ناوەڕۆکی نامەکەی تیمی یەکێتی چیبو بۆ مەسرور بارزانی؟

لەلایەن ستاندار Posted on 274 جار بینراوە

ئیبراهیم عەلی

لەچەند ڕۆژی رابردوودا تیمی یەکێتی لەکابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم وەڵامی ڕونکردنەوەیەکی سەرۆکی حکومەتیاندایەوە. جیا لەو وەڵامدانەوەیە نامەیەکی پڕ لەنیگەرانیان بۆ سەرۆکی حکومەت نارد. لەبەرامبەر ئەو نامەیەی تیمی یەکێتی لەحکومەت، مەسرور بارزانی ڕونکردنەوەیەکی دیکەی بڵاوکردەوەو وتی کاتی وەڵام و وەڵامکاری نییە، چونکە خەڵک ماندووە. بەڵام پەیوەندیش کرابوو بەقوباد تاڵەبانی کە لەکۆبونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران مەسرور بارزانی وەڵامی نامەکەی تیمی یەکێتی دادەتەوە.
ناوەڕۆکی نامەکەی یەکێتی کە تا ئێستا بڵاونەکراوەتەوە بریتییە لەو خاڵانە:

یەکەم: تیمی یەکێتی پێیان وایە لەماوەی نۆ مانگی ڕابردوو مەسرور بارزانی تاکڕەوانە بڕیاری داوەو بۆ هیچ بڕیارێک ڕاوێژی لەگەڵ لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت نەکردووە.
دووەم: بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک ڕونکردنەوە بەناوی حکومەتەوە کە هیچ پرس بەلایەنە پێکهێنەرەکان نەکراوە بەتایبەت تۆمەتبارکردنی یەکێتی و ناونانی یەکێتی وەک تاخمێکی یاخی.
سێیەم: سیاسەتەکانی مەسرور بارزانی وایکردووە دەزگاکانی حکومەت دژ بەیەکتر رونکردنەوە بڵاوبکەنەوە. نمونەی ئەوەش رونکردنەوەی ئاسایشی هەولێر و پاشان وەڵامدانەوەی دەزگای زانیاری.
چوارەم: بڕیاردان لەدەستپێکردنەوەی پڕۆژەکان کە ئەمە بەلای تیمی یەکێتی موفاجەئە بووەو هیچ راوێژێکیان پێ نەکراوەو بەبڕوای تیمی یەکێتی جیاوازی زۆر و نادادپەروەری زۆر هەیە لەپڕۆژەکاندا.
پێنجەم: دانانی یاریدەدەرەکان بەپلەی وەزیر کە پێچەوانەی رێککەوتنی لایەنەکانە بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم.
شەشەم: تیمی یەکێتی پێیان وایە مەسرور بارزانی کێشە شەخسییەکانی خۆی تێکەڵ بەکاری حکومەت کردووە بەتایبەت لەمامەڵەکردن لەگەڵ هاوسەرۆکی یەکێتی.

ئەو نامەیەی تیمی یەکێتی بەڕێنمایی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ سەرۆکی حکومەت نێردراوەو لەنامەکەدا تیمی یەکێتی ئەوەیان رونکردووەتەوە ئەگەر سەرۆکی حکومەت سیاسەتەکانی نەگۆڕێت تیمی یەکێتی لەو کابینەیە بەردەوام نابێت.
مەکتەبی سیاسی یەکێتی رێنمایی تیمی یەکێتیان کردووە ئەگەر وەڵامەکان و رونکردنەوەکانی سەرۆکی حکومەت لەئاستی کێشەکان نەبوون ئەوا ماوەیەکی زەمەنی دیاری بکرێت بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان و ئەگەر لەو ماوەیەدا مەسرور بارزانی داواکارییەکانی جێبەجێ نەکردن ئەوا لەحکومەت بکشێنەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.