لە پەراوێزی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەت-دا

لەلایەن ستاندار Posted on 407 جار بینراوە

سمکۆ عەبدولکەریم

ئەگەرچی پێم وانییە نە شەڕی ناوەخۆ، نە دوو ئیدارەیی، بە مانای لێکترازانی یەکجارەکی لە دەسەڵاتی یەکیتی و پارتی دابێت، ئەوەی لە دەسەڵاتی ئەواندایە ڕێکخستن و تۆکمەکردنی شێوازی فەرمانڕەوایەکەیە، ئەگەرچی ئێستا ئەوان لەو شێوازە ململانێیەدا تەنیا دەتوانن باری دەروونی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بشێوێنن، کە ئەمەش هێندەیتر متمانەی کۆمەڵانی خەڵک بەخۆیان کەم دەکەنەوە.
پێشم وایە هاتنە دەسەڵاتی هەر کارەکتەرێکی نوێ پێویستی بەسەرکەوتنێک هەیە، بۆ ئەوەی پێگەی دەسەڵاتەکەی سەقامگیر بکات، بەڵام بۆ دەبێ ئەو سەرکەوتنە تەنیا لەسەر حیسابی زیاتر چەوساندنەوە و بێ ئیرادەکردنی هاوڵاتیان بێت، ئەگەرچی لە سیاسەت و سیستمی نوێی فەرمانڕەوای ئێستای جیهاندا، سەرکردەکان دوای بەدەست هێنانی سەرکەوتنەکانیان دەسەڵات دەگرنە دەست.
………………..
پیاوێکی وەک (فرانکلین ڕۆزفێلت) سی و دووەمین سەرۆکی ئەمریکا بەدەر لە دەستوری وڵاتەکەی بۆ یەکەم جار چوارکەڕەت بەسەر یەکەوە بەسەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرایەوە.
دەزانن بۆ؟
تەنیا بە هۆکاری ئەوەی کە توانی گەورەترین و مەترسیدارترین نەهامەتی لەسەر هاوڵاتیانی وڵاتەکەی بڕەوێنێتەوە، کە بریتی بوو لەقەیرانی دارایی ساڵی ١٩٢٩، کە بە قەیرانی گەورە ناسراوە.
لە فەڕەنساش هەمان قەیرانی دارایی، خەریک بوو ئابووری ئەو وڵاتەی لەبەریەک هەڵدەوەشاندەو، بەڵام کەسایەتییەکی وەک (لیون بلوم) دێت و فریای هاونیشتیمانیانی وڵاتەکەی دەکەوێت و وڵات و گەلەکەی لەو نەهامەتییە قورتار دەکات، بەم هۆیەشەوە لە لایەن گەلەکەیەوە هەڵدەبژێردرێت و بۆ دووجار لە ساڵی ١٩٣٦-وە دەببێتە سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا.
……………….
(هنری پێنجەم) کە دوای مردنی باوکی (هنری چوارەم) لە ساڵی ١٤١٣ و لە تەمەنی ٢٧ ساڵیدا دەبێتە پادشای ئینگلتەرا و شکسپیری شانۆ نووس و چیڕۆکنووسی ناوداریش ئەو پادشایەی کردوە بە داستانێکی هونەری شانویی بەناوبانگ، کە گەورەیی ئەو پادشایە نیشان دەدات.
بەڵام بۆ چیڕۆکی ئەو پادشایە دەگێڕمەوە؟
هەر لە گەل بوون بە پادشا و بەدەست گەیشتنی دیاری وڵاتان، بەتایبەتی دیاریەکەی فەڕەنسا بەم بۆنەیەوە، کەنیسە و لۆردەکان دەکەونە خۆ ئامادەکردن بۆ زەمینە خۆشکردنی جەنگ لە دژی فەڕەنسا، ئەمە لە کاتێکدا (هنری پێنجەم) پێچەوانەی باوکی لە هەوڵی بەرقەرارکرنی ئاشتی و دۆخێکی ئارامدایە.
بەڵام بەشێک لەدارودەستەکەی پێێان وایە جەنگ و سەرکەوتن بەسەر فەڕەنسادا زەمینەی ئەو ئاشتەواییە دەخوڵقێنی.
