تاکەی مووچەخۆران باجی ئێوە بدەن؟

لەلایەن ستاندار Posted on 221 جار بینراوە

هیوا سەید سەلیم

فەرمانبەرانی هەرێم هێشتان چارەنووسی پاشەکەوتی مووچەی چەندین مانگی ساڵانی رابردوویان ئاشکرا نەکرابوو، پێشخستن و سەرمووچەیان کە لەسەردەمی نیوەمووچە راگیرابوو بۆ نەگەڕابووەوە، ئەو بەڵێنەی کە کابینە تازە بە فەرمانبەرانی دابوو، کە هەر ٣٠ رۆژ جارێک مووچەیان وەردەگرن نەگەیشتە سەر.
وا جارێکی دیکە مووچەی فەرمانبەران دەکەوێتەوە نێو قەیرانی دانونەدان، بەشێوەیەک کە لە چوار مانگی ٢٠٢٠ فەرامانبەرانی هەرێم هیچ مووچەیەکی ئەم ساڵەیان پێنەدراوە.
دەزانیان قەیرانەکەی ئەم جارەیان جیهانیە، نرخی نەوت دابەزیوە، لەو مانگەدا هێشتان بەغدا ئەو بڕە پارەی لە چوارچێوەی رێکەوتنی نێوان (هەرێم- ناوەند) دەیاناردە هەرێم، تا مووچەی فەرمانبەرانی لیبدرێت نەناردووە، بەڵام بەدەر لە هەموو ئەمانە نابێت هەرێمی کوردستان خۆی لەباری بەرپرسیارەتی سەر شانی خۆی بدزێتەوە.
پێش ئەوەی بێین ئاماژە بەهەموو ئەو خاڵانە بکەین کە بەرۆکی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم دەگرێت لە دواکەوتنی مووچە، پێویستە بووترێت حکومەتی هەرێم سوودی لە قەیرانی چەند ساڵی رابردوو وەرنەگرت، کاتێک دەستی بۆ مووچەی فەرمانبەران بردوو و یاسایی نیوە مووچەی بەسەر مووچەخۆران سەپاند.
لە ئیستادا مووچەخۆرە راستەقینەکانی هەرێم، باجی یەک کۆمەڵە هەڵەی بە ئەنقەستی دەسەڵاتداران دەدەن، لە بوونی هەزاران مووچەخۆری بندیوار، کە باری قورسن بەسەر میزانیەی هەرێمی کوردستان.
مامۆستایان و فەرمانبەران بە گشتی باجی سیاسەتی بێ پلانی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی هەرێم دەدەن، کە لە نەدۆزینەوەی سەرچاوەی جۆراوجۆری داهات بۆ هەرێمی کوردستان بەرپرس و کاری جدیان نەکرد، چونکە هەرچاویان لە داهاتی نەوت و غاز بوو.
هەموو لایەک دەزانین کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا باری ئابووری زۆرێک لە وڵاتان لە دەهەژێنێت، چونکە ئەو پەتایە لە ئاستی جیهانیەوە پاشەکشەی بە گەشەی ئابووری تەواوی جیهان دەکات، داهاتەکان پاشەکشە دەکەن، بێکاری روو لە زیادبوون دەکات، پێشبینی قەیرانی گەورە دەکرێت، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا وڵاتان نەک دەست بۆ مووچەی فەرمانبەرانیان نابەن، بگرە پلانی داهاتووشیان دەبێت بۆ رووبەڕوبوونەوەی هەر قەیرانێک کە نزیکە رووبدات.
کەچی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارەتی سەرشانیان، سەری زار بنی زاریان بریتیە لەوەی بەغدا پارەکەی نەناردوون، داهاتی هەرێم لەو دوو مانگە نزیک بۆتەوە لە سفڕ، ئەوانە راستن و پێتان باوەڕ دەکەین، ئەی بۆ مانگانەی کە داهاتی ناوخۆ لە هەرە بەرزی دابوو ، و لە هەرێمی کوردستانەوە بە چەندین رێگاوە نەوت دەفرۆشا و دەگەیشتە بازاڕەکانی جیهان، و نرخی نەوت بەرزبوو، ئێوە چیتان کردوو و ئەو پارانەتان بۆ کوێ چوو؟
سەبارەت بە پارەکەی بەغدا، ئایا نەتادەزانی رۆژێک بەغدا ئەوتان لێ قەبوول ناکات؟ کە نەوت رادەست نەکەن و ئەویش پارەتان بۆ بنێرێت؟
نەناردنی پارەکەی بەغدا، یان رێکتر بڵێین دواخستنی، چونکە هیشتا روون نیە دەینێرێت یان نا، ئەگەر بینێرێت چەندی دەنێرێت؟ ئێستا هەموو ئەمانە پرسی مشتومڕی نێوان هەرێم و بەغدان، کە چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی پێوەبەندە، بۆیە دەبوو هەرێم لە زووەوە ئەو پرسەی چارەسەر بکردایە.
دواجار دەڵێین مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، باجی بێ پلانی حکومەتی هەرێم دەدەن، باجی ناشەفافی لە داهات، و بەهەدەردانی ئەو داهاتە زۆری هەرێم دەدەن کە ساڵانێکە دەچیتە گیرفانی حزب و کەسانی دەستڕۆیشتوی ناو حزبەکان.
کێشە لەودایە ئێوە دەرس و پەند لە هەڵەکانتان وەرناگرن، و دەبێت مووچەخۆرانی بە گشتی و خەڵکی هەژار و برسی کوردستان باجی هەڵەکانتان بدات، ئەگەر دەرستان وەرگرتبایە و لە خەمی بژێوی خەڵکی کوردستان دابان، دەبوو لەو مانگە لە پارەی شاراوەی خەڵک کە لە لاتانە مووچەی فەرمانبەرانتان بدابایە، بابەتەکەش لەوە دەرچووە خەلکی پێتان باوەڕ بکات پارەتان هەیە یان نا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.