سەركردایەتیەكی یەكێتی هەندێ زانیاری لەبارەی تەشەنەكردنی دۆخی زینی وەرتێ ئاشكرادەكات

لەلایەن ستاندار Posted on 279 جار بینراوە

ستاندەر

ئارێز عەبدولڵا ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی رایدەگەیەنێت داواكاری خەلكی ناوچەی وەرتێ ئەوەیە هێزەكانی یەكەی 70 لەناوچەكە جێگیر بكرێت.

لە وتارێكی رۆژنامەوانی ناوبراو راشیگەیاندوە:” – سەرەڕای ئەوەی وەزیری پێشمەرگەش یەکێتیە، بەڵام یەکێتی گومانی لە ناردنی ئەو ھێزە ھەیە”.

ئارێز عەبدولڵا نوسیویەتیشی: ” : دوای رێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی و نەمانی شەڕی ناوەخۆ بۆ نیشاندانی نیەت پاکی و دووبارە نەبوونی گرژییەکان یەکێتی یەکلایەنە ھەموو ھێزەکانی خۆی ھەر لە باڵەکایەتیەوە تاکو دەشتی کۆیە کێشانەوە، بەڵام لەبەرامبەردا تاکو ئێستاشی لەگەڵ دابێ پارتی سەرچیا بەرزەکانیشی چۆل نەکردوون، قەڵاو بنکەی بەرەکانی شەڕی ناوەخۆی وەکو خۆ ھێشتونەتەوە! خەڵکیش دەپرسێ ئەوە بۆچی و ھەتا کەی “.

ئارێز عەبدولڵا هۆشداریدەدات و دەلێت زینی وەرتێ و ھەڵمەتەکانی راگەیاندن ئاماژەی مەترسیدارن و تا زووە دەبێ  چارەسەر بکرێن، دەنا کار لە کار دەترازێ.

دەقی وتارەكە بخوێنەوە

زینی وەرتێ !

ئارێز عەبدوڵڵا

دوای سەرھەڵدانی پەتای کۆڕۆنا، قەیرانی زینی وەرتێش دروستبوو. ئەگەر ودۆخەکە ئاسایی بێ جێگیرکردنی ھێزێکی حکومەت لەو زینە زۆر ئاساییە، بەڵام بەداخەوە بەھۆکاری بنەبڕ نەکردنی ئاسەوەرەکانی دوو ئیدارەیی کە بەراستی شەرمەزارییە نەک نەمانتوانیوە تائێستا بارودۆخ ئاسایی بکەینەوە، بەڵکو نەمانتوانیوە ئەو بۆمبانەش پوچەڵ بکەینەوە کە رەنگە لە ھەر کاتێکدا بتەقنەوە!

کاتێک سەیری زینی وەرتێ دەکەین، دەبینین:

– سەرەڕای ئەوەی وەزیری پێشمەرگەش یەکێتیە، بەڵام یەکێتی گومانی لە ناردنی ئەو ھێزە ھەیە!

– سەرەڕای ئەوەی مەیدانی خەبات و کاری پەکەکە باکورە، بەڵام گومانی لە جێگیرکردنی ئەو ھێزە ھەیە!

– سەرەڕای ئەوەی جومگەکانی دەسەڵات بەدەست پارتیەوەن، بەڵام پێداگری لە مانەوەی ھێزەکە و گومانیش لە ھەڵوێستی یەکێتیش دەکا!

– تورکیا ئاگادار بووەوە و ئەنجام ئەویش خۆی تێ ھەڵقوڵتاند و ئێستا گومان لە کشانەوەی ئەو ھێزە دەکا!

ئەگەر بەنھێنی ھەر پلانێک ھەبووبێ بۆ ناردنی ئەو ھێزە، بەڵام بە ئاشکرا ناردنی ھێزەکە کاتییە و وەزیری پێشمەرگەش جەخت لە کاتی بوونی دەکاتەوە.

بەھۆی پەتای کوڕۆنا  وڵات لە قەیراێکی گەورە دایە، کەچی بەداخەوە لە جیاتی ئەوەی قەیرانەکە یەکمان بخا و ھەموومان بەیەکەوە رووبەڕووی ببینەوە، شەڕی راگەیاند و ناو ناتۆرە و پڕوپاگەندەی بێ بنەما کوردستانیان گەیاندۆتە قۆناغێکی مەترسیدار!

رەنگە ھەبێ بڵێ باشە بۆچی یەکێتی  بەرامبەر بەناردنی ھێزێکی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ زینی وەرتێ ھێندە ھەستیارە؟

لە وەڵامدا دەڵێین: دوای رێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی و نەمانی شەڕی ناوەخۆ بۆ نیشاندانی نیەت پاکی و دووبارە نەبوونی گرژییەکان یەکێتی یەکلایەنە ھەموو ھێزەکانی خۆی ھەر لە باڵەکایەتیەوە تاکو دەشتی کۆیە کێشانەوە، بەڵام لەبەرامبەردا تاکو ئێستاشی لەگەڵ دابێ پارتی سەرچیا بەرزەکانیشی چۆل نەکردوون، قەڵاو بنکەی بەرەکانی شەڕی ناوەخۆی وەکو خۆ ھێشتونەتەوە! خەڵکیش دەپرسێ ئەوە بۆچی و ھەتا کەی ؟

لەلایەکی دیکە رێککەوتنێک ھەیە کە ھەتاکو بارودۆخەکە بەتەواوی ئاسایی دەبێتەوە و ھێزەکان یەک دەخرێنەوە کردنەوەی بارەگا یان جێگیرکردنی ھێز لە ھەندێ شوێن پێویستی بەلێک تێگەیشتن و رێککەوتنی ھەر دوولا دەبێ. بۆ نموونە چەندین ساڵە کۆمیتەی رێکخستنی مەسیف ناتوانێ نەک بارەگاکەی خۆی لەناو مەسیف بکاتەوە، بەڵکو رێگەی پێ نادرێ لە کۆڕێ و بەستۆرەش بارەگا دابنێ !.. ھەندێ شوێن ھەیە پارتی رێگەنادا جگە لە  ھێزەکانی(٨٠)  ھیچ ھێزێکی تری لێ جێگیر بکرێ.کەواتە یەکێتیش ھەمان مافی ھەیە. ھەرچەندە ھەردوو ھێزی (٧٠-٨٠)ش سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، بەڵام تایبەتمەندیان ھەیە.

دەپرسم بۆ ھێورکردنەوەی بارودۆخەکە بۆچی ھێزێکی یەکەکانی (٧٠) لە شوێنی ئەو ھێزەی جێگیر نەکرێ؟ کە ئەوە داواکاری خەڵکی ناوچەکەشە.

ئەمڕۆ رۆژێکی رەش بوو تەنیا لە دووری سەد مەتری ھێزی پێشمەرگە چەند گەریلایەک بە بۆردومانی فڕۆکەکانی ئەرۆگان لە خوێن گەوزێندران و تەپ و تۆزی بۆردومان و دۆڵۆپە خوێنی گەریلاکانیش کەوتنە سەر جەستەی پێشمەرگەکان!

زینی وەرتێ ئایا بۆمبێکە بۆ تەقینەوە دانراوەتەوە، یان پوچەڵ دەکرێتەوە؟

زینی وەرتێ و ھەڵمەتەکانی راگەیاندن ئاماژەی مەترسیدارن و تا زووە دەبێ  چارەسەر بکرێن، دەنا کار لە کار دەترازێ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.