ئەمە جگە لەوەی پیاوی بەهێزی دەستەڕاستی پادشا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی ئەو جەنگە ڕووبدات، بە ئامانجی تۆمارکردنی سەرکەوتنێک بۆ(هنری) پادشای گەنج و سەقامگیرکردنی پایەی دەسەڵاتەکەی، کەسەرەنجام پیلانەکان سەریان گرت و بە هۆکاری هەموو ئەو سیناریو و چەواشەکاری و ساختانەی بەناوی پادشای فەڕەنساوە داڕێژران رۆژ بەڕۆژ( هنری پینجەم)یان لەبەرامبەر پادشای فەڕەنسا ڕق ئەستورتردەکرد، کە سەرەنجام بوونە هۆکار بۆ ئەوەی هێرشێکی گەورەو فراوان بکاتە سەر ئەو ووڵاتە و کۆشتارێکی لە ئەندازە بەدەری گەورەی لێبکەوێتەوە، بە تایبەتی کە (هنری پێنجەم) یەکێ لە کەسە هەرە نزیکەکانی لەو جەنگەدا لە دەست دەدات.
دوای هیلاکەت و بی ئومێدی لەوەی سەرکەوتنێکی بۆ مابێتەوە، پێشهاتێکی چاوەڕوان نەکراو دەبێتە هۆی سەرکەوتنی لەو جەنگەدا بەسەر پادشای فەڕەنسادا.
بەڵام پاش چی؟
پاش کوشتارێکی گەورە لە هەردولا.
دواتر چی رویدا؟
(هنری پێنجەم) دوای ئەوەی بۆی دەرکەوت هەموو ئەو سیناریویانەی بوونە هۆی هەڵگیرسانی ئەو جەنگە، دروستکراوی گەورە وەزیری دەستەڕاستی بووە بۆ تۆمارکردنی سەرکەوتنێک بۆ گەورەکەی، بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکەی سەقامگیر بێت و ببێتە پادشایەکی ناودار و بلیمەتێکی وەک (شکسپیر)یش بیکاتە پاڵەوانی داستانەکەی.
(هنری پێنجەم) کاتێک هەموو ڕاستییەکانی لە زاری وەزیری دەستەڕاستی گوێ لێدەبێت، ئەو ڕاستییانەی بوونە هۆکاری سەرەکی ئەو جەنگە، لە پیناو پایەدارکردنی پایەی گەورەکەی، کاتێک لە دوا قسەیدا پێی دەڵێ هەموو ئەوەم لە پێناو مەزانایەتی تۆدا کرد، بە بیستنی ئەو قسانە (هنری پێنجەم) بێ سەلمینەوە و یەک و دوو خەنجەرەکەی دەکێشی بە پشتەمڵی وەزیری دەستەڕاست و یەک جێ (کوشتی).
………
هەروەها پێشم وانییە بەبێ تێپەڕاندنی گرێی دەروونی (١٦) ی ئۆکتۆبەر کۆمەڵانی خەڵک هیچ ئومێدێکیان بە هیچ پێشوەچوونێکی وا هەبێت کە لە ئایندەدا ئاسودەیی و سەقامگیری دەروونی بەدواوە بێت.
وەک چۆن لە ڕابردووشدا مومکین نەبوو بەبێ تێپەڕاندنی گرێی دەروونی (٣١) ئاب لە لایەن یەکێتییەوە، دەرفەتەکانی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس بە یەکجارەکی لە بەغدا بقۆزرێنەوە.
……………….
هەڵسوکەوت کردنی پارتی بە هەمان هەناسەی بەر لە کۆنگرەی یەکێتی لەگەڵ یەکێتی، هەڵەیەکی کوشندەیە. زمانی قسە و دەربڕین کاریگەری خۆی هەیە، بەڵام سەرەنجام کردارەکان هەنگاوەکان دەگۆڕن.
ئێستا یەکێتی لە دەست ئەو تاقمەدایە کە سەرۆکی حکومەت و پارتێش بە تاقمێکی جیاوازی نێو یەکێتی وێنای دەکەن.
بۆیە لە قسە و ڕاگەێنراوەکانیاندا حکومەت و پارتی دەیانەوێ چیمان پێ بڵێن؟ پارتی بە نیازی چییە لەگەڵ یەکێتی؟
جێترماوە تەجروبە نەکرابێ؟ بۆیە کاتی ئەوە هاتوە ئەوجارەش لە کەڵی شەیتان بێنە خوارەوە، چونکە سەرکەلی شەیتان دادی کەسی نەداوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.