مەسڕور بارزانی لەکوێیە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 235 جار بینراوە

كه‌مال چۆمانی

سەرۆکی حکومەت مەسروڕ بارزانی لە یەکەم رۆژی گرتنەبەری رێککارییەکان و سنوردارکردنی هاتوچۆ، خۆی لە خەڵک و حکومەت ونکردوە. دەڵێن لە سەری بڵندە، بەڵام سەرچاوەیەک پێی گوتم کە گەڕاوەتەوە دەڤەری بارزان و بەتەواوی خۆی بزرکردوە. سەرپەرشتیی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی کردوە لەڕێی ڤیدیۆ کۆنفرەنسەوە.
سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی کۆبونەوەی سەرۆکایەتیی کردوە. جێگری سەرۆکی حکومەت قوباد تاڵەبانی لەگەڵ پارێزگاکان و فراکسیۆنەکانی هێزە کوردییەکان لە بەغداد کۆبۆتەوە. پارێزگارەکان بەبەردەوامیی لە پارێزگا دەوامیان کردوە و سەرپەرشتیی کارەکانیان کردوە. بەشێک لە سەرۆک حیزب و وەزیر و بەرپرسانی دی ئاسایییانە کارەکانیان راپەڕاندون.
لە دونیا، کە رەوشی زۆربەیان لە هی هەرێمی کوردستان خراپتر بو، بە عێڕاقیشەوە، سەرۆک حکومەتەکان خەڵکیان جێنەهێشت. هەمومان رۆژانە سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد تڕامپ دەبینین لەگەڵ تیمی بەرەنگاربونەوەی کۆرۆناڤایرۆس وەڵامی رۆژنامەنوسان دەدەنەوە. تڕامپ تەمەنیشی لەوانەیە کە لە ڤایرۆسەکە بترسێت، نەک وەک مەسروڕ بارزانی کە تەنها ٥١ ساڵ تەمەنیەتی.
بەشێک لە بازاڕەکان کراونەتەوە. هاتوچۆ لەناو خەڵک دەستیپێکردۆتەوە. کرێکارەکان بە دوای کاردا دەگەڕێن. پارێزگاکان و ئەنجومەنی وەزیرانیش دەوامدەکات، ئەی سەرۆکی حکومەت لەکوێیە و بۆ خۆی ونکردوە؟
سەرکردەی باش و خراپ، کەم وا هەیە خۆی لە گەلەکەی دوربخاتەوە. ئەوانەشی خۆیان لە گەل دوردەخەنەوە، راستییەکانی ناو خەڵکیان پێناگات. دەورەبەرەکەشیان، زۆر کۆیلەئاسان، سەرکردەکە چی پێ خۆش بێت ئەوان ئەوەی پێ دەڵێن.
بارزانی دەیەوێت بەو خۆبەدورگرتنە کۆمی-تراجیکەی خۆی لە قەیرانەکان دوربخاتەوە و پێیوابو کاتێکی زو کێشەکان چارەسەردەبن تا رادەیەک، ئەوکات وەک “رزگارکەر” دەردەکەوێتەوە. ئەو زۆر موعجیبە بە خۆی، پێشیوایە دەبێ خەڵک وا پێی موعجیب بن. ئەو خۆی گەورە دەبینێت، نایەوێت لە بەرانبەر قەیرانەکاندا بچوک دەربکەوێت، بەڵام راکردن لە بەرپرسیارێتییەکان سەلماندی بارزانی چەند بێئیرادە و بێتوانایە لە بەرانبەر چارەسەرکردنی قەیرانەکان. سەرکردەی مەزن بەوە دەردەکەوێت کە چەندە دەتوانێت بەرپرسیارێتییەکان هەڵبگرێت و خۆشی بە بەرپرسیار بزانێت بەرانبەر کێشەکان.
ئێستا کوردستان کەوتۆتە قەیرانێکی دارایی سەخت کە لە مێژوی بیست ساڵی رابردودا، قەیرانی وای بە خۆیەوە نەبینیوە. حکومەت نەک ناتوانێت موچە بدات، بەڵکو وەک ٢٠١٤ ناتوانێت نیوە موچە و چارەکە موچەش بدات. خۆ ئەگەر بەغداد بەتەواوی بودجەی هەرێمی کوردستان ببڕێت بە هۆی سیاسەتەکانی بارزانیی و حکومەتی هەرێمەوە، ئەوا حکومەت بەتەواوی دەڕوخێت. خەڵک لە ماڵەکانەوە برسییە. کرێچییەکان ناتوانن کرێبدەن. سەدان هەزار بێکار هەن. قەیرانێکی قوڵی کۆمەڵایەتیی چاوەڕێی هەرێم دەکات کە ئەگەری هەیە رێژەی تاوان زۆر بەرزبێتەوە. کەچی بارزانی خۆی ونکردوە و لە بەرپرسیارێتییەکان را دەکات.
ئەوە سەرکردایەتیی نییە. ئەوە حوکمڕانیی نییە. بارزانی پێویستە بەڕونیی رایبگەیەنێت کە شکستیخواردوە لە حکومڕانییدا. ئەوە شکستی حوکمڕانییە نەک شکستی دابەزینی نرخی نەوت و بڕینی بودجە لەلایەن بەغدادەوە. ساڵێکە فێڵ لە بەغداد دەکرێت، دەبوایە چاوەڕێی رۆژێکی وا بکرابوایە و رێککەوتنی تر جێی رێککەوتنەکەی بۆ ٢٠٢٠ بگرتبایەوە. ئێستا کاتی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە، کاتی ئیعتیڕافکردنە بە شکست و رێککەوتنە لەگەڵ بەغداد بەر لەوەی خەڵک بە رێی خۆپیشاندان مافەکانی بسەنێتەوە، ئەمجارەیان پرسی برسێتییە نەک نیوەموچە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.