بەیاننامەیەكی توند لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ پارتی

لەلایەن ستاندار Posted on 383 جار بینراوە

ستاندەر

لە راگەیەنراوی كۆبونەوەی ئەمرۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتی چەند پەیامێك ئاراستەی پارتی و پەكەكە كراوە.

لە بەشێكی راگەیەنراوەكە هاتوە :” بەداخەوە دەبینین ئاراستەیەک لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان بە مەرامی جیاجیاو بەرنامە بۆ داڕێژراو هێرشی ناڕەوا دەکەنە سەر یەکێتیی و سەرکردایەتییە نوێکەی کە چەندین جاریشە دووبارە دەبێتەوە، سەرەتا بەگرتنی ژمارەیەک هەڤاڵ و کەسوکاری شەهیدی یەکێتیی و پاشان بەگژیەکداکردنی دوو دەزگای ئەمنی و هەواڵگری سەر بە حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ، لەو رێگەیەشەوە تانەدان و تۆمەتبارکردنی یەکێتی، تا هێنانی هێزێکی لیوای وەزارەتی پێشمەرگە بۆ شوێنێکی ئارامی وەک زینی وەرتێ بەبیانووی کۆنترۆڵکردنی تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا”

 

دەقی راگەیەنراوەكە بخوێنەوە:

راگەیاندراوی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ئێوارەی ئەمڕۆ لە دەباشان مەکتەبی سیاسی بەسەرۆکایەتی هەڤاڵ لاهور شێخ جەنگی کۆبووەوە. سەرەنجامی کۆبوونەوەکە ئەم راگەیاندنەی بڵاوکردەوە:

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەکاتێکدا هاووڵاتیان و هەرێمەکەمان و جیهان گیرۆدەی چۆنێتی بەگژاچوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، ترس و دڵەڕاوکێ لەئاکامە تەندروستی و ئابوری کۆمەڵایەتییەکانی لەم بارودۆخە سەختەی ژیان و بژێوی هاوڵاتیان هەموومانی سەرقاڵ کردووە، لەو پێناوەدا یەکێتیی هەموو ئۆرگانەکان و توانای خۆی بۆ هەماهەنگی و هاوکاری یەکە ئیدارییەکان و حکومەتی هەرێم تەرخان کردووە، ئا لەم ئانوساتەدا، لەجیاتی هێورکرنەوەی هاوڵاتیان لەرووی دەروونیی و دابینکرددنی گوزەرانیان، بەداخەوە دەبینین ئاراستەیەک لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان بە مەرامی جیاجیاو بەرنامە بۆ داڕێژراو هێرشی ناڕەوا دەکەنە سەر یەکێتیی و سەرکردایەتییە نوێکەی کە چەندین جاریشە دووبارە دەبێتەوە، سەرەتا بەگرتنی ژمارەیەک هەڤاڵ و کەسوکاری شەهیدی یەکێتیی و پاشان بەگژیەکداکردنی دوو دەزگای ئەمنی و هەواڵگری سەر بە حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ، لەو رێگەیەشەوە تانەدان و تۆمەتبارکردنی یەکێتی، تا هێنانی هێزێکی لیوای وەزارەتی پێشمەرگە بۆ شوێنێکی ئارامی وەک زینی وەرتێ بەبیانووی کۆنترۆڵکردنی تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا، ئەمە سەرەڕای نەدانی بەشە بودجەو هاوکاری رێکخراوە جیهانی و ناوخۆییەکان کە لەسەر حسابی تایبەتی حکومەتی هەرێمەو بێ بەشکردنی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین لێی.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سۆنگەی هەستکردن بە لێپرسراوێتی و هەستیاری بارودۆخەکە تائێستا دانی بەخۆیدا گرتووە هەر بۆیەش داوا لەسەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات وەک فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ھەروەھا لەسەر داوای رەوای خەڵکی دەوروبەری زینی وەرتێ و بۆ رەواندنەوەی گرژی و دڵەڕاوکێی هاوڵاتیان، بەپەلە فەرمانی کشاندنەوەی گشت هێزەکان بدات و ئاسایشی ناوچەکە بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بسپێرێت.

هەروەها داواکارین لە پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) کە بۆ ئارامی ناوچەکەو پاراستنی سەرو ماڵی خەڵک وە بیانوو نەدان بەدەستەوە هێزەکانیان لەناوچەکە بەدوور بگرن.

هاوڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جارێکی تر دڵنیاتان دەکاتەوە کە لەم قۆناغە هەستیارەدا بەرنامەو کۆششی بە پەلەی رووی لە پاراستنی ژیان و تەندروستی هاولاتیان و دابینکردنی قوتیانە کە ئەم بەڵا جیهانییە کاری تێکردوون، بەو بۆنەیەشەوە داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین چارەسەری بەپەلە بۆ بژێوی خەڵکی هەژارو کەمدەرامەت بدۆزێتەوە کە بەهۆی پابەندبوونیان بە رێنماییەکانی حکومەتەوە زەرەر مەندی یەکەم بوون، لێرەشەوە رایدەگەیەنین سەرکردایەتی نوێی (ی.ن.ك) لەگەڵ هیچ جۆرە تەصعیدێکی سەربازی و ئیعلامی نین و لەبەر پاراستنی بەرژەوەندی خەڵکەکەمان ، وەک هەمیشە ، بەشێک دەبین لە چارەسەرو بەهیچ جۆرێک رێگە بە ئاراستەی ئاڵۆزکردنی بارودۆخەکە نادەین. لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا مەکتەبی سیاسی رەوشی کەرکوک و موصل و خانەقین و خوورماتوو و مەخمورو کوڵەجۆی تاوتوێ کرد، کە هەروەک ئاگادارین لەماوەی چەند رۆژی رابردوو بارودۆخی ئاسایش و سەربازی ئەو ناوچانە لەئاستی پێویستدا نین ، سەرەڕای سەرقاڵی دامودەزگاکانی میری بە بارودۆخی تەندروستی وڵات و بەگژاچوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمانە هەمووی بوەتە هۆی دروست بوونی بۆشایی سەربازی و ئاسایش لەناوچەکەو هەڵکشانی جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش، دەرەنجامیش ژمارەی قوربانییەکان لە شەهیدکردن و بریندارکردنی هێزەکانی پێشمەرگەو سوپای عیراق و هاوڵاتیان و جوتیاران لەزیادبوونا ، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی دڵەڕاوکێ لەناو دانیشتووانی ئەو ناوچانە لە سەرجەم پێکهاتەکان. بۆیە جەخت دەکەینەوە جارێکی تر لە حکومەتی فیدراڵی عیراق لەسەرو هەموویانەوە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراق کە بەپەلە پێداچوونەوە بکات بە بارودۆخەکەو هەماهەنگی بکەن لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگەو سوپای عیراق و سەرجەم هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی ناوچەکەو روبەڕووبوونەوەی تاوانەکانی داعش کە بوونەتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێی هاوڵاتیان.

مەکتەبی سیاسی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.