حیکمەتی ڕەمەزان

لەلایەن ستاندار Posted on 507 جار بینراوە

په‌یكار عوسمان

هەر شتێكی تر کە هەیە، تەنیا بۆ ئەوەیە هەیە کە هەبێت. بەڵام مرۆڤ بۆ ئەوە هەیە، کە هەبێ و بشزانێ بۆ هەیە.
شاخێك نازانێ بۆ هەیە، هەیەو تەواو. مەڕێك کاری بەوەنیە ژیان چیە، ئەژی و تەواو. دارێك ناپرسێ مردن چیە، ئەمرێ و تەواو. بەڵام مرۆڤ تەنیا بە هەبوونی خۆی ڕازی نیەو ئەیەوێ بشزانێ بۆ هەیە.

نە فەلسەفەو نە ئایین و نە زانست، هێشتا وەڵامی ئەوەی نەداوەتەوە، کە خودی وجود بۆ هەیە. بەڵام بوونی ئێمە لەناو ئەو وجودەدا، هەر بۆ کردنی ئەو پرسیارەیە، بۆیە پرسیارەکە هەیەو ئەیکەین و بەردەوام بەدوای وەڵامەکەشیەوەین!

یەعنی پرسیارە وجودییەکان، تەواو مرۆڤیین و تەنیا هی ئێمەیەو هیچ کائینێکی تر نایکاو وەڵامەکەشی بۆ گرنگ نیە.
مرۆڤیش ئەو کائینەیە کە هۆشمەندە. هۆشمەندییش هەر ئەو شتەیە کە “بوون” ئەخاتە ژێر پرسیارەوەو پرسیاری لە وجود پێ ئەکرێ.
خۆ هۆشمەندی دنیایەك شتی تریش ئەکات، بەڵام هەموو ئەو شتانەو خودی هۆشمەندیش لەناو وجوددان، بۆیە پرسیارکردن لە وجود پرسیارە گەورەکەیە.

ئا لێرەوەیە کە مرۆڤ، تەنیا بە هەبوونی شتەکان وازناهێنێ و ئەیەوێ بزانێ، حیکمەت لە بوونیشان چیە. چونکە خودی مرۆڤ، بوونێکە بۆ تێگەیشتن لە بوون! یەعنی حیکمەت لە بوونی خۆی، خودی حیکمەت و تێگەیشتنە، بۆیە ئەیەوێ لە حیکمەتی بوونی شتەکان تێبگات.

بۆ پرسیاری حیکمەت لە بوونی ڕەمەزان، من کارم بە وەڵامە دینییەکان و وەڵامە پزیشکییەکان نیە. وەڵامەکانی مەلا بەکەڵك بهاتایە، ڕەمەزان دنیای فەتح ئەکردو تەواوی مرۆڤ، هەر لەبەر حیکایەتی حیکمەتە زۆرەکانی ڕەمەزان ئەبوونە موسوڵمان.
وەڵامەکانی دوکتۆریش بە کەڵك بهاتایە، ئەبوو غەیرە موسوڵمانیش، هەموو بەڕۆژوبوونایە، هەر لەبەر سیحەتی خۆیان.
………..
لەڕاستیدا ئێمە تێکەڵەیەکین لە بوونێکی غەریزەیی و میکانیکی و عەقڵیی. بوونە میکانیکی و غەریزەییەکە، ئەوەیە کە هەر دووبارە ئەبێتەوەو هیچ ئیزافە ناکات. وەکو نانخواردن و سێکس و کارکردن.. بەڵام بوونە عەقڵیی یان ڕۆحییەکە، ئەوەیە کە شتی نوێ کەشف و ئیزافەئەکات. وەکو زانست و هونەرو چاکبوون و بەها ئەخلاقییە باڵاکان..

بوونە غەریزییەکە، بوونە ئاژەڵییەکەمانەو بوونە میکانیکییەکە، بوونە ئامێرییەکەمانەو بوونە عەقڵییەکە، بوونە ئینسانییەکەمانە.
ڕاهاتن و دووبارەبوونەوەو دەقپێوەگرتن، یاسای بەشە غەریزەیی و میکانیکییەکەی ژیانەو دەقشکاندنیش یاسای بەشە عەقڵی و ڕۆحیەکەیە!

بیرکردنەوەش گەورەترین وەزیفەی ئێمەیەو هەموو کاتێك کاتی بیرکردنەوەیە، بەڵام هەموو کاتێك کەشی لەباری بیرکردنەوە نیە!
مەسەلەن، کاتێ ژیان، ژیانێکی ئاژەڵی و ئامێرییە، یەکەم ئەمە خۆی ئەڕواو ئەسڵەن بیرکردنەوەی ناوێ. دوەمیش ئەم شێوازە ژیانە، ئەسڵەن دەرفەتی بیرکردنەوەو پرسیاری گەورە ناهێڵێ و هەر ئەخۆیت و ئەنویت و بەیانی ئەچیتە سەرکارو شەو یەیتەوەو بەردەوام هەمان شت دووبارە ئەبێتەوەو هەر فریای ئەمەش ئەکەویت.

