تیرۆریزمی خێڵ

لەلایەن ستاندار Posted on 224 جار بینراوە

هه‌وراز غازی

دە ساڵ بەسەر بێ شەرمانە ترین تیرۆری ڕۆژنامە نوس “سەردەشت عوسماندا ” تێدەپەڕێت ، بکەرانی ئەو کردە تیرۆریستیە نەک هەر لەناوماندا دەژین ،بەڵکو بەشێوازوو فۆڕمی جیاواز وەک پاڵەوان و سەرمەشقی کۆمەڵگا دەهێنرێنە پێشچاومان و ڕۆژانە بەرکەوتنیان لەگەڵ کۆمەڵگادا هەیە .

ئەگەر تیرۆریزم کردەیەکی تۆقێنەرانە بێت و لە کات و ساتێکی دیاری کراودا بۆ ئامانجێک ئەنجام بدرێت ، ئەوا تیرۆریزمی خێڵ کردەیەکە کە هەمیشە ئامادەگی هەیە و لەگەڵماندا ڕێدەکات ،تۆ ئەندامی ئەم خێڵ بیت ، یا یەکی دیکە ، لەناو خێڵ بیت یا لەدەرەوەیدا ، ئەو مەترسیەت لەسەر لانادات کە بەر تیرۆریزمی خێڵ نەکەویت ، وەلێ مەترسیەکە لەسەر ئەوانە گەورەتر دەبێتەوە کە لە دەرەوەی خێڵدا دەمێننەوە ،

چونکە لە بنەڕەتەوە خێڵ لەسەر ترسو تۆقاندن خۆی بینا دەکات ، وە بۆ ئەوەی خێڵ بەردەوام بێت و گەشە بکات ،دەبێت کردە تۆقێنەرەکانیشی بەردەوام بن و گەورەتر بکرێن ، ئەوە ئەو پڕۆسەیەیە کە لە هەناوی خێڵەوە دێت و دوبارە خێڵ بەرهەم دێنێتەوە .

کۆمەڵگای کوردی لەئاستە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکەیدا ،دابەش بووە بەسەر چەند خێڵێکی گەورە و بچووکدا ، ئەگەر لە ڕابردوودا خێڵ ڕەسەنایەتی خۆی لە ڕێگریدا دەدۆزیەوە ، ئەوا لە ئێستادا بە فۆڕمی نوێ هاتۆتەوە مەیدان ، خێڵ ئێستا هێزی چەکدار و کۆمپانیا و زانکۆی هەیە و خاوەنی دەزگای میدیایی یەو خەریکی توجارەتی نەوتە .

لایەنە هەرە مەترسی دارەکەی تیرۆریزمی خێڵ ئەوەیە ،کە دواتر بکەرانی وەک پاڵەوان دەهێنرێنەوە ناو کۆمەڵگاو لەلایەن کۆمەڵگاوە قبوڵ دەکرێن ، یاخود دروست تر لەلایەن تاکەکانی خێڵەوە پێشوازیان لێدەکرێت ، چون ئەو لۆژیکەی کە تاکی خێڵەکی دەجوڵێنێت هێزە ، تاکی خێڵەکی بە سروشتی خۆی ئەو کەسانەی خۆش دەوێت و لەلای ڕێز لێنراون ، کە لە پەیوەندیەکاندا هێز بەکار دەهێنێت ، ئەوە ئەو حەزە قوڵەی بون بە جەنگاوەر تێر دەکات ، کە لە نەستی تاکی خێڵەکیدا جێ دەگرێت .

تیرۆری “سەردەشت” تیرۆری ئیرادەیەکە کە بوونی خۆی لە دەرەوەی خێڵدا دەدۆزێتەوە ، ئیرادەیەک لەگەڵ ئەوەی کە دەزانێت ئەو ڕێگایەیی کە وەبەری گرتوە چ سەخت و دژوارە ، ئاخەر “سەردەشت ” پێش هەموان ئاگاداری ئەو سروشتە ناشیرن و تیرۆریستیەی خێڵە لەهەمبەر مامەڵە کردن لەگەڵ ڕوداوەکاندا ، ئەوەتا لە وتارێکیدا پێمان دەڵێت :‌‌‌‌

” نابێت لە جامانەى سور و گۆچانەكان بدەیت، ئەگەر هات و كەوتیتە هەڵه‌یەكى ئاواوە ئەوا ئەوانیش رێگەچارەى خۆیان هەیە كە زۆربەمان ئەزانین چین . ” کەچی سورە لەسەر ئەوەی فەشەلی خێڵ هاوتا لەگەڵ ئەو نا عەدالەتیە کۆمەڵایەتیەی کە هێناویەتی ، بداتە بەر باس و ڕابگەیەنێت .

لە داهاتوی نزیک و دووردا ئەو گیانبازیەی “سەردەشت ” دەبێت بە سروشت و ئیلهام بەخشی دروست بونی ئیرادەیەکی سەربەخۆ ،کە کۆتایی بەو تیرۆرو ناعەدالەتیە کۆمەڵایەتیە دەهێنێت کە خێڵ بەرهەمی هێناوە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.