵانسەکانی نەخۆشخانەی گشتی بالیسان وەردەگرت.
ڕۆژی ٩ی نیسان جارێکی دیکە هەواڵی داخستنی رێگەی نێوان ناخیەی بالیسان و قەزای شەقڵاوە بڵاودەبێتەوە بەڵام ئەمجارە داخستنەکە بەفەرمانی بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسانە نەک فەرمانی قایمقامی شەقڵاوە. داخستنی ڕێگاکەش لەئەنجامی کاردانەوەی رێگری بازگەی شێخ مەمودیان دەبێت لەشاندێکی ناحیەی بالیسان.
بەرەبەیانی ڕۆژی ٩ی نیسان شاندێکی ناحیەی بالیسان دەیانەوێت سەردانی پارێزگاری هەولێر بکەن بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ کێشەو گرفتە ئیدارییەکانی ناحیەکەیان، بەڵام کاتێک دەگەنە بازگەی شێخ مەمودیان کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئاسایشی پارتیدایە بەهیچ شێوەیەک رێگە بەو شاندە نادەن بڕۆن بۆ هەولێر. هەرچەندە بەڕێوەبەری ناحیەکە بەئۆتۆمبێلی تابلۆ شینی وەزارەتی ناوخۆ دەبێت و ناسنامەی خۆی نیشان دەدات و رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆشی نیشانی بازگەکە دەدات کە قەدەغەی هاتوچۆ ئەوان ناگرێتەوە، بەڵام هەموو هەوڵەکان بێسوود دەبن. ناچار ئەو شاندە دەگەڕێنەوە بالیسان و پەیوەندی بەسەرکردەکانی یەکێتییەوە دەکەن. دوای ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیانە بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان شۆفڵەکانی شارەوانی بالیسان رادەسپێرێت رێگەی زینەتیر بۆ قەزای شەقڵاوە بگرن و ساترێک لەوێ دروست بکەن بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت هاتوچۆ بکات. لەهەمان کات رێگەی نێوان ناحیەی بالیسان و ناحیەی خەلیفان دادەخات.
رێگەی نێوان ”خەلیفان و بالیسان” جولەیەکی فراوانی بازرگانی لەسەرە، چونکە تەواوی ئەو بارهەڵگرانەی لەسنوری حاجی ئۆمەرانەوە بۆ ئیدارەی راپەڕین و پارێزگای سلێمانی دێن لەو رێگەیەوە دێن. لەهەمان کات بەشێک لەو بارهەڵگرانەی لەئیبراهیم خەلیلەوە دێن بۆ قەزای ئاکرێ و لەوێشەوە بۆ دەشتی هەریر و لەوێوە بۆ رێکەی بالیسان. واتە رێگای بالیسان یەکێکە لەڕێگە سەرەکییەکانی نێوان زۆنی سەوز و زەرد لەرووی بازرگانییەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.