بەشە میکانیکییەکە ئەوەیە کە هاوبەشی نێوان ئێمەو ئامێرەکانە. مەسەلەن مەکینەیەك دایئەگیرسێنی هەشت سەعات ئیشی پێئەکەیت. تۆش ڕۆژانە لە دەوام، هەشت سەعات هەر ئەوە ئەکەیت کە دوێنێ کردوتەو لەگەڵ مەکینەکە فەرقێکتان نیە.
بەشە غەریزەییەکەش، هاوبەشی نێوان ئێمەو ئاژەڵەکانەو لێرەدا هەر وەکو ئەوان ئەخۆین و ئەخەوین و سێکس ئەکەین و زۆر ئەبین و کەمئەبینەوە..
ئەم دوو بەشەی ئێمە بە “دووبارەبوونەوە” ئیش ئەکاو دەقێك دروست ئەکەن کە ئیتر ژیان خۆی ئەڕواو بیرکردنەوەی ناوێ. بەشی سێیەمی ئێمە، ئەکەوێتە دوای شکاندنی ئەو دەقەوە!

جا حیکمەتی ڕەمەزان و تێکدانی ڕیتمی یانزە مانگی ساڵ، یان حیکمەتی جومعەی ئیسلام و سەبتی یەهودو یەکشەمەی مەسیحی و تێکدانی ڕیتمی شەش ڕۆژی حەفتە، یان نوێژو تێکدانی ڕیتمی چەن سەعاتێكی ڕۆژانە.. ئەشێ هەمووی بۆ شکاندنی دەقبێ و بۆئەوەبێ کە بەشە ئینسانییەکەشمان دەرفەتێکی هەبێ و بەشە میکانیکی و ئاژەڵییەکە تەواوی ژیانمان داگیرنەکەن!
(شتەکە بۆ ئەمەیە، نەکئەوەی ئەم شتانە، خۆیان ببن بە دەقپێوەگرتن و بە بەشێك لە لایەنی میکانیکی و دووبارەبوونەوەو ڕاهاتن.)

سەیرکە، هەموو ئەو قسانەی کە لەدوای کۆرۆناوە لەبارەی خەلەلەکانی سیستەمی جیهان و کێشەی ژینگەوە کرا.. پێش کۆرۆناش کەم کەم هەر ئەکرا. بەڵام کاریگەریی نەبوو، چونکە ئەوکات ژیان لەناو دەقێکدا سجنبوو! کۆرۆنا هات دەقەکەی شکاند، ئیتر هەمان ئەو قسەو بیرکردنەوانە، زۆربوون و هێزو کاریگەرییان پەیداکردوەو ڕەنگە دنیاش بگۆڕن!

حیکمەتی ڕەمەزانیش ئەوەیە کە ڕەمەزان دەقشکێن بێت، نەكئەوەی خۆی دەقێکی تری ساڵانەبێت!
بیرکردنەوە ئەگەر ناوێکی تری هەبێت دەقشکاندنەو دەقپێوەگرتن ئەگەر ناوێکی تری هەبێت، بیرنەکردنەوەیە! هەر ئەو خوایەش کە داوای تەفەکورت لێئەکات، هانی دەقشکاندنیشت ئەداو هەنێ وەسیلەی دەقشکاندنیشی پێداویت، بۆئەوەی دەرفەتی بیرکردنەوەو هەڵکشان بۆ بەشە ئینسانییەکەی خۆتت بۆ بڕەخسێ! بەڵام ئەم وەسیلانە تەقدیس کران و کران بە دین و خۆیان بوون بە دەقپێوەگرتن و بە وەسیلەی لێدانی عەقڵ!

ئا لێرەوەیە کە هەمیشە ئەڵێم دینی خواو دینی کاهین، نەك جیان، بەڵکو تەواو دژو پێچەوانەن! چونکە پێغەمبەران خودی دەقشکێنەکانن و ئەوەی کە هێنایان دەقشکاندن بوو، بەڵام کاهینەکان شتەکەیان کردەوە بە دەقپێوەگرتن و ڕیسەکەیان کردەوە بە خوری.

بەکورتی ئەمەوێ بڵێم: حیکمەتی ڕەمەزان، هەر “حیکمەت” خۆیەتی و شتێکی تر نیە.
هەر بڕێك بیرکردنەوەیە لە هەموو ئەو شتانەی کە لە کاتەکانی تریشدا، ئەشێ بیریان لێبکەیتەوە. بەڵام دەقپێوەگرتن و ڕیتمی ژیان، کەشێکی لەباری بیرکردنەوەنین و ڕەمەزان دێ ئەم ڕیتمە تێكئەداو حیکمەتی ڕەمەزانیش هەر ئەو تێکدانەیەو گەورەیی ئەو لە تێکدەرییەکەیدایە، نەکئەوەی ئەو خۆشی ڕیتم و سیستەمێکی تربێت!

ئازادیی کەشی لەباری عەقڵەو حیکمەتی ڕەمەزان لە ئازادییدایەو ئەو دێ لە سجنی دووبارەبوونەوە ڕزگارت ئەکا، بۆئەوەی کەشی بیرکردنەوە بڕەخسێ. نەکئەوەی خۆی سجنێکی تری دووبارەبوونەوەو بیرنەکردنەوە بێت!

لەڕاستیدا ڕەمەزان پیرۆزە، بەڵام پیرۆزە لەوانەی کە بە مانای “دەقشکێن و ئازادی و دەرفەتی بیرکردنەوە” لێ ی تێئەگەن و لێرەشەوە هەڵئەکشێن بۆ بەشە ئینسانییەکەی خۆیان.
نەك بۆ ئەوانەی کە دەقیان پێوەگرتووەو ساڵانە هەنێ شت دووبارەئەکەنەوەو بەشە “میکانیکییە بێعەقڵ و بێ ڕۆحەکەی” خۆیانی پێ تۆخترئەکەنەوە، کە بەشێکی نزمەو لە ئەساسا ڕەمەزان، هەر بۆ لێدانی ئەو بەشە باشەو هەر بۆ ئەوەش هاتووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.