ئایدۆلۆژیا، گرێ کوێرەکەی کورد

لەلایەن ستاندار Posted on 309 جار بینراوە

ئەمیر مام والی

بەپێی ڕێککەوتنامەی(لۆزان)، لەساڵی (۱۹۲۳) کوردستان دابەشکراوە بەسەر چوار بەشی( ئێران،تورکیا،عێراق، سوریا)
لەو کاتەوە تاکو ئێستا، سەرکردە جیا جیاکانی کورد نەیانتوانیوە ستاتۆیەکی سەربەخۆی سیاسی پێک بهێنن. کە هەر بە ناو چوار پارچەکەی کوردستان لەژێر ئاڵایەکدا کۆبکاتەوە و ئیرادەی نەیارانی کورد پێچەوانە بکاتەوە، کە نایانەوێت کوردستانێکی سەربەخۆ و یەک ئاڵا دروست ببێت.
گەر شۆڕشەکەی (شێخ سەعیدی پیران)، بۆ بە دەستهێنانی سەربەخۆی کوردستان بە نمونە وەربگرین، دەزانین کە لەو کاتەی شێخ، لەگەڵ دوژمنانی گەلی کورد خەریکی خەبات و تێکۆشان بوو، کەسانێکیش هەبون کە کورد بون و بەو پەڕی توانایانەوە دژایەتیان ئەکرد و کاریان لە دژی شۆڕشەکەی ئەکرد.گەر بە باشی ورد بینەوە لە مێژوو، بەتایبەت لە مێژووی کورد، دەبینین هەمان شت لە شۆڕشەکەی (مەلا مستەفا و شێخ عوبەیدوڵای نەهری و شێخ مەحمودیشدا)، بە دی دەکرێت. هەتا لە دروستبونی (پارتی کرێکاران لە باکوری کوردستان و حیزبی دیموکرات لە ڕۆژهەڵاتی ئێران و پەیەدە لە باکوری کوردستان و پەیەدە له ڕۆژئاوای کوردستان)، هەمان شت بەدی ئەکرێت و بەشێک لە کوردەکان بێ گوێدانە بەرژەوەندی باڵای کورد، بەهۆی هەندێک جیاوازی فکری و بەدەستهێنانی پێگەی تایبەتیەوە دژایەتی کوردیان کردوە.

کێشەی سەرەکیو لە مێژیەی ئێمەی کورد، ئەوەیە کە یەکتری قبوڵ ناکەین و فرە دیدی و بۆ چونە جیا جیاکان ناکەین بە بنەما بۆ کارکردن لە پێناو سەرکەوتندا. چەمکی پلۆرالیزم لای ئێمەی کورد، نەک جێی خۆی نەگرتوە بگرە سەرکردەکان بە بیانوی جیا جیا دژ ئەو چەمکەن بۆ کارکردن، سەرکردەکانی کورد، بە تایبەت ئەوانەی کە دەسەڵاتیان زۆرە و هێزیان لە بەردەستدایە نەک ڕاو بۆچونی یەکتری وەرناگرن و کاری پێکەوەیی ناکەن، هەمیشە هەوڵی خۆ سەپاندن بە سەر سەرکردەکانی دیکەدا دەدەن و پێیان وایە دەبێت بڕیار بەدەست تەنیا خۆیان بن.
لە ڕابردوودا ئاغاکان دژی خەڵکە هەژارەکە بوون، شێخەکان دژی ئەوانەبون کە ناسیۆنالیست بوون. ئێستاش عەلمانیەکان ئیسلامیەکانیان پێ قبوڵ نیە، ڕەنگ زەردەکان ڕەنگ سەوزەکانیان قبوڵ نیە، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان پارتە سیاسیەکانی دەرەوەی هەرێمیان پێ قبوڵ نیە و هاوبەشیان ناکەن، لەبری یەکگرتوی زۆرجار خەریکی موجامەلەکردنن بۆ سەرۆکی وڵاتەکانی چوار دەور.
حیزبی پارچەیەک، لە پێناو گەورەبون و مانەوەی خۆیدا، ئامادەیە دژی هێزێک بێت لە بەشێکی دیکەی کوردستان.

پەندێکی کوردی هەیە لە باکوی کوردستان کە دەڵێت:
( سەرکردە زۆرن، وەلێ ئەو سەرکردانە کەمن، کە گوێ لەیەکتر ڕا دەگرن). بەدرێژایی مێژوو، کورد باجی ئەم فرە دیدی و دابەش بونە سیاسیەی داوە. لەکاتێکدا یەکێتی نەتەوەی کوردستان دروستکراوە، لەبری کار و پڕۆژەی هاوبەش و تێکۆشان بۆ گەلی کورد، شەڕە لەسەر بەدەستهێنانی ئەندامیەتی زیاتر لە یەکێتیەکە و خۆ سەپاندنی حیزبە سیاسەکاندا.
حیزبە کوردییەکان، دەبێت واز لە سڕینەوەی یەکتری بهێنن و بە هەموو بیرو ڕا جیاوازەکانەوە باوەش بۆ یەکتری بکەنەوە لە پێناو سەرخستنی گەلەکەمان و بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانماندا.زۆرینەی کورد چاوەڕێی ئەو ڕۆژەیە کە حیزبە سیاسیەکانی هەر چوار بەشەکەی کوردستان، یەک بگرن و بێ گویدانە بەرژەوەندی نەیارانی کورد یەکتری قبوڵ بکەن.چەند جوان و ئومێد بەخش ئەبێت بۆ تاکی کورد، کە ببینێت ئاغا و چینی پرۆلیتار، ئیسلامی و عەلمانی، زەرد و سەوز و سور، هەموو ڕەنگ و ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان کە ئێستا له گۆڕەپانی سیاسی کورددا سیاسەت دەکەن، ئەم گرێ کوێرەیە بکەنەوەو، لە گۆشەیەکی گەورەترەوە لە دۆزی کورد بڕوانن و پشت ئەستوربن بە یەکتری لە پێناو سەرخستنی ئەم گەلە زوڵم لێکراوەدا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.